خهبات: كەیفی ئەحمەد
پێش چل رۆژ لە درەنگانێكی سەر لە ئێوارە هەورێكی رەشی خنكێنەر لەسەر لوتكەی چیای باواجی بەدیار كەوت و وردە وردە بۆ سەر شار هات ، تا ئاسمانی شاری كۆیەی داگیركرد، خەڵكی شار هەستیان بە تەنگە نەفەسیی و دڵەڕاوكێ دەكرد، دەنگی گریان تێكەڵ بە دەنگی ئاهەنگی فلوت و نەی و بلوێر بوو، دەنگی ئەو ئاهەنگە لای خەڵكی شار ئاشنا بوو، یەك بە یەكی دەوت ئەرێ ئەوە دەنگی ئامێرەكانی مامۆستای گەورەمان نییە، ئەرێ بۆچی تێكەڵ بەو دەنگی گریانە بووە، تا لەپڕ هەواڵە تۆقێنەرەكە گوێی هەموومانی كەڕ كردو هەموانی تەزاند، گوتیان رۆحی مامۆستا لە شەقەی باڵیدا و خەڵك و شاری جێهێشت، ئیدی بەو شەوە ساردە لەگشت شەقام و كۆڵانەكانی شار بووە گریان و رۆڕۆ، بەڵێ ئەوە رۆژی ماڵ ئاوایی و كۆچی دوایی مامۆستا سەردار ئەحمەدی هونەرمەندی گەورەی كوردستان بوو، كە هەموو كۆیە و كوردستانی تاساند.
بۆ رێزگرتن لە ماندووبوون داهێنانەكانی مامۆستا، مەراسیمێكی شایستە بۆ چلەی ماتەمینییەكەی لەماوەی دوو رۆژدا رێكخرا، رۆژی یەكەم تایبەتبوو بە پەیمانگەی هونەرەجوانەكانی شەهید جەعفەر، كە چەند چالاكییەكی دانانی چەپكە گوڵی رێز و واتار خوێندنەوە و شیعر و موزیك و گۆرانی و لاواندنەوە بۆ كۆچكردوو پێشكەشكران، رۆژی دووەمیش سەر لە بەیانی لەسەر گلكۆی مامۆستا سەردار مەراسیمێك رێكخرا كە بەدانانی دەیان چەپكەگول دەستیپێكرد، پاشان وتاری تیپی باواجی و چەند هۆنراوە و پارچەموزیكێك پێشكەشكران، پاش نیوەڕۆی هەمان رۆژیش لە هۆڵی سەرۆكایەتی زانكۆی كۆیە مەراسیمێكی بەرفراوان بە ئامادەبوونی مێوانانی ناوەوە و شارەكانی دیكەی كوردستا رێكخرا، كە چەند چالاكی جۆراو جۆر پێكەشكران .شایانی باسە مامۆستا سەردار كەسیایەتیی و مامۆستا و هونەرمەندێكی دیاری كۆیە و كورددستان بوو، ئەو زیاتر لە نیو سەدە خزمەتی هونەر و پەروەردەی كردووە، جێ پەنجەی لە هەردوو بوارەكەدا بە زەقی دیارە، چەندین كەسی پێگەیاندووە و بوونەتە هونەرمەند و مامۆستای دیاری نێو بواری هونەر، دەستەی دامەزرێنەری تیپی مۆسیقای باواجی كۆیە بووە.









