هاوار مورتكەیی
بەر لەكۆتایی هاتنی وەرزی لالیگا بە 3 جەولە، یانەی بەرشلۆنە توانی بۆ دووەم وەرز لەسەر یەكتری نازناوی خولی ئیسپانی 2018- 2019 بەدەست بهێنێت، كە ئەمەش 26ـەمین جارە لەمێژوویدا ئەم نازناوە بباتەوە، كە 7 نازناوی ماوە بگاتە ریال مەدرید.
بەرشلۆنە لە قۆناغی 35ی لالیگادا رووبەڕووی یانەی لیڤانتی بۆوە، سێ خاڵی ئەو یارییە بەس بوو بۆ ئەوەی بەرشلۆنە نازناوەكە لەبەرژەوەندی خۆی یەكلایی بكاتەوە، بەڵام لەگێمی یەكەمدا بەبێ مێسی نەیانتوانی گۆڵێك تۆماربكەن، لەگێمی دووەم كە مێسی بەشداری كرد توانی لە خولەكی 62 تاكە گۆڵی یارییەكە تۆماربكات و دواجار لەگەڵ فیكەی ناوبژیوان ئاهەنگی بەدەستهینانی نازناوەكەیان گێڕا و جامەكەیان لەكامپ نوو بەرزكردەوە.
یەدەستهێنانی ئەم نازناوەش، بۆ مێسی تایبەتمەندی خۆی هەیە، كە دەبێتە یەكەمین یاریزان لە مێژووی یانەی بەرشلۆنەدا نازناوی لالیگا بۆ 10ـەمین جار لەگەڵ یانەكەی بباتەوە.
ئەگەرچی هێشتا لالیگا 3 جەولەی یاریی ماوە، بەڵام ڤالڤێردی و بەرشلۆنە بەهێنانەدەی ئامانجەكەیان ئەركیان لە لالیگا كۆتایی هات و لەمەودا سەرنجی خۆیان دەخەنە سەر هەردوو پاڵەوانێتی جامی شای ئیسپانیا و خولی یانە پاڵەوانەكانی ئەورووپا.









