خەبات: ساسان دەروێش/زانیار سەردار
لە یادی 28مین ساڵەی داستانی كۆڕێ، رۆژی 13/4/2019 لە شارۆچكەی كۆڕێ، مەراسیمێكی شایستە بەو یاد و داستانە مەزنە، لەلایەن هەیئەی گشتیی رێكخستنی پێشمەرگە و لەژێر چاودێری یەكەی 80ی پێشمەرگە، بە ئامادەبوونی سەدان بەرپرسی حزبی و حوكمی و پێشمەرگە و كەسایەتیی سیاسی و رۆشنبیر، بەڕێوەچوو.
داستانی مەزنی كۆڕێ لە 9/4/1991 بە سەرپەرشتی سەرۆك بارزانی دەستیپێكرد و لە 12/4/1991 سەركەوتنی یەكجارەكی تۆماركرد، بەهۆی ئەو داستانەوە جارێكی دیكە ئیرادەی مانەوە و بەرخودانی كوردستان سەركەوت، لە كۆڕێ، پێشمەرگە چەقی و هێزی داگیركاری پڕ چەكی وەستاند و لووتی ئەو هێزەی شكاند كە بۆ داگیركردنی سەرجەم ناوچەكانی كوردستان لەشكركێشیان كرد. لە كۆڕێ، پێشمەرگە بە دەنگی بەرز هاواری كرد كوردستان یان نەمان.
مەراسیمەكە لەلایەن هەردوو بێژەرانی دەنگی كوردستان، كامەران خەفاف، نەرمین سندی، بەڕێوەچوو، سەرەتا بە خولەكێك وەستان بۆ رێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدان و بە مارشی نەتەوەیی ئەی رەقیب دەستیپێكرد. پاشان لیوا حەسەن نووری، بەرپرسی هەیئەی گشتیی رێكخستنی پێشمەرگە بەخێرهاتنی میوانەكانی كرد. هەروەها نەجات عەلی، فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 80ی پێشمەرگە وتارێكی پێشكەشكرد، هەروەها چەند چالاكییەكی هونەری و رۆشنبیری و ئەدەبی پیێشكەشكران، شاعیران، قادر قاچاغ و رزگار كێسەیی شیعریان بۆ پێشمەرگە و داستانەكە پێشكەشكرد و دواتر لەلایەن تیپی مۆسیقا و هونەرمەندان لالۆ رەنجدەر، نووری گەرمیانی، هێمن، ساوین و سابات، جۆشوخرۆشێكی زۆریان بە ئاهەنگەكە بەخشی، مەراسیمەكە لەنێو گۆرانی و هەڵپەڕكێ تا ئێوارەیەكی درەنگانی خایاند، هەر لە مەیدانی داستانەكە و نێو چیای كۆڕێ كۆمەڵێك لە تێكۆشەران و پێشمەرگە بۆ خەبات قسەیان كرد:
هێزی پێشمەرگە فیداكاری كرد
عومەر عوسمان مێرگەسوری، بەشداربووی داستانەكە، گوتی: شەڕی یەكەم لە كۆڕێ دەستیپێكرد، هەڤاڵان حەمید ئەفەندی و دكتۆر سەعید و حالی دۆڵەمەڕی و عومەر عوسمان و خالید ئاژگەیی، لە شوێنی ئەو تانكانەی ئێستا داندراون، لەسەر سەكۆیەكە لەوێ وەستابوون، هێزی پێشمەرگە ژمارەیان زۆر نەبوو، هەمووی نەدەگەیشتنە پەنجا كەسێك، رەنگە لە عەقڵدا دوور بێت كە پەنجا كەس بتوانن لیوایەكی سوپای عێراق لە پێشڕەویدا بە تانك و زرێپۆش بشكێنن، بەڵام ئەمە حەقیقەتێكە و من لەسەر وتەكەی خۆم بەرپرسم، ئەگەر بەدوای سوپاكە بڕۆیشتاینایە تاوەكو پیرمام، رژێم هەموو دەزگاكانیان بەجێدەهێشت و رایان دەكرد، بۆیە دەڵێم: هێزی زۆر و زەوەند مەرج نییە، فیداكاری گرنگە.
