گوتەبێژی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ماڵپەڕی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەفین دزەیی، باسی لە چۆنیەتی ئیدارەكردنی ئەو تەحەددا سیاسی و ئابووریی سەختانە كرد كە لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا رووبەڕووی حكوومەت و گەلی هەرێمی كوردستان ببوونەوە، ئەمەش بەشێكی دیمانەكەیە.
-بڕینی بەشە بودجەی هەرێم و ئەو شۆكە سیاسی و ئابووریانەی كە حكوومەتی هەرێمی گرتەوە بوونە هۆی سەرهەڵدانی قەیرانی دارایی یا دۆخی سەختی ئابووری. ئەو واقیعە چۆن سەری هەڵدا؟
*سەفین دزەیی: بڕیاری یەكلایەنەی نوری مالیكی سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق بە بڕینی بەشە بودجەی هەرێمی كوردستان شۆكێكی هەرە گەورە بوو، چونكە ئەو پەیوەندییە سیاسی و فەرمیەی كە هەرێمی كوردستان لەگەڵ بەشەكانی دیكەی عێراق هەیبووە لە سەر بنەمای دەستوور، یاسا و لێك تێگەیشتن و رێكەوتنی نێوان هەوڵیر و بەغدا بووە. بە داخەوە دەستوور پێشلكرا و رێككەوتن و یاساكانی تایبەت بە بودجە جێبەجێ نەكران. ئەوەش دەستپێشخەرییەكی خراپ بوو لە پەیوەندییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، بەتایبەتی كە بڕیارەكە لە لایەن بەغداوە درابوو.
شۆكی دووم، شەڕی داعش بوو، كە توانیان لە ماوەی چەند سەعاتێك دووەمین شاری گەورەی عێراق داگیربكەن و دوای ئەویش شەڕەكەیان رووبەرووی هەرێمی كوردستان كردەوە، كە ئێمە بە تواناییەكی كەم و پانتاییەكی یەكجار زۆر نزیكەی 1000 كیلۆمەتر بەرەی شەڕەمان لەگەڵ درەندەترین هێزی تیرۆریستی جیهان داعش هەبوو.
لە ئەنجامی داگیركردنی مووسڵ و شوێنەكانی دیكە، شۆكی سێیەم ئەوە بوو كە لە ماوەی كەمتر لە شەش مانگ رێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان سەدا 30 بەرز بووەوە، واتە ملیۆنێك و600 هەزار ئاوارە روویان لە هەرێمی كوردستان كرد كە پێشتریش نزیكەی 250 هەزار پەنابەر لە سووریاوە ئاوارەی هەرێمی كوردستان ببوون. هەموو ئەوانە بوونە هۆی ئەوەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە ناچاری هەوڵی بەدەستهێنانی داهاتێكی دیكە بدات و لە مانگی پێنجی 2014 دەستی بە فرۆشتنی نەوت كرد، كە سێ مانگ دوای بڕینی بەشە بودجەی هەرێم بوو. واتە بڕینی بودجە هیچ بیانوویەكی نەبوو كە دەیانگوت هەرێمی كوردستان نەوتەكەی فرۆشتووە و داهاتەكەی رادەستی بەغدا نەكردووە. بەغدا لە شوباتی 2014 بەشە بودجەی هەرێمی كوردستانی بڕی و حكوومەتی هەرێم لە مانگی پێنجی هەمان ساڵ بۆ یەكەمجار نەوتی خۆی بۆ دەرەوە هەناردە كرد.
-لە سەرەتادا كە بەشە بودجەی هەرێم بڕدرا، سەرچاوەكانی داهات كەمبوون، چۆن پارەی پێویست بۆ مووچە وخەرجییە گشتییەكان و وەبەرهێنان دابین دەكرا؟
❊ سەفین دزەیی: حكوومەتی هەرێم لە ساڵی 2014 كە هاوكات بوو لەگەڵ هاتنی ئاوارەكان و بەرپابوونی شەڕی داعش، بۆ دابینكردنی داهات ناچار بوو هەموو نەختینەكانی لە بانكەكان بۆ تێپەراندنی ئەو دۆخە بەكاربێنێت، پاشان لە مانگی پێنج داهاتی نەوتیش یارمەتیدەرێكی سەرەكی بوو، بەڵام دابەزینی نرخی نەوت لە نزیكەی 100 دۆلار بۆ 25 دۆلار چوارەمین شۆك بوو كە هەرێمی كوردستانی گرتەوە.
