نەژاد عزیز سورمێ

بیركردنەوە لە پێشكەوتنی بە پلان دیواری ترس و دڵەڕاوكێ دەڕوخێنێ و سنووران واڵا دەكا و دەرگایان دەكاتەوە بۆ ناو ئەو كۆمەڵگەیەی كە ئێستا لەسەر زارو زمانانە، مەبەستم (كۆمەڵگەی مەدەنی)یە ..
كە باس لە پلان و نەخشەیش دەكرێ، ئەوە ناگەیەنێ هەروا بەئاسانی و بێ گرێ و گرفت دەگەینە ئەو قۆناخە… ئەمە مەسەلەیەكە كاری دەوێ، كۆشش و ماندووبوونی دەوێ…(جیدیەت)ی لە بیروبۆچوون و هەڵسوكەوت و هەوڵدان بۆ خۆ دەربازكردن لە گومان و ڕاڕایی و خۆپەرستی لە سنووران بەدەر و پاشماوە كەڵەكەبووەكانی دواكەوتوویی بە گیانی ئینتیمای گەرەكە.
ئەگەر ( تاقەتت هەبێ ) بیری لێ‌ بكەیەوە، ئێمە حاڵی حازر لە گەلێك بواری جیاجیادا تەكنەلۆژیای نوێمان لەدەستە بە تایبەتی لە بواری پێكگەیشتن و گەیاندندا، بەڵام با بپرسین تا چەند توانیمانە لەگەڵ مەودا و ڕەهەندە پێشڤەبڕ و پاشڤەبڕەكانیدا بێینەوە… باس لێرەوە دێتە گۆڕێ، ئێمە بە كولتوور و بیركردنەوەی قۆناخی شوانكارەیی و كشتوكاڵییەوە.. هاتووین چووینە پێش كۆمپیوتەر و ناو تۆڕی ئەنتەرنێت وسواری پێشكەوتووترین ئۆتۆمبیل بووین!
تۆ تەماشا میدیاشمان بەهەمان پێوەر چووتە ناو تونێلێك تا ئێستا ئەوسەری دیار نییە… ئەو ڕوناهییەی ناو تونێلیش كە بەرپێی خۆمانی پێ دەبینین، ڕوناهی دەسكردە، شەوقی ئەو گڵۆپانەیە تێیدا هەڵكراون… تونێل كە ڕوناهیەكی ناگاتێ… چ جای ئەوەی ئەوسەری دیار نەبێ… لەوەش سەیرتر، لەو ساتەی هەستی لەخۆڕازیبوونمان لە ئاست كار و كردەوەكانمان كز دەبێ‌، هەر لەو كاتەدا خەیاڵی خۆدیدەیی داماندەگرێ و بەجۆرێك خۆمان لێ‌ ون دەبێ‌ بەرپێی خۆیشمان نابینین…
ئەم وڵاتەی ئێمە كە لە قسان هەر لەدێرەوە بێشكەی شارستانییەت بووە، كە بەڕاستیش هەروا بووە، ئەوە قسەی من نییە، كنەو پشكنینە ئاركیۆلۆژیەكان وایان سەلماندوە، ئایا ئێمە ڕۆژێ لە ڕۆژان لە خۆمان پرسیوە، ئەو هاوسەنگییە چۆن و بۆ تێكچوو… ئەو باڵانسەمان بۆ پێ ڕانەگیراوە..؟
ئایا ڕاستە ئۆباڵی هەموو هەوڵە سیزیفیەكانمان هەمیشە بخەینە پاڵ خەڵكی تر و فاكتەری دیكەی دەرەوەی خۆمان؟
بەرابەر پرسێكی ئاوەها، ڕەنگە دیسان قەوانە كۆنەكەی نەبوونی ئازادی و چی و چی لێبدەینەوە… لێرەشدا باس نە لە ئازادی ڕەهایە، كە لە هیچ كونجێكی ئەم دنیایەدا نییە و نە لە ئازادی بەقەدخۆ… باس لەو پەراوێزەیە كە ئەمڕۆ دەزگاكانی میدیا هەیانەو تا ئیستا نرخی نەزاندراوە…. یا بە واتایەكی دیكە بەرهەستیی ئەو دەزگایانە لە بەرابەر دەسەڵات و خەڵك نەگەیوەتە ئەو ڕادەیەی شتان لە واقیعی خۆیاندا بخوێنینەوە نەك بە چاویلكەی واقعێكی نامۆ و وێكنەچوو، هەر ئەوەیشە بەرژەوەندییە چارەنووسسازەكانی لە مامەڵەدا لەبەرچاوان دوور ڕاگرتووە، بە نموونە ئەمڕۆ ئەوەی بە ئەزموونی كوردستان ناسراوە بە هەموو ڕەهەند و مەوداكانییەوە و لەگەڵ ئەو تەنكەتەمە نائومێدییەش وای لێ ‌دەخوێندرێتەوە لەبەر ئاستانەی وەچەرخانێكی تازەدا بێ‌، پێشهاتە چاوەڕوانكراوەكان لەوێنەی دووڕیانێكی یەكلاكەرەوە لە ئاسۆدا دەردەكەون…
بێگومان وەختێ كار دەگاتە مەسەلەیەكی لەو ڕەنگە، ڕەخنە و ئیرادیشمان لێی هەبێ، بەشێكی بەرپرسیاریەتی هەنگاوهەڵێنان و هەڵوێست وەرگرتن دەكەوێتە ئەستۆی هەڵسوڕاوانی میدیا و دەزگاكانی، بەتایبەتی لەوەی دەچێتەوە ناو هەر دوو بواری پەروەردە و تەندورستی كە ڕۆڵی یەكلاكەرەوە و ستراتیژی لە بینای ئینساندا دەگێڕن… ڕێگایەكی ترمان لەبەردەمدا نییە، یا دەبێ هەبین، یا هەبین… ئەم ئەزموونە بە هەموو لایەنە پۆزەتیف و نێگەتیفەكانییەوە ئاسان نەهاتووە (باوەكو كەموكورتییەكان بەری ئەم ڕاستییەشیان گرتبێ‌) هەزاران ڕۆڵەی دڵسۆزی دیار و نادیار تا ڕادەی خۆفیداكردن بۆی، پێوەی ماندوو بوون .. خۆنەبان كردن لێی، بەهەندنەگرتنی مێژوو و وەك هەمیشە نەخوێندنەوەی پەندو عیبرەتەكانیەتی..
