راپۆرت/ تریفە ئازاد
رۆژنامەی خەبات بە ئەزموونی زیاتر لە نیو سەدە و سەركەوتنەكانی جگە لە بواری سیاسی خۆی لە زۆر بواردا تاقیكردۆتەوەو بواری ئافرەتان یەكێك لەو بوارانە بووە كە هەم توانیویەتی هێز بە قەڵەمی ئافرەتانە ببەخشێت و هەمیش كێشەو بابەتەكانی تایبەت بە ئافرەت شرۆڤە بكات و بە خوێندنەوەی ئەكادیمیانە بۆی، چارەسەری گونجاو بدۆزێتەوە. لە 60 مین ساڵیادی بە ئاشكرا دەرچوونی رۆژنامەی خەبات ئافرەتان بیروبۆچوونی جیاواز دەخەنەڕوو: پێویستە رۆژنامەی خەبات هاوكار و پاڵپشتی ئافرەتان بێت سنۆبەر سابر ئەندامی دەستەی رێكخراوە جەماوەری و پیشەییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: یادی (60) ساڵەی پڕ لە ئەزموون و خزمەت بە گەلی كورد، لێتان پیرۆزە. كاریگەری و جێپەنجەی رۆژنامەی خەبات لەسەرجەم بوارەكانی تایبەت بە ژیانی تاكی كورد دیارە بە تایبەت لەو بوار و كایانەی كە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئافرەتی كورد هەیە. هیوادارم بەم شێوەیە بەردەوام بێت لە ئایندە زیاتر گرنگی بە رۆڵی ئافرەت بدات و رۆژنامەی خەبات هاوكار و پاڵپشت بێت بۆ ئافرەتان بە تایبەت ئێستا كە ئافرەتانی كورد پێیان ناوەتە قۆناغی دیكە لە ڕۆڵ بینین و بەرەوپێشچوونی كارەكانیان و لە زەرورەتی كایەكانی ژیان لە كۆمەڵگاكەمان تا زیاتر بەدیاربكەون و هەوڵی بەدەستهێنانی مافەكانیان بدەن. هەرچەندە ئافرەتان ئێستا لە هەلومەرجی لەبارتر دەژین و كار و جێپەنجەیان دیارە، بەڵام هێشتا ئاستەنگ و ئاریشە هەیە و كاریگەری ماوە لەسەر بەدیاركەوتنی زیاتری تواناكانیان، بۆیە پێویستە هەموو لایەك جدیتر هەوڵی هاوكاری و هەماهەنگی بدەن لە بەرەوپێشبردنی ئافرەتان، چونكە كاریگەری زیاتری لەسەر خودی خێزان و كۆمەڵگا و رۆشنبیركردن و هۆشیاركردنەوەی كۆمەڵگا هەیە. هەستی متمانەبەخۆبوون لە ئافرەتدا و تواناكانی خۆی وادەكات تاكێكی بەسوود و ئەكتیڤ و پڕ هیوای بۆ كۆمەڵگە لێدەربچێت. لە كۆتاییدا ئەمە دەبێتە قوتابخانەیەك بۆ ئایندە و باشتركردنی ئاستی تاك لە كۆمەڵگا، لێرەوەش رۆڵی دەزگاكانی راگەیاندن بەدەردەكەوێت كە ئەركیان چەند دژوارە بۆ بەرزكردنەوەی ئاستی هۆشیاری خێزان و تاكی كورد لەسەر بابەتەكانی تایبەت بە ئافرەت و رۆڵیان لە كۆمەڵگای كوردیدا. راستگۆیی و دڵنیایی خاڵی سەرەكی سەركەوتنی رۆژنامەیەكەیە ناسك سەعید ساڵیادی رۆژنامەی خەبات پیرۆز دەكات و دەڵێت: خەبات رۆژنامەیەكە كە توانیویەتی لەڕووی پیشەیی و ئیتیكێتەوە كارە رۆژنامەوانییەكانی خۆی بە ئەنجام بگەیەنێت، ئەمەش بۆتە فاكتەری هێشتنەوەی ئەم رۆژنامەیە وەك رۆژنامەیەكی رۆژانەی پڕ خوێنەر. ئەگەر وەك خوێنەر و پسپۆرێكی میدیایی لە راپۆرت، هەواڵ و تەواوی بوارە جیاوازەكانی رۆژنامەكان بڕوانین، دەتوانین ئاماژە بەو راستیە بكەین، لەناو ئەو پاشەگەردانییەی كە میدیای كوردی تێیكەوتووە رۆژنامەی خەبات توانیویەتی لە ئاستێكی بەرزی رۆژنامەوانی خوێنەری ئاشنا بكات بە تەواوی رەهەندە جیاوازەكانی میدیایی، بەو مانایەی چێژی رۆژنامەی بۆ خوێنەر هێشتۆتەوە، ئەم متمانەیەش هەروا بەسانایی دەستەبەر نەبووە، بەڵكو لەسەر ئەرك و ماندوبوونی ستافەكەی بووە. ئەگەرچی رۆژنامەیەكی حزبییە، بەڵام ئەمە نەبۆتە هۆكارێك بۆ بەمۆرك كردنی تەواوی راپۆرت و نووسینەكانی، بەڵكو هاوسەنگییەكی دروستكردووە لەنێوان هەواڵ و بابەتە جۆراوجۆرەكان. راستگۆیی و