ئەو كۆمپانیانەی كە وەزارەتی سامانە سروشتییەكان مامەڵەیانی لەگەڵ دەكرد ئامادەی خۆیان بۆ پێدانی قەرز بە حكوومەتی هەرێم دەربڕی، چونكە باوەڕی تەواویان بە حكوومەتی هەرێم هەبوو كە لە داهاتوودا دەتوانێت قەرزەكانی بداتەوە. هەربۆیە لە فرۆشتنی بەشێك لە نەوت، پارەی پێشوەختیان دایە حكوومەت. بە هۆیەوە توانیمان بەشێك لە گرفتەكان چارەسەر بكەین.
بە بەردەوامبوونی شەڕ، هاتنی ئاوارەكان و دابەزینی نرخی نەوت، حكوومەتی هەرێم بە داخەوە ناچار بوو هەندێ هەنگاوی دیكە بنێت و كابینەی هەشتەم بڕیارێكی زۆر زەحمەتیدا كە ئەویش رێژەیەك لە مووچەی فەرمانبەران پاشەكەوت بكرێت. دوای هاتنی داعش، بەغدا پشكی هەرێمی كوردستانی لە بوودجەی گشتی وڵات بڕیبوو و لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش بە دوای راگرتنی فروشتنی نەوتی هەرێمەوە بوو و نرخی نەوتیش دابەزیبوو. دۆخی ئابووریی هەرێم بەرەو خراپییەكی كەم وێنە هەنگاوی هاوێشتبوو، سەرۆكایەتی حكوومەت لەو كاتەدا چ پلانێكی هەبوو بۆ دەرباز بوون لەم رەوشە سەپاوە؟
*سەفین دزەیی: نزیكەی لە سەدا 95 داهاتی عێراق لە نەوت و پێكهاتەكانییەتی و هەرێمی كوردستانیش لەم حاڵەتە بەدەر نییە. ژێرخان و پیشەسازی عێراق لە ساڵەكانی هەشتا لە سەردەمی شەڕی عێراق و ئێران وێران ببوون و لە ساڵی 1990یش كە كوەیتی داگیركرد 13 ساڵ ئابڵوقەی نێودەوڵەتی خرایە سەر عێراق و نەیتوانی هیچ ژێرخانێك دروست بكات كە بەرهەمی هەبێت و ببێتە وڵاتێكی بەرهەمهێنەر، بەڵكو بەكارهێنەر بووە. بەشی هەرە زۆری كالا و كەلوپەلی پێویست لە دەرەوە دەیهێنا. هەرێمی كوردستان بەشێك بووە لە عێراق و بەدەر نەبووە لەو رەوشە. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا هەرێمی كوردستان هەوڵیدا كەبە رێگەی پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەكانی خۆی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەر تا رادەیەك بە داهاتی ناوخۆیی بتوانێت هاوكار بێت بۆ درێژەپێدانی كارەكانی حكوومەت وەك ئاسایش، پاك راگرتنی شارەكان و دابینكردنی كارەبا تا رادەیەكی باش. هەروەها، بەكارهێنانی ئەو بڕە نەختینەی كە لە بانكەكاندا هەبوو یاریدەدەر بوو. كۆمپانیا ناوخۆییەكان و بەڵێندەران بە ڕاستی جێگەی تەقدیرن كە بەرگەیان گرت و بەشێك لە نەختینەییەكانی خۆیان بەكارهێنا و بەشێكیان تا ئێستا پارەیان لای حكوومەتە، ئێستاش هەنگاو بە هەنگاو پارەكانیان دەدرێتەوە و بانكە ئەهلییە ناوخۆیی و بیانییەكانیش بە هەمان شێوە هاوكار بوونە و نەختینەییەكانی خۆیان خستە خزمەتی حكوومەتی هەرێم بۆ ئەوەی بەكاری بێنێت. كۆمپانیا بیانییەكانیش كە نەوتی هەرێمی كوردستانیان دەكڕی، پارەی پێشوەختیان دەدا، كە ئێمە بتوانین لەسەر پێی خۆمان بوەستین، هەر چەندە زۆر زەحمەت بوو و بڕیاری زۆر زەحمەتیش درا، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا حكوومەتی هەرێم توانی ئەو چوار ساڵە بە باشترین شێوە قەیرانەكە بەڕێوە ببات. دەتوانم بڵێم كاری سەرەكی حكوومەت لەلایەك شەڕی داعش و دوورخستنەی بەڵاو و مەترسییەكان لە هاووڵاتیانی كوردستان بوو، لە هەمان كاتیش درێژەپیدان بە كارەكانی خۆی بوو.
-پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی هەرێم لە ماوەی شەڕی داعشەوە پێشوەچوونێكی بەرفراوان و بێ وێنەی بەخۆیەوە بینی. ئایا حكوومەت هەوڵیدا ئەو هەڵە بۆ پێشخستنی دۆزی كورد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی بقوزێتەوە؟
❊ سەفین دزەیی: بە هۆی شەڕی داعشەوە واقعێكی ناخۆش هاتە كایەوە. بەڵام هەر وەك لە كوردەواری دەگوترێت هەر شەڕێك خێری جوامێرێك تێدایە. نزیكەی 1750 شەهید و 10 هەزار بریندارمان هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دۆزی كورد و بەرگری خەڵكی كوردستان و هێزی پێشمەرگە لە خاك و نیشتمان و لەو پرنسیپانه كە باوەری پێیەتی، كە دیموكراسییەت و مافی تاك و هەموو بەها بەرزەكانی مروڤایەتییە، هەروەها بوونی هەرێمی كوردستان لە هێڵی پێشەوەی بەرگریی لە مرۆڤایەتی، بوونە جێگەی رێز و تەقدیری كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ناوی پێشمەرگە بووە ناوێكی پیرۆز، بۆ ئێمە هەمیشە پیرۆز بووە، بەڵام جیهانیش بە ناوی پێشمەرگە ئاشنا بوو و هەروەها پایەی سیاسی و سەربازی خودی جەنابی سەرۆك بارزانیش، كە بێ وێنەیە لە جیهانی ئەمڕۆدا سەرۆكێك بچێت بە هەفتە و بە مانگ لە بەرەكانی جەنگ لەناو چادر و ئۆتۆمبێل بخەوێت و لەگەڵ پێشمەرگەكان بەرگری لە خاك و نیشتیمان و بەها مرۆییەكان بكات. ئەوە هەمووی وایكرد سۆز و رێز و پشتگیری خەڵك و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ هەرێمی كوردستان و پێشمەرگە زیاتر ببێت. سەرۆكی فەرەنسا لە ناخۆشترین ئانوساتدا لە مانگی ئەیلولی 2014 سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد. چەندین سەرۆك وەزیران و وەزیرانی دەرەوە و بەرگری و جێگرانی سەرۆك وەزیرانی وڵاتانی جیاجیا، ئەورووپا لە پلەی یەكەمدا و وڵاتانی دراوسێ سەردانی هەرێمی كوردستانیان كرد. بەداخەوە لەو كاتەدا هەموو ئەو وڵاتانەی سەردانی هەرێمی كوردستانیان دەكرد، تەنها بەغدا سەردانی هەرێمی كوردستانی نەدەكرد، كە دوژمنێكی هاوبەشمان هەبوو و خەڵكێكی زۆریش لە بەشەكانی دیكەی عێراق كە ئاوارە بوون و لەو ناوچانە دەهاتن كە حكوومەتی فیدرالی نەیتوانی بیانپارێزێت، بە ناچاری روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە حكوومەت وخەڵك دڵ ودەرگایانیان بۆ كردنەوە. لە باوەش گرتن وحەوانەوەی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارەش بوو بە خاڵێكی گرنگ بۆ پاڵپشتیكردنی مەعنەوی و مرۆیی لە هەرێمی كوردستان. هەروەها، كولتووری دێرینەی پێكەوەژیان لە نێوان پێكهاتە جیاجیاكان و رێزگرتن لە ئازادی دەربڕینی ئایینی لە كوردستان و پاراستنی پێكهاتە ئاینییەكان كە لە دەست هەڕەشەی داعش پەنایان هێنا بۆ هەرێم، جێگەی رێز بوو لە لایەن كۆمەڵگەی نێونەتەوەیی و ناوبانگێكی ئەرێنی بۆ هەرێم دروستكرد. ئەو هەموو شتانە بە راستی جێگەی رێز و تەقدیری هەموو ئەو شاندە بیانییانەن كە دێنە هەرێمی كوردستان، لە ڤاتیكانەوە بگرە تا دەگاتە پاریس و لەندەن، رۆما و ستۆكهۆلم، بەرلین و واشینتون و مۆسكۆ و شوێنەكانی دیكە بە وڵاتانی دەوروبەریشەوە.