هەرگیز ڕۆژگارەچارەنووسسازەكان بە كەمتەرخەمی و بێموبالاتی و سەرقاڵ كردنی نەوەی نوێ‌ ( كە سبەی بەرپرسیاریەتی چارەنووسسازیان دەكەوێتە ئەستۆ ) بە ڕووكەشایەتی و چاولەدەری و خۆنەخوێندنەوەو لەدەستدانی متمانە و ئینتیما و دواخستنی لەوەی پێویستە دوانەخرێ‌ تێناپەڕن..
دەزگاكانی میدیا هەقە ئەمڕۆ لە شایانترین شێوەیدا سوود لەو پەراوێزە بەردەستە ‌بۆ هەموو ئەو پرس و ڕوانینە سیاسی و كۆمەڵایەتیانەی لە گۆڕێن وەربگرن، ئەوان بە هەر ئاراستەیەكدا بڕۆن یاخود لە هەر كەنارێكدا بگیرسێنەوە، لەسەریانە ئەگەر پێشزانییەكیان هەبێ بۆ ڕەوتی ڕووداو و پێشهاتەكان لە بەشداری پێكردن و بەرچاوڕوونی و خەڵك باخەبەر كردن نەوەستن، چونكە هەر ئەوەیان بۆ دەمێنێتەوە و سیمایان لەو ڕیكلامانە جوانتر و سەرنجڕاكێشتر دەردەخا ‌ بڵاویان دەكەنەوە .
گرینگە ئەو دەزگایانە لە كارەكانیاندا هەوڵ بدەن بڕیاربەدەستان ڕووە شاراوەكان لە وەكو خۆی ڕوونتر ببینن.، بەڵام گرنگیشە لە ئاست و پێكهاتە و هاوكێشەكانی ئێستای كۆمەڵگەی كوردەواریدا ئەمە بكەن با گریمان دیمەنێكی تێكەڵ و پێكەڵیش بنوێنێ‌…
ئەوە ئێمەین كڵاشیش دەدروین و ئەنتەرنێتیش بەكاردەهێنین و سیاسەتیش دەكەین و دیپلۆماتكاریشین و نەخوێندەواریشین و سواری نوێترین ئۆتۆمبێلیش دەبین كە دوا تەكنیكی تێدایە، ئاژەڵ و پەلەوەر و تەماتەو خەیاریش لە دەرەوە دەهێنین ..!
ئەوە ئێمەین لە پێناوی بوونی خۆماندا نانی وشكمان خواردووە و بێكەس بەچۆل و چیایان كەوتووین، ئێمەین ڕۆژگارە تاڵەكانمان لەبیر دەكەین و هیوامان پشت گوێ ‌و ئایندەمان ڕۆژێ‌ بە چاو و زەینی خۆمان نەبینیوە، هەر ئێمەشین دەبین بە هاوپەیمانی زلهێزەكانی دنیا، كە دیسان بەپێوانەی بەرژەوەندی، جارێ‌ فەرشی سوورمان بۆ ڕادەخەن و جارێ‌ پشتمان تێ‌ دەكەن و بكوژ و ببڕانمان تێبەردەدەن .
ئێمە وا دەخوازێ‌ هەوڵ بدەین هاوكێشە تازەكان بە چاوی ئەمڕۆ ببینین و بڕیار بدەین هەموومان پێكەوە بژین نەك یەك یەك، ئەوە مێژوو و پێشهاتەكانی ڕابردوومانە ئاماژەی مەترسییەكانمان پێ‌ دەڵێ تا ئەگەر سبەینێ حسابێكمان پڕ بە هەناسەی خۆمان، پاش ئەو هەموو زوڵم و غەدری ڕابردوو بۆ نەكرا كە مافی ڕەوای خۆمانە، تین و تاوی ئەوەمان تێدا بێ‌ ئەوەی ئێستا لە ڕووی میواننەوازییەوە یا لە خۆنەدیتن یا پاراستنی چەند بەرژەوەندیەكی كاتی بێهوودە، بێدەنگی لێ كراوە، بەهۆی زۆر ئەگەر كە بێگومان لە مووقەڵێشان ون نین، هەر وا نەمێنێتەوە…