غازی حەسەن
لە 25 ی نیسانی 2019جۆ بایدنی جێگری پێشووی سەرۆكی ئەمەریكا ئۆباما رایگەیاند بەشداری ركابەری هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی دەكات، ئەم تویتەی بایدن بۆتە سەرە مانشێتی ڕاگەیاندەكانی ئەمەریكا و جیهان. بایدن لە ساڵی 1988 و دواتریش لە ساڵی 2016 دەیویست چانسی خۆی لەم بوارە تاقی بكاتەوە، بەڵام لە كاتی خۆ ئامادەكردنی بۆ ركابەرایەتی ترەمپ، بەهۆی گیان لەدەستدانی كوڕەكەی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە، بیرۆكەی ركابەرایەتی وازلێهێنا. ئەم جارە دەیەوێت وەكو دیموكراتێكی میانڕەو بەشداری ململانێی هەڵبژاردن بۆ سەرۆكایەتی بكات.
بایدنی رەخنەگر
ترەمپ لە یەكەمین بروسكە گوتاریدا، گوتی” پیاوە سستە خەوگرتووەكە بەخێر بێی بۆ ركابەرایەتی سەرۆكایەتی”. لە هەمان كاتدا بایدن رەخنەی توند لە سیاسەتی ترەمپ لەبارەی ئاژاوە لەنێوان سپییە ڕەگەزپەرەستەكان و پێكهاتەكانی دیكە دەگرێت، بایدن تەمەنێكی درێژی لەنێو سیاسەتدا بەڕێ كردووە. پتر لە سی ساڵە ئەندامی كۆنگرێسە و هەشت ساڵیش جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بووە. خاوەنی بیرۆكە و پڕۆژەی سیاسی بەرچاوە لەنێو ئەمەریكادا. پێش ئەوەی ركابەرایەتی ترەمپ و هەروەها كاندێدەكانی دیموكراتەكان بۆ سەرۆكایەتی بكات، پێویستە لە ململانێ و ڕكابەریەكی هەقیقی و راستەقینەی توندا، لەنێو خودی حزبی دیموكراتدا ڕكابەرەكانی دیكە ببەزێنێت.ئەمە سیستەمی خۆ كاندێدكردنە لە ئەمەریكا.
راگەیاندنەكانی نێو ئەمەریكا بە شێوازی جودا باسی هەواڵی خۆ كاندێدكردنی جۆ بادین دەكەن، كە خاوەنی بیرۆكەی دابەشكردنی یوگوسلافیا و عێراقە لەپێناو كۆتایی پێهێانی كێشە بنەڕەتییە درێژخایەن و سیاسەتی ڕەگەزپەرستی.
بایدن و دۆسیەی كەشوهەوا
لە گۆڤاری نیوزویك ،دانیال موریتز رابسون لە 25 ی نیسان دەڵێت ” چالاكوانانی ژینگە داوا دەكەن بایدن پابەستی چارەسەری كێشەی كەشوهەوا بێت”. لای هەندێك ئەم مەسەلەیە گرنگ نییە، بەڵام بەپێی راپرسییەكان دەركەوتووە هەر كەسێك خۆی بۆ سەرۆكایەتی ئەمەریكا كاندێد بكات پێویستە بەرنامەی تایبەتی بۆ چارەسەری كێشەی ژینگە و گۆڕانی كەشوهەوا هەبێت. بایدن ساڵی 1986پڕۆژەیەكی بڕیار لێ نەدراوی لەم بارەوە پێشكەشی كۆنگرێس كردبوو، پێی وایە گۆڕانی كەشوهەوا هەڕەشەیەكی راستەقینەیە و لە هەڕەشەی ئاسایش گەورەترە. هەر یەكێك كار بۆ پاك كردنەوەی ژینگە بكات، نابێت هاوكاری دارایی لە سەرچاوە سەرەكییە گەورەكانی پیس بوونی ژینگە وەرگرێت. بۆ هەندێك بەرنامەی ژینگەپارێزیان وەكو یەكێك لە خاڵە گرنگەكانی هەڵبژاردن لا گرنگە، چونكە ڕاپرسییەكان ئاماژەیان بەوە كردووە لە 43% ئەمەریكییەكان هەوای پیس بوو بەكاردەهێنن، هەروەها گۆڕانی كەشوهەوا پێویستی بە زانیاری و لێزانین هەیە. 73% ی ئەمەریكییەكان دەزانن كەشوهەوا گۆڕاوە، 44% یش زۆر لە دیاردەی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما نیگەرانن، 45% یش بڕوایان وایە گەرمبوونی دونیا مەترسی لەسەر ژیانیان دروست دەكات. بۆیە شارەزایانی سیاسی پێیان وایە بایدن پێویستی بە بەرنامەیەكی ڕوون و بەهێز بۆ چارەسەری ژینگە و كەشوهەوای جیهان هەیە. لە 53% ی دەنگدەرانی ئەمەریكا لە نۆڤێمبەری 2018 پێیان وابووە، گۆڕانی كەشوهەوا جێگەی بایەخە و وابەستەی دەنگدانیشە.