كولتوورەكمان هەیە كە كورد، عەرەب، توركمان، سریان و كلدان و ئاشووری، مەسیحی مووسڵمان، شیعە و سوننە، ئێزیدی، كاكەیی، بەهایی و زەردەشتی و شەبەك و هەموو تایفەكان پیكەوە دەژین. ئەو خەڵكەش كە لە بەشەكانی دیكەی عێراق روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، دەیانزانی كە سەروماڵ و شەرەف و كەرامەتیان پارێزراوە. بەشێك لەوانە دەیانتوانی بچنە وڵاتانی دراوسێ، بەشێكیان چوون و دواتر گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان، چونكە زانیان مەعیشەت لەوێ زۆر زەحمەتە.
-خەرجی ئاوارە و پەنابەران تا چەند لە ئەستۆی بەغدا، رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان و ئاژانسەكان و رێكحراوە ناحكومییەكانی خوماڵی و نێودەوڵەتیدا بوو، تا چ رادەیەك خەرجییەكانیان دابین دەكرد؟
❊ سەفین دزەیی: هاتن و ئیدارەكردنی ئەو ژمارە زۆرەی ئاوارە كە لە ساڵی 2014 روویان لە هەرێمی كوردستان كرد، كە ئێستاش زیاتر لە ملیۆنێك و 400 هەزار كەس هێشتا لە هەرێمی كوردستان ماون، تەحەددایەكی گەورەبوو. بەشێكیان بۆ ناوچەكانیان گەڕانەوە، بارودۆخی ناوچە ئازادكراوەكان هێشتا نائارامە، خزمەتگوزارییان نییە، ئەمن وئاسایش نییە، بەشێكیان دووبارە بۆ هەرێمی كوردستان لە كەمپەكان گەڕانەوە، بەشێكیان توانای مادییان هەیە خانوو بە كرێ دەگرن یان دەكڕن.
تێچووی ساڵانەی حەوانەوەی ئاوارەكان كە لەسەر حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە وەك خەرجییە شاراوەكان ناوی دێت، نزیكەی ملیارێك و 400 ملیۆن دۆلارە. لە كاتێكدا كە حكوومەتی هەرێم بۆ خۆی لە قەیرانێكی دارایی دایە. مانگانە 100 تا 130 ملیۆن دۆلار تێچووی بەڕێوەبردنی كەمپی ئاوارەكانە لە خزمەتگوزاری ئاو و ئاوەڕۆ، كارەبا، ئەمن و ئاسایش، قوتابخانە و تەندروستی و هتد.. بەبێ ئەوەی كە بەغدا خۆی بە بەرپرس بزانێت و یەك دینار هاوكاری بكات یان یەك پاكەت دەرمان بنێرێت. لەكاتی ئازادكردنی مووسڵ كە هێزی سوپای عێراق بە هاوكاری پێشمەرگە هاتن مووسڵیان ئازادكرد، هەموو نەخۆشخانەكانی هەرێم دەرگایان واڵا بوو بۆ تیماركردنی بریندارانی شەڕی ئازادكردنی مووسڵ و لەشكری عێراق، بەبێ ئەوەی بەغدا یەك برینپێچ بنێرێت، هەموو كەوتە سەر نەخۆشخانەكانی هەرێمی كوردستان و هەموو ئەو داو دەرمانانەی كە بۆ بەكارهێنانی هاووڵاتییانی هەرێم خەزن كرابوون، بۆ بریندارانی شەڕی داعش و ئاوارەكان بەكارهێنران. بەداخەوە بەغدا خۆی بەخاوەنی ئەو خەڵكە نەزانی كە ئاوارە ببوون و ئەو بریندارانەشی كە لە بەرەی جەنگ روویان لە هەرێم كرد. هەندێ رێكخراوی نێودەوڵەتی و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان هاوكارییان كردین. بەڵام كێشە و داخوازییەكان ئەوەندە لە ئاستێكی بەرزدا بوون، كە نە هەرێمی كوردستان ئەم تواناییەی هەبوو و نە رێكخراوەكان لەو ئاستەدا بوون، بەڵام سەربەرزانە ئەو ئەزموونەشمان تێپەڕاند و پێویستە سوپاسی دكتۆر و كارمەندانی وەزارەتی تەندروستی بكەین، بە هەمان شێوە وەزارەتی پەروەردە وپارێزگاران و دامودەزگاكانی دیكەی حكوومەت كە لە راستیدا لە رۆژی یەكەمەوە بەدەنگ ئەو خەڵكەوە چوون و بە خەڵكی خۆیان زانی وئەوەش بووە پێناسەیەكی جوانتری هەرێمی كوردستان بۆ دونیای دەرەوە.