دڵنیایی خاڵی سەرەكی سەركەوتنی رۆژنامەیەكەیە. بۆ ساڵی ئایندەی كاركردنیان پێشنیار دەكەم گرنگی زیاتر بدرێت بە پرسی ئافرەت واتە جەختكردنەوە لەسەر ئەو پرسانەی راستەوخۆ تایبەتن بە خێزان و كۆمەڵگە و ئافرەت، ئەگەرچی هەتا ئێستا كارەكانیان لەو بوارانەدا جێگەی دەستخۆشییە، بەڵام هەوڵ بدرێت فراوانتر كاری لەسەر بكرێت. شانازییە بۆ ستافەكەی كە سەركەوتن و بەردەوامی رۆژنامەی خەبات نیشانەی پێشكەوتنی میدیایی كوردی دەردەخات. نەتەوەییانە مامەڵەی لەسەر سەرجەم پرس و رووداوە سیاسیەكان كردووە سندوس حسێن هەڵەبجەیی چالاكوان لە بواری ئافرەتان و كۆمەڵگای مەدەنی لە لێدوانێكی تایبەت بۆ رۆژنامەی خەبات گوتی: سەرەتا پیرۆزبایی لە سەرجەم ئەو ئازیزانە دەكەم كە هۆكاری مانەوە و بەردەوامین بۆ تەمەندرێژی ئەم رۆژنامە خۆشەویستە نەتەوەییە. ئێمەش هیوا دەخوازین تا ژیان مابێت هەمیشە خەبات، خەباتی بەردەوامبێت. خەبات وەك رۆژنامەیەكی سیاسی كە زمانحاڵی پارتی دیموكراتی كوردستانە یەكێكە لە كۆنترین رۆژنامەكانی كوردستان كە بەردەوامە لە دەرچوون و رۆژانە دەكەوێتە بەر دیدی جەماوەر و خوێنەرانی. زۆرترین ژمارەی خراوەتە بەر دەست و كە یەكەم ژمارەی لە 4ی 4ی 1959 دەرچوو، هەر لەسەرەتاوە توانیویەتی هزرێكی باشی نەتەوەیی و سیاسی بڵاوبكاتەوە و سەدان خاوەن قەڵەم لە سەردەمی خۆیدا پێبگەیەنێت و بیاناسێنێ. ئەوەی جێگەی سەرنج و هەڵوێستە لەسەركردنە دەستخۆشی و ستایشە كە رۆژنامەی خەبات كە هەمیشە رۆڵێكی ئەكادیمیانە و بە ئەخلاقێكی رۆژنامەگەری و نەتەوەییانە مامەڵەی لەسەر سەرجەم پرس و رووداوە سیاسییەكان كردووە ئەمەش تەنها لەپێناو پاراستنی یەكڕیزی نێوماڵی كوردبووە و ئەوەش نیشانەی زیندوویی ئەو رۆژنامەیە دەردەخات كە خۆی نەكردۆتە لایەنگری كێشە جیاوازەكان و تەنانەت لە كاتی باری سیاسی ئالۆزەكان و بگرە جەنگی ناوخۆشدا خەبات وەك رۆژنامەیەكی كوردستانی هەوڵێكی میانڕەویانەی داوە بۆ جوانكردن و باشكردنی ڕەوشی كوردستان و بەلاڕێدا نەبردنی پرسەكان لە پێناو بەرژەوەندی حزبایەتیدا. هەمیشە كاری لەسەر پاراستنی دابونەریتی نیشتمانی كردووە، رۆژنامەیەك بووە كە هەرگیز بەكەمی نەیڕوانیوەتە تاكەكانی كۆمەڵگای كوردی لەسەر هەرجۆرە ئایدیایەك بوبێ. رۆژنامەی خەبات دەیان رۆژنامەنوسی پێگەیاندووە دێكان عەلی قوتابی زانكۆ لە بەشی راگەیاندنی زانكۆی سەلاحەدین لە ساڵیادی رۆژنامەی خەبات گوتی: بەرز و پیرۆز بێت یادی دامەزراندن و بڵاوكردنەوەی رۆژنامەی خەبات، ئەو رۆژنامەیەی كە بووە پایەیەكی گرنگ لەبەرەو پێشچوونی رۆژنامەگەری كوردی و بە دایكی رۆژنامەكان ناسراوە، بەهۆی پێگەیاندنی دەیان رۆژنامەنووسی ئازا و بوێر كە ئێستا كاری تێدا دەكەن و لە هەمان كاتدا بووەتە فێرگەیەكی گرنك كە چەندین رۆژنامەنووسی بە توانا پێدەگەێنیت. رۆژنامەیەكە بە درێژایی ئەو ژمارانەی بڵاو دەكرێنەوە لەچەندین بابەتی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووری .. هتد پێك دێت و سەرچاوەكانی هەمیشە سەرچاوەی راستگۆن ئەمەش وایكردووە تا خوێنەران زۆرترین متمانەیان بەم روژنامە بێت كە رۆژانە بڵاودەكرێنەوە، بۆتە یەكێك لە رۆژنامە دیار و سەركەوتووەكانی هەرێمی كوردستان كە بە بەرپرسیاریەتییەوە مامەڵە لەگەڵ ڕووداوەكان دەكات.
سهرهتا چاوپێكهوتن لە یادی 60 ساڵەی دەرچوونی رۆژنامەی خەبات ئافرەتان پەیامی جیاوازیان هەیە