ترامپ و كۆمەڵێك رەخنە
ترەمپ لە دوو ساڵی رابردوودا زۆرترین هێرشی ڕاگەیاندنی دژ پیادەكراوە، رەخنەی زۆری لە هەمبەر سیاسەتی توندڕەوی پەرەپێدانی گیانی ڕەگەزپەرستی لایەنگیری سپییە توندڕەوەكانی لێ دەگیرێت. نینا بورلەیگ لە نیوزویكدا دەپرسێت : ترەمپ چۆن كارتی نەژادی سپییەكانی بەكارهێنا، هەروەها چۆنیەتی ڕاستكردنەوەی پارتی دیموكرات گرنگە، خەڵك لە سیاسەتی دروستكردنی دیوار بێزار بووە، ترەمپ دۆخی حزبەكەی لە كۆنگرێس گەیاندە نزیك لە داتەپین. دیوارەكە هێندە پەیوەندی بە سیاسەت و ئاسایشەوە نییە، هێندەی پەیوەستە بە سیاسەتكردن و سیمبول بوونەوە. ئەمەش هەمووی لەژێر نێوی شەڕی شەرعیەت دان بۆ ڕاگرتنی كۆچی نایاسایی دەكرێت”. دروستكردنی دیوار و كەمكردنەوەی ڕێژەی تاوان لە ناوچە سنووریەكانی لەگەڵ مەكسیك حكوومەتی بۆ ماوەیەك داخست. كێشەی دەستێوەردانی ڕوسیا لە ئەنجامی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكایەتی ئەمەریكا گرفتێكی دیكەی ترەمپە. لایەنگیری لە سعودییە و كێشەی پەیوەندییەكانیان لەگەڵ توركیا و دواڕۆژی سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی یەكێكە لە خاڵە دیارەكانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا. ئێران وەكو خاڵێكی دیكەی بەهێزی هەڵبژاردنی سەرۆكایەتی لە 2020 سەیر دەكرێت.جۆ بایدن پێویستە بەرنامەیەكی ڕوونی لە بارەی بیمەی تەندروستی و ئابووری و پەروەردە و كۆچ و كۆچبەران و كاروباری دەرەوە و چەك بەكارهێنان لەنێو ئەمەریكا هەبێت.بۆیە چۆنیەتی مامەڵەكردن لەگەڵ مەسەلەی ڕەگەز و نەژاد هۆكارێكی دیكەی بەرنامەكانی هەڵبژاردنە. دیموكراتەكان بە گشتی بە شێوەیەكی جیاوازتر لە كۆمارییەكان بایەخ بە نەژاد دەدەن، لەسەر ئەو ڕێچكەیەش ئۆباما وەكو یەكەمین سەرۆكی ڕەشپێست لە ئەمەریكا و هیلاری كلنتن هەڵبژێردران. نابێت لە بیری بكەین ڕەگەز نێر و مێ، هەروەها تەمەن و چینەكانی نێو كۆمەڵگاش بایەخی تایبەتیان لە هەڵبژاردن هەیە.
ئەم هەڵبژارنە جیاواز دەبێ
نیكۆل گودكیند لە دێلی نیوز دەنووسێت: ساڵی 2020جۆ بایدن ڕكابەرایەتی ترەمپ دەكات. ئەم هەڵبژاردنە جیاواز دەبێت لەوانی دیكە، كاندێدەكە لە بەشی هەرە سەرەوەی پێكهاتەی سیاسییە، بایدن هەشت ساڵ جێگری سەرۆك بووە، كەسانی باڵا دەناسێت. كێشەی بایدن ئەوەیە لە دوو هەڵمەتی دیكە سەركەوتوو نەبووە، چۆن ئەو گرفتەكانی تێ دەپەڕێنێت؟. نوێنەری كۆمارییەكان مایك ئاهرینز، بەرێوەبەری پەیوەندییەكانی لیژنەی نیشتیمانی لە حزبی كۆماری گوتوویەتی ” بایدن دەچێتە نێو ڕكابەری سەرۆكایەتی، كە لە هەشتاكانەوە دەدۆڕێت، لە 2020یش هەر وەكو پێشوو دەبێت”. لە ڕۆژنامەی واشنت پۆستیشدا ڕۆل ئیفانز و ڕۆبەرت نۆڤاك كە نزیكی بایدنن گوتیانە “بایدن گرفتی لە ئیدارە هەیە، پێشیان وایە ئەو كاندێدێكی دروستكراوە و هیچی دیكە نا “. لە دیلی نیوزیشدا ئێس ئی كوپ دەڵێت ” بەخێر بێی بۆ ڕكابەری سەرۆكایەتی، جۆ حزبەكەت و ملیۆنان دەنگدەرتان لەبیركردووە”.