دوای ئەوەی ئەو هێزانەی سوپای عێراق شكان و پاشەكشەیان كرد، بۆ دیوی نێوان پیرمام و كۆڕێ، برادەرانی بەرەی كوردستانی، ژمارەیەك لەو لاوە پەیدابوون، هەروەها ئەو وتارەی لە دەڤەری سۆران سەرۆك بارزانی پێشكەشی كرد، وتەكانی زۆر فیداكارانە بوون و كەسانێكی خاوەن غیرەت و بڕیاری خۆڕاگری و فیداكاریان دابوو.
داستانی كۆڕێ تەنیا سەركەوتنێكی سەربازی نەبوو
نەجات عەلی، فەرماندەی هێزەكانی یەكەی 80ی پێشمەرگە لە وتارێكیدا بۆ مەراسیمەكە، ئاماژەی بەوەدا ئەم داستانە، تەنها سەركەوتنێكی سەربازی نەبوو، بەڵكوو گۆڕانكارییەكی گەورەی بەسەر هاوكێشە سیاسییەكانیشدا هێنا و بوو بە مایەی ئەوەی كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بە دەنگ بێنێت، سەبارەت بەو هێرشە و پەلامارانەی دەوڵەتی عێراق، لەوكاتەدا كە دەیكردە سەر گەلی كوردستان، داستانی كۆڕێ لە مێژووی خەباتی بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی كوردستاندا قۆناغ و رووداوێكی مێژووخوڵقین بوو، بووە مایەی وەرچەرخانێكی گەورە و پێگە و دۆزی كوردی بردە بۆ ئاستێكی سەرووتر، دەكرێت بڵێین دەستكەوتە نەتەوەییەكانی ئەمڕۆمان بەرهەمی ئەو داستانانەن كە لەشكری شۆڕشگێڕی كوردستان بە درێژایی مێژوو بەدەستیهێناون لە بەرانبەر داگیركەرانی كوردستان و لە ناویاندا داستانی كۆڕێ كە بە خوێن و قارەمانییەتی چەندین فەرماندە و پێشمەرگە ئەم سەركەوتنەیان بۆ خۆیان و بۆ گەلەكەیان تۆمار كرد.
لێرەوە بڕیاری بەرگریكردن
لە كوردستان درا
لیوا حەسەن نووری، بەرپرسی هەیئەی گشتی رێكخستنی پێشمەرگە، گوتی: لە راپەڕینی ساڵی 1991 ئێمە پێشمەرگە بووین لە سنووری سۆران، ئەو كاتە هێرشی پێچەوانەی رژێمی بەعس دەستیپێكرد، خەڵكی كوردستان ناچار بوون لەبەر بۆردوومانی چڕ دوژمن خۆیی بكێشێتەوە بۆ قەزای سۆران لەوێدا سەرۆك بارزانی كۆڕێكی بۆ جەماوەر سازدا، من ئامادەبووم، جەنابیان گوتی: سەرهەڵدانی خۆڕسكی نەتەوەیەك بۆ مافە ڕەواكانیان ڕەوایە و پیرۆزە، من چیتر ژیانی ئاوارەیی نە بۆ خۆم و نەتەوەكەم قبووڵ ناكەم، ئەوە من لەگەڵ پێشمەرگەكاندا دەچم بەرپەرچیان دەدەمەوە، دەبێ ئێمە بەرگری بكەین، ئەمەش بووە هۆی هیوا و ئومێدبەخشین بۆ جەماوەر، پێشمەرگەش هاتن سەنگەریان قایم كرد و لە كۆڕێ خۆیان سازدا بۆ بەرگریكردن و گیانبەخشین، ئا لێرەوە بڕیاری بەرگریكردن لە كوردستان درا و ئەم سەروەریەی ئەمڕۆیی پێ تۆمار كرا كە 28 ساڵ تێدەپەڕێت بەسەریدا.
داستانی كۆڕێ سنووری بۆ لەشكركێشی رژێمی بەعس دانا
لیوا ئازاد حەوێزی، داستانی كۆڕێ، گوتی: ئەم داستانە مەزنە وەرچارخانێكی سیاسی و سەربازی گەورە بوو لە مێژووی بزاڤی رزگاریخوازیی كورددا، لە ناوەوەی عێراق و جیهان بۆ ئەم رۆژە مێژووییە هاتنە دەنگ، لە ئەنجامی ئەو بەرگرییە قارەمانانەی پێشمەرگە بە سەركردایەتیی سەرۆك بارزانی لە كۆڕێ هاوكێشەی سیاسی گۆڕی، لە عێراق و رژێمی ناچاركرد پەنا بۆ گفتوگۆ ببات، لە كاتێكدا گەلەكەمان تووشی كۆچڕەوێكی ملیۆنی بۆوە، بۆیە پێشمەرگە قارەمانەكان بەرگری گەورە بكەن و لەشكری رژێم بشكێنن و جیهان هاتنە دەنگ لە رێی پێشنیاری فەرەنسا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی كە كۆدەنگی دروستكرد، بۆ پاراستنی گەلی كوردستان لە عێراق و دانانی سنوورێك بۆ رژێمی بەعس كە بڕیاری 688 بوو ئەم بەرگرییەی ئەو بڕیارەی ئەنجوومەنی ئاسایشی دڵنیایی و ئارامی گەڕانەوە بۆ گەلی كوردستان.