سیاسەتمەدارانی عێراق بۆ ریكلام سەردانی كەمپەكانیان دەكرد و بەڵام هیچ ئامارێك سەبارەت بە یارمەتییەكانی كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە لای ئێمە نییە. رێكخراوەكانی دیكەی نێودەوڵەتی وەك رێكخراوی وڵاتە یەكگرتووەكان بەتایبەتی ’یوئین ئێچ سی ئار’ پێناسەیەكی تایبەتی بۆ ئاوارەكان هەیە كە ئەوانەی ئاوارەكانی ناوخۆن و لە ناوچەكانی دیكەی عێراق بۆ هەرێمی كوردستان دەهاتن، بە پەنابەر پێناسە ناكەن، تەنها پەناهەندەكانی كە لە رۆژئاوا هاتبوون ئەوان سودمەند بوون لە هاوكارییەكانی یوئێن ئێچ سی ئار، ئەگینا باری سەرەكی و هەرە زۆری كەوتبووە سەر شانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە مەبەستی ئەوەی كە بە باشترین شێوە بتوانێت ئەو ئاوارانە بحەوێنێتەوە، بە لایەنی كەمەوە ئەمن و ئاسایشیان بۆ دابین بكات. خەڵكی كوردستان لە دەمی خۆی پێداویستییە سەرەكییەكانی دەگرتەوە، وەك بینیمان خەڵكی كوردستان كۆمەك و هاوكاری كۆ دەكردەوە بۆ كەمپەكانی دەبرد.
-حكوومەتی هەرێم چەند خۆی لە بەڕێوەبردنی قەیرانەكان لە ماوەی كابینەی هەشتەم بە سەركەوتوو دەزانێت؟
*سەفین دزەیی: بە رای من حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شەخسی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران سەركەوتنێكی مەزنی لە رووی بەرێوەبردنی ئەو قەیرانە بە هەموو شێوەیەك بەدەستهێنا. بەداخەوە هاوبەشەكان لەناو حكوومەت كە وا تێگەیشتبوون پاپۆرەكە بەرەو نقوومبوون دەچێت، زوو خۆیان تێهەڵدا و خۆیان لێ دەرباز كرد. بەڵام پارتی و یەكێتی مانەوە، سەرۆكی ئەنجوومەن و جێگری سەرۆكی ئەنجومەن و وەزیرە بەڕێزەكانی دیكە بە كردار سەڵماندیان كە حكوومەت حكوومەتێكی شایستەی ئەوەیە كە جێی دەستخۆشی بێت و ئەم رەوشە تێپەرێنێت و پاپۆرەكە بە ژیرانە و لێزانینی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران توانی بگەیەنێتە كەناری ئارام.
پێویستە لێرە بگوترێ كە قوربانیدانی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایش و دان بەخۆداگرتنی فەرمانبەران، بەڵێندەران و چین وتوێژەكانی كۆمەڵی كوردستان لە كاتە سەختەكانی پێنج ساڵی رابردوودا، بوون بە پاڵپشتی مەعنەوی گرنگ بۆ كابینەی هەشتەم بۆ تێپەڕاندنی قەیرانەكان، ئەمەش جێگای تەقدیر و رێزلێنانە.