چەپڕەوە تازەكان
كێشەی چەپڕەوە نوێیەكان گرفتێكی دیكە بایدن دەبێت، چونكە ئەمانە لە ڕووی زانستی بۆماوەیی پێیان وایە تەمەن كاریگەری هەیە و نایانەوێت كاندێدی دیموكراتەكان كەسێكی بەتەمەن و سپییەكی لە بیركردنەوە بەسەرچوو بێت. ئایا جۆ بایدن دەتوانێت پێگە و سیاسەت و كاریگەرییەكانی ترەمپ لەنێو كۆمەڵگەی سپی پێستی نێو ئەمەریكا لەپێناو خۆی بەكاربهێنێت، كە “بایدن لە باپیرەیەكی سپی و سەر بە ڕۆشنبیریی سپی پێستەكانە. كوپ دەڵێت : پێویستە بایدن بگۆڕێت. فرانك برۆنی لە ڕۆژنامەی نیویۆرك تایمز دەڵێت “جۆ بایدن 45 ساڵە لە واشنتن كار دەكات، ناوێكی گونجاوە، بەڵام وشەیەكی پیسە لە سیاسەتی سەرۆكایەتی و ریكۆردەكەشی یاسا و ئەو ڕەخنانە دەگرێتەوە، كە دژی گوتراون، لەلایەن ئافرەت و ڕەش پێستەكانەوە. ئەمەش بەشێكە لە جەنگەكانی حزبی دیموكرات.هەروەها نووسەر ساڵی كون لە یو ئێس تودەی دەڵێت : بایدن دیموكراتێكی شێواز كۆنە و خەڵكی ویلایەتی دیلاوێرە. بایدن لەلایەن پێشكەوتنخوازەكانەوە پاڵشتی ناكرێت، چونكە كێشەی لەگەڵ چارەسەری نەهێشتنی چەك و یاسای توندوتیژی دژ ئافرەت و یەكسانی هاوسەری هاورەگەزەكان هەیە. گوتمان چەپەكان لایەنگیری بایدن ناكەن، بۆیە ئەو پتر بەلای میانڕەو و سەربەخۆكاندا دەشكێنێتەوە.
ترامپ دیاردەیەكی تازەیە
من پێم وایە ترەمپ هەرچەندە پەیوەندییەكی زۆر خراپی لەگەڵ ڕاگەیاندن هەیەو بەردەوام ڕەخنەی لێ دەگیرێت، بەڵام دوور نییە لەپێناو جارێكی دیكە وەرگرتنەوەی متمانەی دەنگدەر “ئێران و هەڕەشە و مەترسییەكانی ئێران” سنووردار بكات، تەنیا دوور نییە هێرش بكاتە سەر كلك و ئەو هێزانەی سەر بە ئێرانن لە دەرەوەی ئێران و لێدانی بنكەكانی چەكی ئەتۆمی و هاندانی خەڵك بۆ خۆپیشاندان و داڕماندنی پتری دارایی ئێران. هەنگاوی پتر لەگەڵ كۆریا بۆ چارەسەری كێشەكان و چارەسەری كێشەی بازرگانی لەگەڵ چین دەنێت. لە ناوەخۆی ئەمەریكاشدا پتر كار دەكات متمانەی دەنگدەری سپی پەیدا بكات و گەشە بە گەشەكردنی ئابووری لەناوەخۆ بدات. سیاسەتی ڕاگرتنی كۆچ بۆ ئەمەریكا پەرە پێ دەدات.ترەمپ دیاردەیەكی نوێی سەركردایەتییە لە ئەمەریكا، لەهەمان كاتدا جۆ بایدن ئەگەر متمانەی دیموكراتەكان بەدەست بهێنێت، هیچ دوور نییە لەڕێگەی بەرنامەیەكی نوێی دیموكراتەكان بتوانێت ڕكابەرایەتی ترەمپ بكات، وەكو چۆن لە كۆنگریس و ئەنجوومەنی پیران ئەمجارە دیموكراتەكان بەهۆی ئەو ڕەخنانەی لە شێواز و بیركردنەوەی ترەمپ دەگیرا جۆرێك لە هەڵسانەوەیان بەدەستهێنا لە مەسەلەی سەرۆكایەتیشدا هەمان ئەنجام بەدەست بهێننەوە. بۆ كورد دەرچوونی جۆ بادین دوور نییە ببێتە هۆكارێكی بەهێز بۆ بەدیهێنانی خەونی گەورە و دەستكەوتی ستراتیژی فراوان.كاتی ئەوە هاتووە دەنگدەری دیموكراتەكان لەخۆیان بپرسن ئایا دەیانەوێت ڕەخنە بگرن، یان لەهەڵبژاردنی سەرۆكایەتی ئەمەریكا ببەنەوە.









