سەرۆک بارزانی لە چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە هەولێر ڕای گەیاند، ماوەی تەواو درا بە هەموو لایەنەكان بۆ ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەت پێك بێت، لەم ساتەوە یەك چركەی تر چاوەڕێی لایەنەكان ناكەین و دەست بە كارەكان بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین.
ئەمڕۆ چوارشەم سێی نیسان, چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێب لە پایتەختی كوردستان بە ئامادەبوونی سەرۆك بارزانی و ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی و ڕۆشنبیریی ناسراوی كوردستان و وڵاتانی بەشداربوو لە پێشانگەكە كرایەوە و تێیدا رێوڕەسمێكی دەستپێك ڕێك خرا كە لە چەند گوتارێك پێك هاتبوو، لە کرانەوەی رێوڕەسمەکەدا سەرۆك بارزانی گوتارێكی پێشكەش كرد و دوای بەخێرهاتنی میوانان، بەوە دەستی پێ كرد، “هەرچەند تەكنەلۆژیا پێش بكەوێ، كتێب وەك باشترین هاوڕێ دەمێنێتەوە” و گوتی: “کردنەوەی پێشانگای کتێب ساڵانە لە هەولێر جێگای شانازییە و هەولێریش شانازی بەم پێشانگایە دەکات”.
پاشان سهرۆك بارزانی تیشكی خسته سهر كۆمهڵێ بابهتی ههنووكهیی كوردستان و عێراق و ناوچهكه و گوتی: ههندێ بابهت ڕوون دهكهمهوه كه ئیتر كاتیان هاتووه باس بكرێن و نغرۆبوونی بهلهمهكهی مووسڵی باس كرد و گوتی: ئەم کارەساتە ئەنجامی خراپیی دۆخی مووسڵ بوو، بەتایبەتی پاش کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ. بەداخێکی زۆرەوە زۆربەی ئەو خێزانانەی ئاوارە بوون، کاتێک مووسڵ کەوتە دەست تیرۆریستان، پاش ئازادکردنی شارەکە، موژدەیان پێ درا، بەڵام کە گەڕانەوە، بینییان ھیچیان بۆ نەکراوە و ناوچەکانیان وێرانەیە و دووبارە گەڕانەوە نێو کەمپەکانی ئاوارەیی.
ههروهها گوتی: پێویستە کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە، تاوەکوو باس لەم کارەساتە بکەین، کاتێک چاوپێکەوتنەکان لە نێوان بەرپرسانی سەربازی و ھێزەکانی ھاوپەیمانی لە نێوان ھەولێر و بەغدا کرا، ڕێککەوتنێک ھەبوو کە پلانی کۆنتڕۆڵکردنەوەی مووسڵ بە دوو قۆناغ بێت، یەکەمیان کۆنتڕۆڵکردنەوە و دووەمیش پاش کۆنتڕۆڵکردنەوە کە چۆن ئیدارەی شارەکە بدرێت. ھەر کاتێک لە پرۆسەکە نزیک دەکەوتینەوە، تێبینیمان دەکرد کە لایەنەکان لە پلانی دووەم دوور دەکەوتنەوە، ئەوان زۆر خێرا بوون لە پرۆسەی کۆنتڕۆڵکردنەوەکە. لە دوایین دیدار کە من تێیدا ئامادە بووم، گوتم کە پرۆسەی ڕزگارکردنەوەکە ئاسان نابێت، بەڵام دەشکرێت، پێشمەرگەش بە وردییەوە پلانەکەی خۆیان جێبەجێ دەکەن.
سهبارهت به كۆتاییهاتنی داعش، سهرۆك بارزانی بۆچوونێكی تری ههبوو، گوتی: “مەترسیی داعش کۆتایی نەھاتووە، ناکۆکییە ڕووکەشەکان کۆتاییان ھات، بەڵام ھێشتا داعش مەترسییەکی جددییە لەسەر خەڵک و پێویستە لەناوبردنی داعش لە عێراق و سووریاش ھاوکات بێت، ناکرێت داعش لە وڵاتێک لەنێو ببرێت، بەتایبەت لە نێوان ھەردوو وڵات، دواتر لەلایەکی دیکە خۆی ڕێک بخاتەوە و سەرھەڵبداتەوە”.
پاشان تیشكی خستە سەر پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا و ڕای گەیاند پێشێلکردنی دەستوور زۆر هەلی باشترکردنی پێوەندییەکانی هەولێر و بەغدای لەناو برد، بەڵام ئێستا کەشوهەوایەکی نوێ هەیە تاکو بتوانین چارەسەری کێشەکان بکەین و بە گەشبینییەوە ڕووانییە ئێستە و دووپاتی کردەوە کە هەولێر بە تەواوی پشتگیری لە هەوڵەکانی عادل عەبدولمەهدی دەکات بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پێویستە هەموو كێشەكان بە گفتوگۆ چارەسەر بكەین.
زیاتر روونی دەکاتەوە، ئەم هەلەی ئێستە بەهۆی عەبدولمەهدی دروست بووە ڕەنگە دوایین هەل بێت لە نێوانماندا، بۆیە دەبێ ئەو هەلە بەباشی بقۆزرێتەوە و كێشەكانی نێوانمان بە تەواوی چارە بكەین.
سەبارەت بە پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، سەرۆك بارزانی رای گەیاند: هەرێمی كوردستان هەڵبژرادنی بە سەركەوتوویی بەڕێ كرد و ئەنجامەكانیشی دەركەوتن، زۆرمان ئارام گرت و هەلی زۆرمان بە لایەنەكان دا بۆ ئەوەی حكوومەتی هەرێم پێك بێت و هەلی پێویست درا بە هەموان، بەڵام ئێستە گەیشتووینەتە قۆناغێك كە چیتر چاوەڕێ نەكەین و هیچ بیانوویەك نەماوە و كاتی چاوەڕێكردن تەواو بوو.
“پەرلەمان لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی كوردستان دەست دەكات بە كارەكانی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و دەستبەكاربوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لەم ساتەوە یەک چركەی تریش چاوەڕێ ناكەین و كارەكانمان بۆ پێكهێنانی حكوومەت دەست پێ دەكەین” سەرۆک بارزانی وای گووت.
لە چوارەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ كێتب 300 دەزگای چاپ و بڵاوكراوە تێیدا بەشدارن و یەك ملیۆن ناونیشانی جۆراوجۆر دەخرێتەڕوو و بۆ ماوەی 11 ڕۆژ بەردەوام دەبێت، هەروەها لەو پێشانگایە كتێبی 21 وڵات نمایش دەكرێت و 40 چالاكی جۆراوجۆر بەڕێوە دەچێ، ئەمەش لەكاتێكدایە لە ساڵی ڕابردوو لە مانگی 10 كرایەوە ئەوەیش بەهۆی سزادانی هەرێمی كوردستان لەلایەن عێراقەوە كە گەشتی فڕۆكەخانەكانی ڕاگرتبوو وایكرد ئەو پێشانگایە لە مانگی چوار بۆ مانگی 10 دوابخرێت.