-ئایا ئاسایی بوونەوەی سیستەمی مووچە و پێدانی بەشێك لە پارەی بەڵێندەران بە مانای ئاسایی بوونەوەی رەوشی ئابووریی كوردستانهە ودەبێتە هۆی بەرزبوونەوەی دەرفەتی كار و جولاندنی بازار، پێتان وایهە ئابووریی كوردستان لە ماوەی ئەمساڵدا چەند گەشە دەكات؟
*سەفین دزەیی: ئەو رێككەوتنەی كە لە نێوان هەولێر و بەغدا هەیە، پەیوەندییەكی باشی لە نێوان بەڕێز عادل عەبدولمەهدی و هەرێمی كوردستان دروست كردووە. پێدانی بەشێك لە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان لە لایەن بەغداوە وایكرد كە بڕیاری پاشەكەوت لە مانگی سێی ئەمساڵ هەڵبوەشێنرێتەوە و ئەو گفتگۆیانەی كە لەگەڵ بەغدا و وەزارەتی دارایی فیدراڵی هەیە، بەردەوام دەبێت. پێویستیشە دانوستاندن لە نێوان هەولێر وبەغدا لە سەر دۆسییەكانی نەوت و گاز و كۆمەڵێك دۆسیەی دیكە هەبێت. وای دەبینین كە كەشوهەوایەكی گونجاو هەیە كە هەرێم دەتوانێت ئەو دۆسیانە لەگەڵ بەغدا باس بكات. بەڵام نەهێشتنی پاشەكەوت و كۆتاییهاتنی شەڕی داعش و نەمانی خەلافەت، كە هەڕەشەكانی هێشتا هەر ماون، هەروەها چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكانی ناوخۆ دەرفەتێكە بۆ بووژانەوەی بازاری هەرێمی كوردستان. ئێستاش بەپێی هەندێ راپۆرت و ئامار دەبینین كە ساڵی رابردوو بەتایبەتی پاش ئەوەی كە لە مانگی سێی 2018 رێژەیەك لە پاشەكەوتی مووچە دەستكاری كرا و لە مانگی ئاداری 2019 بە تەواوەتی پاشەكەوت هەڵگیرا، كاریگەری هەبووە لەسەر بازار و جولەیەك لە رووی بیناسازی، موڵك و ماڵ، هاتنەوەی هەندێ لەو كۆمپانیانە كە كوردستانیان بەجێهشتبوو دروستبووە. هەروەها هاتنی شاندە بازرگانییەگان لەوانە شاندە بازرگانییەكانی ئەمەریكا، ئێران و توركیا و هاتنی وەزیری دەرەوەی ئێران لەگەڵ شاندەكەیان، هەمووی ئەوانە ئاماژەن كە هەرێمی كوردستان قەیرانەكانی لە دوای خۆی بەجێهشتووە. راستە لە سەداسەد چارەسەر نەبووە، كۆمەڵێك گرفتی دیكە ماون، بەڵام وەكو سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران گوتی لە تونێلێكی دوور و درێژ و تاریك بووین، ئێستا رووناكیی كۆتایی تۆنێلەكە دیارە. كۆمەڵێك خەڵك و كۆمپانیا پەیوەندییان كردووە و هاتوونە و دەشبینین لەو سێ و چوار مانگەی رابردوودا چەندین پێشانگای نێودەوڵەتی لە هەرێمی كوردستان سازكراون. هەوڵ و كوششەكان بۆ ئەوەیە كە كوردستان دووبارە بۆ ئەو پێشوەچوونە ئابوورییەی 2005 تا 2013 بگەڕێتەوە و داهاتوویەكی گەش بۆ كوردستان دەبینین. گرنگ ئەوەیه كە هێزە سیاسییەكان لە كوردستان یەكڕیزی خۆیان بپارێزن و نیگەڕانی خەڵك بەوە دەڕەوێتەوە كە ئەمن و ئاسایش بەرقەرار بێت و سەقامگیری سیاسیش هەبێت. ئەو كاتەیە كە سەرماگوزارانی خوماڵی و بیانی لە كوردستان سەرمایەگوزاری دەكەن.
