دیمانە: هاوار مورتكەیی
ئاریدۆ باسنیاكی Iridu Udanthi Basnayake كچەشەترەنجزانێكی هەڵبژاردەی سریلانكایە و كاندیدی ماستەری كچانە، كە لە ساڵی 1995 لەدایك بووە و تا ئێستا دووجار لەگەڵ هەڵبژاردەی وڵاتەكەی بەشداری ئۆلۆمپیادی شەترەنجی كردووە، لەوێ دەرفەتێكی باشی بۆ دەڕەخسێ كە بڕوانامەی گراندماستەر بەدەست بهێنێت، بەڵام چەند هۆكارێك روودەدەن كە نەتوانی ئەم نازناوە بەدەست بهێنێت، لەدیمانەیەكی لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات باسی هۆكارەكە و ژیانی وەرزشی خۆی و دەسكەوتەكانی دەكات.
پاڵەوانی سریلانكا
ئاریدۆ باسنایاكی دەڵێت: لە شاری كاندی سریلانكا لەدایك بووم، ئێستا قوتابی قۆناغی سێی كۆلیژی زانستیم، دەمەوێ سوپاسی باوكم بكەم كە فێرە شەترەنجی كردووم، كە مناڵ بووم لەبیرمە باوكم گوتی تۆ سیفاتی یاریزانی شەترەنجت تیادا هەیە چونكە كەسێكی لەسەر خۆیت، ئەوەبوو بەردەوام بووم و خۆشبەختانە سەركەوتووش بووم، بۆیە دەتوانم بڵێم باوكم یەكەمین سەرپەرشتیار و راهێنەرم بوو، یەكەمجاریش لە ساڵی 2003 بەشداریم لە پاڵەوانێتییە فەرمییەكاندا كرد، لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش یەكەمجار بەشداریم لە پاڵەوانێتی لاوانی جیهان كرد كە لە یۆنان بەڕێوەچوو، لەبارەی باشترین ئەنجامیشم دەتوانم بڵێم ئەوەی كە زۆر شانازی پێوە بكەم بەشداریكردنم بوو لە دوو پاڵەوانێتی ئۆلۆمپیادی شەترەنج لەگەڵ هەڵبژاردەی كچانی سریلانكا، و خۆشبەختانە نازناوی كاندیدی ماستەری كچانم بەدەستهێنا، لە ساڵی 2010 بوومە پاڵەوانی سریلانكا.
بۆچی گراندماستەری لەدەستچوو؟
هەروەها ئەو كچە سریلانكیە زیاتر گوتی: لە دووەم بەشداریكردنم لە ئۆڵۆمپیاد بەهۆی لەدەستدانی سەبرم، كە لە راوندی كۆتایی زۆر لە بردنەوە نزیك بووم، بەڵام بەداخەوە دۆڕام و بەهۆیەوە هەڵبژاردەكەمان نەیتوانی میدالیاكە بباتەوە و نازناوی گراند ماستەریشم لەدەست چوو، لەوكاتەوە زۆر نیگەرانم و هەرگیز ئەمەم لەبیرناچێت، بەڵام كۆڵ نادەم بۆ بەدەستهێنانی ئەم نازناوە، ئێستاش لە هەفتەیەكدا 12 كاتژمێر راهێنان دەكەم و دەمەوێت ئاستم بەرزتر ببێتەوە و ئامادەبم بۆ هێنانەدی خەونەكەم و بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر بۆ وڵاتەكەم.
فێری دان بەخۆداگرتن
لەكۆتاییدا ئاریدۆ كە خاوەنی ریتینگی 1709ی یەكیتی نێودەوڵەتی شەترەنجە لەبارەی شەترەنجەوە گوتی: شەترەنج زۆر هاوكارم بووە لە بونیاتنانی كەسایەتیم، فێرە دان بەخۆداگرتن و چۆنێتی بیركردنەوەی كردووم، هەرگیز واز لە شەترەنج ناهینم، شەترەنج بۆتە ژیانم و ئێستاش شەترەنج لە وڵاتەكەماندا لە پێشكەوتنی بەردەوامدایە، بەتایبەتیش كە لە قوتابخانەكاندا وا دەخوێندرێت، ئەگەرچی بۆ بردنەوە خۆم ماندوو دەكەم بەڵام لەبەر خۆشەویستیم بۆ ئەو یارییە بەردەوام دەبم ئەگەر نەگەمە خەونەكانیشم.