ئەم داستانە لە مێژوودا
لە یاد ناكرێت
دكتۆر شەماڵ ئەحمەد قادر منوەر، سەرپەرشتیاری مەراسیمەكە گوتی: ئێمە وەك مەكتەبی رێكخستنی پێشمەرگە بە سەرپەرشتی یەكەی 80ی هێزی پێشمەرگە، هەستاوین بە سازدانی ئەم مەراسیمە كە لە ساڵی 1991 داپێشمەرگەی قارەمانی كوردستان بە سەرپەرشتی جەنابی سەرۆك بارزانی داستانێكی كەم وێنەیان تۆمار كرد، ئەم داستانە لە مێژوودا لە یاد ناكرێت، حكوومەتی عێراق بەنیاز بوو جارێكی تر هەموو كوردستان داگیر بكاتەوە، بەڵام پێشمەرگەی كوردستان بەرگریەكی زۆر بەهێزیان كرد و توانیان رژێمی عێراق بوەستێنن، ئەمڕۆش كە ئەم یادە بەرز و پیرۆز ڕادەگرین بۆ ئەوەیە نەوەی ئێستا بزانن كە ئازادیی ئەمڕۆ بە سانایی بە دەست نەهاتووە، بە رەنج و ماندووبوون و خوێنی پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان، كۆشكی ئارامی و ئاسایش دورستكراوە.
چیتر قبووڵ ناكەین خاكی كوردستان بە سوتماك بكرێت
عەمید بیستوون عوسمان مام یەحیا، سەبارەت بە داستانی كۆڕێ، گوتی: داستانی كۆڕێ یەكێكە لە چەندەها داستانی قارەمانێتی پێشمەرگە كە بە خوێنی گەشیان لە بەرانبەر دوژمناندا تۆماریان كردووە، لەم داستانەدا پێشمەرگە بە دەست و بازووی خۆی بەری بە دوژمن گرت و پێیان گوتن ئیتر بەسە زوڵم و ستەم و كوشتن و بڕین و ئاوارەیی و دەربەدەری لە خاك و وڵاتی خۆمان، چیتر قبوڵی ناكەین خاكمان بە سوتماك بكرێت.
داستانی كۆڕێ بووە هۆی ئەوەی پێشمەرگە بڕیاری بەرگری بدات
عەمید عومەر ئاژگەیی، باسی لە رۆڵی مامی كرد و گوتی: شەهید خالید ئاژگەیی یەكێك بوو لە فەرماندەكانی داستانی كۆڕێ و بەشداربوویەكی سەرەكی بووە و رۆڵی گەرەی تێدا گێڕاوە و شانبەشانی هێزەكانی دیكەی پێشمەرگەی كوردستان. لەو كاتەدا ئەم داستانە زۆر گەورە و دڵخۆشكەر بوو، دەتوانم بڵێم لە سەرتاسەری كوردستاندا ورە و خۆڕاگری پێشمەرگە بەڕادەیەكی زۆر بەرز ببووەوە و وای كرد پێشمەرگە لە هەموو شوێنكدا بڕیاری بەرگریكردن بدات. دەمەوێت لێرەدا ئاماژە بە رۆڵی جەماوەری كۆڕێ و شەقڵاوە بدەم كە بەڕاستی رۆڵی گەورە و بەرزیان هەبوو لە پشتیوانیكردنی پێشمەرگە و هاوكاریكردنیان بە دەسخستنی زانیاری لەسەر دوژمن و گەیاندنی نان و ئاو و تەقەمەنی پێشمەرگە لەو شوێنەدا.
