سازان وەهاب
پرۆسەی پێكهێنانی كابینەی 9یەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان جۆرێك لە سستی پێوەیە و لەمێژووی حوكمڕانی هەرێمی كوردستاندا ئەزموونێكی دیكەیە لە جێكردنەوەی زۆرترین ئەجێندای لایەنە بەشداربووەكان، كە بڕیارە نۆیەمین كابینە بەڕێوەببەن و لە ئەولەوییەتەكانیشیاندا زۆرترین ئاماژە بۆ كابینەكە(چاكسازی)یە. چاكسازی لە كورتترین ناساندنیدا، بریتییە لە گۆڕین یاخود باشتركردنی ئەو كەلێن و كەموكوڕییانەی هەیە، كە هەموو لایەنەكان كۆكن لەسەر ئەم مەرجە، واتا چاكسازی ببێتە بنەمای سەرەكی بۆ هاوبەشی كردن لە حكومڕانی 4 ساڵی ئایندەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان. پرسیاری گرنگ ئەوەیە، ئەو مەرجانەی كە بۆ رووبەڕبوونەوەی گەندەڵی یاخود ئەو بەرنامانەی دانراون و رێككەوتنی لەسەر دەكرێ، چەندە بەدوای چارەسەر گەڕاوە؟ یاخود تەنیا ئەو مەرجانە بۆ وەرگرتنی پۆستی زیاترە؟ یاخود ئەو كاراكتەرانەی لە نێو پێكهاتەی كابینەكە دەبن توانا و ئیرادە و كەسایەتییان گونجاوە لەگەڵ ئەو دەنگۆیانەی كە باس لە چاكسازی دەكەن؟ ئەمانە پرسیارن، راستە خەڵكی هەرێمی كوردستان ئێستا چاوی لەسەر ئەو هەواڵ و بابەتانەیە كە پەیوەستە بە واژووكردنی رێككەوتنی نێوان لایەنەكان، بەڵام پرسیاری زۆر جەوهەری لە نێو خەڵك راستكردنەوەی ئەو دۆخەیە كە لە ئەنجامی حكومەتی فرە پێكهاتەیی یاخود لە ئەنجامی نەبوونی بەرپرسیاریەتی پێویست هاتۆتە ئاراوە، دەكرێ ئەمجارەیش هەمان ئەو دۆخانە دروست بێتەوە و چاكسازی وەك كارتێكی موزایەدەی لایەنەكان بن، كە زۆرجار رێگرییان لە پرۆژەی گرنگی چاكسازی كردووە، ئاخۆ ئەو لایەنانەی بەناوی بەشداریكردنی راستەقینە روو لە حزبی یەكەم دەكەن، ئامانجی سەرەكییان چاكتركردنە یاخود چاكتركردنی پێگەی حزبی و كەسێتییەكانە لە ناو حكومەت؟ 4 ساڵ لەڕووی كاتەوە نە هێندە زۆرە، متمانە بەو هەموو پرۆژە چاكسازییانە بكەین، نەهێندە كەمیشە بێ هیوا بین لە هەنگاوەكانی چاكسازی، بەڵام ئەوەی زۆر گرنگە، پیادەكردنی ئەو پرۆژانەیە كە ئێستا بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەت پێداگری لەسەر دەكرێت و بووەتە مەرجی بەشداریكردنی ئەو لایەنانەی دەیانەوێ وەك دەرفەتێك بەسەریدا زاڵبن. مادام چاكسازی مەرجە بۆ هەموویان و یەكێكە لەخاڵە گرنگەكان و دەخوازن لە هەموو سێكتەرەكان كاری لەسەر بكەن، پێویستە ئەو كاراكتەرانەی رۆڵیان پێدەدەن لە كابینەی نوێ خاوەن ئیرادەیەك بن یاخود توانایان هەبێ بۆ پیادەكردنی ئەو هەنگاو و بەرنامانەی كە بەنووسین و بە قسە هیوابەخشن، خۆ ئەگەریش ئەم دەرفەتە لە دەستبدرێ، پێش ئەوەی خەڵكی كوردستان زیانمەند بێت و كاریگەری لەسەریان دروست بكات، ئەوا حزبەكان باجی ئەو بەڵێنانە دەدەن كە بە خەڵكیان داوە و ئومێدی گەورەیان بۆ دروستكردوون.









