یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت زیاتر لە 90 لە سەدی پڕۆژە وەستاوەكان بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش دەستكراوەتەوە بە ئیشكردن تێیاندا، سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئەحمەد رێكانی، رایگەیاند وەبەرهێنەرانی ئێرانی و توركی و بیانیش بەگشتی روو لە كوردستان دەكەنەوە. ئەحمەد رێكانی دەشڵێت زۆرینەی ئەو مۆڵەتانەی وەبەرهێنان كە 800 مۆڵەت بوون بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعشەوە وەستابوون. سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان راشیدەگەیەنێت: رەوشی وەبەرهێنەران لە هەرێمی كوردستان بەرەو باشی دەڕوات و زۆرینەی هەرە زۆری پڕۆژە راوەستاوەكان بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش دەستكراوەتەوە بەكاركردن تێیاندا، بە تایبەت پڕۆژەكانی وەبەرهێنان.
لەمبارەیەوە ئەحمەد رێكانی، رایدەگەیەنێت: ئەوەی راستی بێت هیوا و ئومێدێك بۆ وەبەرهێنەرانی كوردستان دروستبووە پاش ئەوەی شەڕی داعش نەما و كۆتایی قەیرانی ئابووریی هاتووە، لە پاڵ نەمانی پاشەكەوتی مووچە و ئێستا وەبەرهێنان بووژانەوە بەخۆوە دەبینێتەوە، ئومێدەواریین وەبەرهێنانی بیانیش بگەڕێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان لە پاش ئەو بارە ئابوورییە قورسەی پێشتر، بەڵام ئەمجارە دەبێت بە وردی و بە لێكۆڵینەوەی باشەوە وەبەرهێنان بكرێت، بە تایبەت ئێستا بواری باش لەبەردەم وەبەرهێنان لە بواری كشتوكاڵ و پیشەسازی و گەشتیاریی هەیە، بوونی قەیرانیش لە وڵاتانی دەوروبەر یەكێكی ترە لەو هۆكارانەی كە چاوەڕوانی لێ دەكەین وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان گەشە بكاتەوە. هەروەها گوتیشی ئێستا هیوایەك بۆ وەبەرهێنەران دروستبووە بەوەی دەست بە كارەكانییان بكەنەوە.
سەبارەت بە وەبەرهێنەرانی بیانی و گەڕانەوەی وەبەرهێنەرانی بیانیش بۆ هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە پاش ریفراندۆمی ساڵی 2018 سەرۆكی یەكێتی وەبەرهێنەرانی كوردستان ئەحمەد رێكانی گوتی: زیاتر لە هەر وڵاتێك كە قەیرانی ئابووری و ئەمنی تێكچوو وەبەرهێنەر بیر لەوە دەكەنەوە كە سەرمایەی خۆیان بپارێزن و ئیدی زۆرینەی وەبەرهێنەرانی بیانی پێشتر گەڕانەوە بۆ وڵاتی خۆیان، بەڵام ئێستا خەریكە وردە وردە دەگەڕێنەوە و دەیانەوێت دەستبەكارەكانییان بكەن، بەتایبەت بازاڕەكانی كوردستان جوڵەیان تێكەوتووەتەوە.
لەمەڕ هەڕەشەكانی ئەمەریكا لە ئێران و گوشارە ئابوورییەكانی بۆ سەری و كاریگەریی لەسەر هاتنی وەبەرهێنەرانی بیانی بۆ هەرێمی كوردستان رێكانی گوتی بە دڵنیاییەوە وەبەرهێنەری بیانی بەتایبەت ئێرانی و توركیش روو لە هەرێمی كوردستان، چونكە شوێنێكی لەبارە بۆ وەبەرهێنان و یاسای وەبەرهێنان یاسایەكی گونجاوە و مافی وەبەرهێنەر دەپارێزێت، ئیدی وەبەرهێنەرێكی زۆری بیانی و توركی و ئێرانیش روو لە هەرێمی كوردستان دەكەن.
دەربارەی پڕۆژە وەستاوەكانی رابردوو و دەستكردنەوە بەكارەكانییان، سەرۆكی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایگەیاند: پێشتر نزیكەی 80 بۆ 85 لەسەدی پڕۆژەكانی وەبەرهێنان راوەستابوون، ئێستا زۆرینەی پڕۆژەكان كەوتوونەتە كار و زۆر كەمن ئەوانەی كارییان تێدا ناكرێت، دووبارە وەبەرهێنەران دەستییان بە تەواوكردنی پڕۆژەكانییان كردووە و پێم وایە 90 لەسەدی ئەو پڕۆژانەی وەستابوون دەستكراوەتەوە بەكاركردن تێیاندا، پێشتر پڕۆژەكان بەگشتی كە زیاتر لە 800 پڕۆژە بوون و مۆڵەتی وەبەرهێنانییان هەبوو، زۆرینەی ئەو ژمارەیە راوەستابوون بە هۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و ئەو هۆكارانە، بەڵام ئێستا دەستكراوەتەوە بە كارەكان.