عەمید كامەران خەفاف، گوتی: داستانی كۆڕێ گرنگی خۆی هەیە لە مێژووی گەلە ستەمدیدەكەمان، لەو كاتەدا پێشمەرگەی هەموو لایەنەكان وەك چیای سەفین لە بەرانبەر هێرشی زاڵمانەی سوپای عێراقدا وەستانەوە و بەرگرییەكی قارەمانانەیان تۆمار كرد، لێرەوە ورەی بەرز و گورزی كەمەرشكێنی پێشمەرگە دەرسێكی وەهایان بە دوژمن دا كە رژێمی ناچار كرد، داوای گفتوگۆ بكات.
-دكتۆر دلاوەر ئاژگەیی، نوێنەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە یەكێتیی ئەورووپا وەك بەشداربووی ئەم مەراسیمە لە كۆڕێ گوتی:
لە رووی سیاسی داستانی كۆڕێ دوژمنی خستە بوارێكی زۆر نالەباری سیاسی و باڵانسی هێزی لە رووی سیاسی گۆڕی و رژێمی مەجبووری بە ئاگربەست و دەستپێكردنی دانوساندنی لە گەل سەركردایەتیی سیاسیی بەرەی كوردستانی كرد. هەر ئەوەش بوو بە بەهۆی دەرخستنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایاش بۆ پاراستنی هەرێمی كوردستان و دواتر پێكهێنانی كیانی هەرێم و حكوومەتی هەرێمی كوردستان و دواتریش لە دەستوور جێگر كرا، ئەگەر هێزی دوژمن لەم شەرە شكەستی پێنەهاتبا بەرەی كوردستانی بەشێكی زۆر گرنگی كوردستانی لە دەست دەچوو و پێكهێنانی قەوارەی هەرێمی كوردستان و ملكەچكردنی دوژمن زۆر ئاستەم دەبوو، واتە لە داستانی كۆڕێ یەكەم هەنگاوی دامەزراندنی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و خۆبەڕێوەبردن جێگر بوو. لەڕووی سەربازی هێزێكی بە ژمارە كەم و بە ورە پۆڵاینی پێشمەرگەی كوردستان بە چەكی سووك و سادە چۆكی بە هێزێكی زەبەلاح و مەزنی ناوچەكە و بگرە جیهان دادا و توانی گورزێكی كەمەرشكێن لە دوژن بدات و پاشەكشەی پێ بكات. ئەمە جارێكیتر بۆ هەموو لای دەرخست كە دوژمن چەند بە هێز بێت توانای لەناوبردنی هێزی پێشمەرگەی نییە و چارەسەر تەنیا دانوساندن و داننان بە مافەی كوردە. ئەم راستییە بۆ وڵاتانی ناوچەكە و جیهانیش روون بووەوە كە ئەو كات بە وردی و كە نزیكەوە چاودێری بارودۆخەكەیان دەكرد، هەروەها دلاوەر ئاژگەیی گوتیشی: لەڕووی سایكۆلۆژی داستانی كۆڕێ لە كاتێكدا تۆماركرا كە بە سەدان هەزار كە هاووڵاتییانی كوردستان بەبێ خواردن و جل و بەرگی پێویست و لە وەرزێكی سارد بەرەو سنوورەكانی ئێران و توركیا لە ترسی دووبارەبوونەوەی جینۆسایدێكی تر كەوتبوونە رێگا، بەڵام هەر لە دوای شكستپێهێنان و پاشەكشە پێكردن بە هێزەكانی دوژن، هیوا و ئومێدیان بۆ گەڕایەوە و كۆڕەو بەرەو سنوورەكان وەستان و بەرەو ناوچەكانی خۆیان گەڕانەوە و بەمشێوەیە پێشگیری لە روودانی كارەساتێكی مەزنی مرۆڤی گیرا، بۆ منیش وەكوو كوڕە پێشمەرگەیەك جێگەی سەربەرزییە كە باوكم یەكێك لە فەرماندە دیارەكانی داستانی كۆڕێ بووە و رۆڵێكی كاریگەر و یەكلاكەرەوەی لەگەڵ هەڤاڵانی تری بینیوە و لەكاتی تۆماركردنی داستانەكە وەسیەتی ئەوەی بە هەڤاڵانی كردبوو كە لە ئەگەری شەهیدبوونی لەوێ بنێژرێت و دواتریش هەر لەسەر راسپارەی خۆی لەوێ لە پشت تانكە شكاوەكان نێژراوە.









