خەبات: عەلی بانیشاری
تیپی شانۆی شارۆچكەی خورماڵ كە نزیكەی 8 ساڵە دامەزراوە داوای هاوكاری لە حكوومەتی هەرێم دەكات. سەرپەرشتیاری تیپەكە دەڵێ” ئەندامانی تیپەكە خۆیان خەرجی بەشێك لە چالاكییەكان دەگرنە ئەستۆ، چونكە مانگانە وەزارەتی رۆشنبیری حكوومەتی هەرێم هیچ بڕە پارەیەكمان بۆ دابین ناكات”. دەشڵێت” هاوكاری نەكردنمان نەبووەتە هۆی ئەوەی چالاكییەكانمان بوەستێنین”.
سەنعان فایەق هانەدنی، سەرپەرشتیاری تیپی شانۆی خورماڵ بەخەباتی گوت” لەماوەی چوار مانگی ئەمساڵدا نزیكەی 15 چالاكی جۆراو جۆرمان لە سنوری پارێزگای هەڵەبجە و سلێمانی ئەنجامداوە، ئەمەش بۆ تیپێكی شانۆیی كە هیچ هاوكارییەكی مادی نەكرێت زۆرە”. گوتیشی” ئەگەر دەستگیرۆیمان بكەن چالاكییەكانمان زیاتر فراوان دەكەن”. ناوبراو دەشڵێت” جیاوازتر لە تیپە شانۆییەكانی دیكە بەشێك لە چالاكییەكانمان بردووەتە گوندەكانی سنوری پارێزگای هەڵەبجە، ئەمەش دڵخۆشی دانیشتووانی گوندەكانی لێكەوتووەتەوە”.
سەرپەرشتیاری تیپی شانۆی خورماڵ نیگەرانە لەوەی وەكو پێویست هاوكاری شانۆ و شانۆكاران ناكرێت و لەوبارەیەوە دەڵێ” لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە هۆڵێكی شیاو نییە تا تیپە شانۆییەكان چالاكییەكانی تێدا ئەنجام بدەن، ئەمە لە كاتێكدایە دەیان ساڵە تیپ و چالاكی شانۆیی لە سنورەكەدا بوونی هەیە و چەندین شانۆكاری بەتوانا لەناوچەكەدا هەڵكەوتوون”. سەنعان فایەق هەروەها دەشڵێت” نەبوونی هۆڵی وایكردووە بەشێك لە كارەكانمان لەسەر شەقامەكان ئەنجام بدەین”. ناوبراو سوپاسی بەشی رۆشنبیری و هونەری شارۆچكەی خورماڵ و بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری و هونەری پارێزگای هەڵەبجەی كرد كە چەندین جار پشتیوان و هاوكاریان بوون. تیپی شانۆی خورماڵ لە 11/11/2011 دامەزراوە. 25 كەس ئەندامی دامەزرێنەری تیپەكەن و خاوەنی موڵەتی فەرمییە. بەوتەی شانۆكارانی ناوچەكە تیپەكە لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە چالاكترین تیپی شانۆییە.