-چی بوون لێكەوتە سیاسی و ئابوورییەكانی ریفراندۆم و هەنگاوەكانی حكوومەت بۆ ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ؟
❊ سەفین دزەیی: پیلانێكی زۆر مەترسیدار لەسەر هەرێمی كوردستان بۆ تێكشكاندنی قەوارە سیاسییەكەی هەبوو. بەداخەوە ئەو پیلانە تا رادەیەك لە هەندێ شوێن سەری گرت. لە كەركووك و هەندێ ناوچەی دیكە پێشمەرگە ناچار بوو پاشەكشە بكات. پیلان هەبوو كە شوێنەكانی دیكەی هەرێمی كوردستانیش بگیرێن و قەوارەی یاسایی و دەستووری هەرێمی كوردستان لاواز بكرێت. خۆراگری پێشمەرگە لە پلەی یەكەمدا، سیاسەتی ژیرانەی حكوومەت و سەرۆك بارزانی و سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بەڕاستی وایكرد كە ئەو پیلانە تێك بشكێت و سەرنەگرێت. پەیوەندیی دیپلۆماسی حكوومەت، بە تایبەتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران لەگەل وڵاتان وایكرد كە دوا مانگی 2017 سەرۆك كۆماری فەرەنسا بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ پاریس بكات، هەنگاو بە هەنگاو توانرا پەیوەندیی لەگەڵ بەغدا چاك بكریت، بەتایبەتی پاش هاتنی بەڕێز عادل عەبدولمەهدی. ئەوە بەشێك بوو لە چارەسەركردنی گرفتەكان، هەر چەندە گرفتمان لەگەڵ بەغدا ماوە، بەڵام دیالۆگ هەیە و عادل عەبدولمەهدی كەسێكە كە زیاتر دەتوانێت قسە و كاری لەگەڵ بكرێت و گەشبینین بەو دیالۆگەی لەنێوان هەردوو لاهەیە.
-پێشنیارتان بۆ كابینەی داهاتوو؟
❊ سەفین دزەیی: حكوومەتی داهاتوو تەواوكاری حكوومەتی ئێستا دەبێت، چونكە كاندیدی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ كابینەی داهاتوو ئەندامی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانە، لە هەمان ئەو پارتەی سەرۆكی حكوومەتی ئێستایە كە لە كابینەی هەشتەم حوكمڕانی دەكات. بۆیە سیاسەتی حكوومەت بەردەوامبوونە لەسەر هەوڵدان بۆ كەمكردنەوەی ئاسەواری ئەو قەیرانانەی كە هەبووە تا بژێوی خەڵك باشتر ببێت و خزمەتگوزارییەكان باشتر ببن و ئەو پرۆژانەی كە بە نیوەچڵی ماونەتەوە، هەوڵ بدرێت تەواو بكرێن بۆ خزمەتی خەڵكی كوردستان. سەبارەت بە پەرەپێدانی سیاسەتی ئابووری، بەهێزكردنی بناغەی سیاسەتی بازاری كراوە و كەرتی تایبەت، بەشێكن لە بەرنامەی سیاسیی بانگەشەی هەڵبژاردنی پارتی و تەنانەت یەكیەتیش زۆر بە ئاشكرا باس لە بەرنامەكانی خۆیان كردووە. ئەوە دەبێتە بنەمایەك بۆ پێكهێنانی كارنامەی حكوومەتی داهاتوو. لەوانەیە بارودۆخی كابینەی داهاتوو لە كابینەی هەشت گونجاوتر و باشتر و ئارامتر بێت و ئەو قەیرانانەی كە كابینەی هەشتەم پێی تێپەڕی، كابینەی نۆیەم نەیبێت، بەڵام لە هەمان رێچكە دەبێت بۆ پەرەپێدانی ئابوورییەكی باشتر و بازاری ئازاد و رەخساندنی دەرفەتی كار و هەروەها راكێشانی سەرمایەگوزاری. پەیوەندیی لەگەل بەغداش بە دڵنیاییەوە لەسەر ئەو سیاسەتە دەبێت كە دیالۆگ لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبێت، چارەسەركردنی كیشەكان بە رێگای دیالۆگ، لەوانە ماددەی 140 و مەسەلەی نەوت، بودجە و دۆسیەی ئەمنی بەتایبەتی لەو ناوچانەی كە ئێستا مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعشی لێ هەیە، پێویستە هەماهەنگی نێوان هەولێر وبەغدا هەبێت. پێویستە ئەوەی كە هەیە باشتر بكرێت. ئەوانەبابەتی سەرەكین كە كابینەی نوێ هەڵوەستە لەسەر دەكات و تەواوكار و درێژە پێدەری كارەكانی كابینەی هەشتەم دەبێت.









