بەپێی راپۆرتێكی باسنیوز بارودۆخی قەزای شنگال لە ئاڵۆزەوە بەرەو ئاڵۆزتر چووە و بەرپرسانی ئەو شارەش هۆشداری لە دەدەن، خەبات تەواوی راپۆرتەكە بڵاو دەكاتەوە: دۆخی شنگال لە ئاڵۆزییەوە بەرەو ئاڵۆزتر هەنگاو دەنێت و بەرپرسێكیش ڕایدەگەیەنێت، پەكەكە هێزی دیكەی لە رۆژئاوای كوردستانەوە هێناوە بۆ شنگال. قایمقامی شەرعیی شنگالیش دەڵێت: “ئەو مۆڵەتەی حكوومەتی عێراق داینابوو بۆ دەرچوونی پەكەكە لە شنگال، تەواو بوو”.
بەپێی زانیارییەكانی (باس)، حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ی سەر بە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و حەشدی شەعبی لە شنگال بكشێنەوە و لە شوێنی ئەوان لیوای 72 لە فیرقەی 15 سوپای عێراق هێنراونەتە شنگال، ئەو هەنگاوەی حكوومەتی عێراقیش دوای ئەوە هات كە لە چەند رۆژی رابردوودا لە سنووری شنگال، دوو جار شەڕ و پێكدادان لەنێوان پەكەكە و هێزە ئەمنییەكانی عێراق دروست بووە، كە بەهۆیەوە كوژراو و برینداریشی لێ كەوتەوە.
هەر بەپێی زانیارییەكان، عادل عەبدولمەهدی، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، جیاواز لە حەیدەر عەبادی، سەرۆكی پێشووی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، دەیەوێت هەندێك هەنگاوی كرداری بۆ دەركردنی هێزە چەكدارە ناشەرعییەكان لە سنووری شنگالدا بنێت، بەپێچەوانەی حكوومەتی پێشووی عێراق، كە ژمارەیەكی بەرچاوی لە چەكدارانی پەكەكە لە شنگال دانا و لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا دایمەزراندن و پێویستیی سەربازییشی پێیان دا.
لەم بارەیەوە، قادر قەچاخ، بەرپرسی لقی شنگالی پارتی، بۆ (باس)ڕای گەیاند، حكوومەتی عێراق هێزی هێناوەتە سنووری شاری شنگال و لەولاشاوە پەكەكە لە رۆژئاوای كوردستانەوە هێزی هێناوە بۆ سنووری شنگال، ئێستاش باس لەوە دەكرێت، كە حكوومەتی عێراق ماوەیەكی دیاری كردووە تا پەكەكە شنگال چۆڵ بكات، دەنگۆیەكیش هەیە ئەو هێزەی سوپای عێراق كە تازە هاتوونەتە سنووری شنگال، جێی حەشدی شەعبی و پەكەكە بگرێتەوە، بەڵام ئەوەشڕوون بووەتەوە كە ئینزار دراوەتە پەكەكە، تاوەكوو شنگال بەجێ بهێڵن.
ئەو بەرپرسە، ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، ئەو هێزەی سوپای عێراق هاتوونەتە سنووری شنگال هێزێكی زۆرن، بەڵام ئێستا بۆشاییەكی ئەمنی لە شنگال هەیە، هەروەها بۆشایی ئیداریش هەیە، چونكە ئەو ئیدارەیەی ئێستا لەوێیە شەرعیی نییە و خەڵكی شنگالیش زیاد لە %75یان ئاوارەی هەرێمی كوردستانن و ئەوەی كە لە شارەكەش دەژین كەمن.
هەروەها لەبارەی بوونی بەشێك لە كوردە ئێزدییەكان لەناو یەكینەكانی بەرخودانی شنگالی سەر بە پەكەكە، قادر قەچاخ، گوتی: وەردە وردە ئەو كەسانەی لەناو ئەو هێزەی پەكەكەدان، كەم دەبنەوە و دەستبەرداری كاری چەكداری دەبن، بەتایبەتی دوای ئەوەی كە بەرپرسێكی پەكەكە كردەوەیەكی زۆر ناشیاوی ئەنجام داوە و ئێستاش هەڵهاتووە، ئەوانیش گوتیانە یان دەبێت ئەو كەسەمانڕادەست بكەن، یانیش لەگەڵتان نامێنین.
