دڵشاد میراودەلی
ئەوەی لەدوای مرۆڤ جێ دەمێنێت تەنها یادگاری مایەكی و واتاییە، بارزانی ئەو مرۆڤە ئازا و لەخۆ بردوو و چاونەترس و نیشتمان پەروەر و شۆڕشگێرە و یەكسانی خوازە و كۆلنەدەرە بوو، كە هەر شتێك لەبارەی خەباتی ئەو زاتە بڵێی ناتوانی مافی تەواوی خۆی بدەیتێ، باسكردن لە خەباتی ئەو زاتە گەورەیە كەمكردنەوە نییە لە خەبات و رەنج و هەستی نیشتمانی كەسانی تر، هەروەهاپێشێل كردنی مافی كەسیش نییە، چونكە كە لە سەركردەكانی وەك شیخ سەعیدی پیران و شیخ عەبدوڵڵای نەهری و شیخ محمودی نەمر و پیشەوا قازی محمد و بارزانیی نەمر، كە هەموویان لەنێو كوردان هەڵكەوتن و بەشێكی تەواون لە مێژووی پر سەروەری گەلی كوردستان.
خەبات و فیكری بارزانیش هەم خەباتەكەی گەورەیە و پر بەپێستی نیشتمان بووە و هەمیش بۆ دوژمنانی سەلماندووە كە كورد شیاوی زۆرترە لەوەی دەیبینین. دەیان نموونەی دەرەوجیهانیش هەن كە لێرە جێگەیان نابێتەوە، فیكر و رێبازی بارزانی بۆ سەردەمەكەی خۆی و بۆ ئیستەیش زۆر دەسازێت و زۆربەی چەمكە جوانەكانی ژیان لە وتە بەنرخەكانی بارزانیی نەمردا وتراون و ئیشیان لەسەر كراوە بۆكاری حزبی و رێكخراوەیی هەوێنی كاری ڕاستەقینەن. لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بكەین كە بەتێڕوانینی نەك هەر ئەندامانی پارتی، بەڵكو دەرەوەی پارتیش، بارزانی بەتەنها موڵكی حزبێك و لایەنێك نییە، چونكە ئاڵای كوردستان و خەباتەكەی و قسەی گەورە پیاوانی غەیرە كوردیش گەواهیدەری ئەو راستییەن، هەموو كورد و هەر شۆڕشگێڕ و نیشتمان پەروەرێك لە جیهاندا شانازی بە بارزانیی نەمر و خەبات و شۆڕش و بەرخودانی بارزانیی نەمر دەكات. بۆیە ئێمەش وەكو كورد لەهەرچوار پارچەی كوردستان، شانازی بە هەوڵ و كۆشش و خەبات و بەرخودان و قوربانیدانی بارزانیی نەمر و هەڤاڵەكانی دەكەین و ساڵانە لە یادی نەمراندا گوڵی وەفا و دڵسۆزی و بۆ گڵكۆی نەمران دەبەین.