هاوكات، ماجید شنگالی، نوێنەری پێشووی شنگالییەكان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بۆ (باس)ڕای گەیاند: “حكوومەتی عێراق بڕیاری داوە كە دۆسێی ئەمنی و پاراستنی ناوچەی شنگال بسپێرێت بە سوپای عێراق و بڕیاریش دراوە، كە لە ماوەیەكی دیاریكراودا پەكەكە و هێزەكانی دیكەی ناشەرعی لە شنگال بكشێنەوە، ئەو كێشە چەكدارییانەی نێوان پەكەكە و هێزە ئەمنییە عێراقییەكان رووی دا بەوە چارەسەر دەبێت و دووبارە نابێتەوە كە پەكەكە لە شنگال بچنە دەرەوە، خودی عادل عەبدولمەهدی بڕیاری داوە، كە هەرچی بنكە و بارەگای پەكەكە هەیە لە شنگال و دەوروبەری چۆڵ بكرێن و حەشدی شەعبی لەناو سەنتەری شنگال نەمێنن و رۆڵ بۆ پۆلیسی خۆجێیی بگەڕێنرێتەوە”.
ڕاشیگەیاند، لە كۆی 400 هەزار كەس، تاوەكوو ئێستا 50 هەزار كەس گەڕاوەتەوە شنگال و زۆرینەی خەڵكەكە ئاوارەن، هەر بە هۆی ئەو دۆخە نالەبارەی كە لە شنگال دەگوزەرێ، ئێستا لە دەوروبەری شنگالیش چەك بە دەست خەڵكی نەزانەوەیە، ئەوەش مەترسییە و پێویستە ئەوە چارەسەر بكرێت و هێزە چەكدارە ناشەرعییەكانیش بڕۆنە دەرەوەی شنگال، تەنانەت بەرپرسێكی باڵای حەشدیش تۆمەتبارە بە كوشتنی دوو هاووڵاتی. ئەوان كردەوەی نایاسایی دەكەن و وەك هەنگاوی سەرەتاش، ئێستا باشە كە سوپای عێراق بگەڕێتەوە و پاشان حكوومەتی هەرێم بە گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراق رێك بكەون لەسەر گەڕانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاساییش بۆ سنووری شنگال.
پێوەند بەم باسە، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال، بۆ (باس)ڕای گەیاند: “چەند بەرپرسێكی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی شنگالیان كردووە، بۆ هێنانی هێزیش رێك كەوتوونە و هێزیان ناردووە، بەڵام ئێمە داوا دەكەین كە كۆتایی بە دیاردەی چەكداری لە شنگال بهێنرێت و دۆخی شارەكەش لە هەمووڕوویەكەوە باش بكرێت، چونكە ئێستا بوونی پەكەكە لە سنوورەكە كێشەیە بۆ خەڵكی ناوچەكە”.
لەبارەی ئەوەی باس لەوە دەكرا كە حكوومەتی عێراق مۆڵەتی داوە بە پەكەكە و شارەكە چۆڵ بكەن، مەحما خەلیل، گوتی: »راستە حكوومەتی عێراق مۆڵەتی دابووە پەكەكە شارەكە چۆڵ بكەن، بەڵام مۆڵەتەكە تەواو بوو و پەكەكەش نەكشاوەتەوە«.
لە مانگی ئابی 2014ەوە، شنگال لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە داگیر كرا و هەزاران كوردی ئێزدییان شەهید و بێسەروشوێن كرد و ژێرخانی شارەكەشیان بەتەواوەتی تێكدا، پاشان بە فەرماندەیی سەرۆك بارزانی، هێزەكانی پێشمەرگە توانییان شاری شنگال رزگار بكەنەوە، بەڵام بوونی گەریلاكانی پەكەكە و پاشان هاتنی میلیشیاكانی حەشدی شەعبی، دۆخی شنگالی لە هەمووڕووەكانەوە ئاڵۆزتر كرد تا ئەوڕادەیەی خەڵكی شنگال نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان، ئەوان جارێك بە دەستی داعش جینۆساید كران و ئەمجارەیان بە دەست میلیشیاكانی حەشدی شەعبی و پێشتریش هەر بە هۆی بوونی گەریلاكانی پەكەكەوە، كە لەژێر چەندین ناو لە شنگالدا هەن، حكوومەتی توركیا بۆردومانی سنووری شنگالی كرد، كە زیانی زۆری لێ كەوتەوە.
خەڵكی شنگال تاوەكوو ئێستا لە هەرێمی كوردستان ئاوارەن و ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان و ناوبەناو ئازیزانیان لە عێراق و سووریا لە دەست تیرۆریستانی داعش رزگار دەكرێن، لە ماوەی نزیكەی پێنج ساڵیڕابردوودا زۆرترین زیانی گیانی و مادییان بەركەوتووە و تاوەكوو ئێستاش حكوومەتی عێراق قەرەبوویانی نەكردووەتەوە.









