وەیسی سەعید وەیسی
ئەم وتەیەی سەرەوە تەنها وتەیەكی ئاسایی نییە بۆ هیچ موزایەدەیەكی سیاسی و پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن نییە بەڵكو ئەمە تێڕوانینی دیارترین سەركردەی مێژووی گەلی كوردستانە كە ئامادە نەبوو دەست لە كوردستانی بوونی شاری كەركووك هەڵبگرێت تا سەرەنجام گەورەترین شۆڕشی كردە قوربانی لەم پێناوەدا، بۆیە ساڵیادی لە دایك بوونی سەركردەی نەمر (مەلا مستەفا بارزانی) یم بە دەرفەت زانی تا بە كورتی ئاماژەیەكی خێرا بۆ پێگەی كەركووك بكەم لە تێڕوانینی بارزانی نەمردا، چونكە ساڵیادەكە هاوكاتە لەگەڵ ڕەوشی نالەباری شاری كەركووك كە بە داخەوە بەهۆی خیانەتە رەشەكەی (16 ئۆكتۆبەر) دوو چاری بووە كە ئەمەش ناخی هەموو كوردێكی خاوەن هەڵوێستی هەژاندووە كە چۆن وا بە خێرایی تەنها لەبەر بەرژەوەندیی گیرفانی چەند كەسێك وا هەرزان فرۆش كراوە و بەرژەوەندیی خۆیان خستە پێش بەرژەوەندیی خەڵك و خاكی كوردستان، چونكە لەگەڵ ئەمەشدا كەوا زۆر بە ئاسانی دەستبەرداری شارەكە بوون و هەرزان فرۆشیان كرد كەچی لێرە و لەوێش دەیانویست راستییەكان بشێوێنن و بە دروشمی گەورە و بریقەدار خیانەتەكەیان پەردە پۆش بكەن، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا دڵنیام خەڵكی كوردستان بە گشتی و شاری كەركووك بە تایبەتی چاك ڕاستییەكان دەزانن كە چۆن بارزانی نەمر لە دەستپێكی ڕابەڕایەتی كردنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی گەلی كوردستان داكۆكی لەسەر كوردستانی بوونی (كەركووك) كردووە بەجۆرێك كە هیچ كات ئامادە نەبووە سازشی لەسەر بكات. بۆیەش بارزانی نەمر كەركووكی كردۆتە ڕەمزێك كە لە یادەوەری تاكی كوردادا وەك ناسنامەیەكی نەتەوەیی سەیر دەكرێت تەنانەت خاڵی بەیەك نەگەیشتنی سەركردایەتی شۆڕشی ئەیلول و ڕژێمی ئەو سای عێراق بە ڕێكەوتنێك مەسەلەی كوردستانی بوونی كەركووك بووە كە بارزانی نەمر ڕێگای نەدا بەهیچ شێوەیەك سازش و موزایەدە لەسەر كەركووك بكرێت، تەنانەت سەرۆك مسعود بارزانی لەپەرتووكە مێژووییەكەدا(بارزانی بزوتنەوەی رزگاریخوازی كورد)لەبەرگی سێیەم بەشی دووەم لە لاپەرە 39دا، باس لەرووداوێك دەكات لەسەروبەندی مۆركردنی ڕێكەوتننامە مێژووییەكەی 11ئادار كە وەڤدی حكومەتی عیراق لە كاتی گفتوگۆكانیاندا پرسیاریان لە مەڕ پرسی شاری كەركووك كرد كە ئایە سەربەچ لایەكە، وەفدەكە گوتیان (كێ دەڵێ كەركووك كوردستان نییە)، لەم دانیشتنەدا بارزانی نەمر زۆر بەتوندیەوە بەرپەرچی وەڤدكەی دایەوە و پێی گوتن: ” من دەلێم كەركووك كوردستانە، خۆ لەوە بپارێزن بلێن كوردستان نییە بەڵكو بڵێن ئێمە كەركووكمان داگیركردوە، هەتا تاكە كوردێكش لە كەركووك بمێنێت كەركووك كوردستانە و زۆرباش بزانن كە هیچ كات دەستبەرداری نابین”. تەنانەت سەرۆك بارزانی باس لەوە دەكات كە زۆری نەمابوو بە هۆی ئەم هەڵوێستەیە توندەی بارزانی نەمر دانیشتنەكە بەیەكجاری تێك بچێت كە لە دوایشدا ڕژێم لەسەر هەڵویستی خۆی بەردەوام بوو، تەنانەت ویستی لە رێگای دەستكەوتی جۆراوجۆر بارزانیی نەمر رازی بكات تادەستبەرداری كوردستانییەتی كەركووك بێت، بەڵام نەك تەنها ئامادەنەبوو دەستبەرداری بێت، بەڵكو سەرئەنجام شۆرشی ئەیلوولی لەم پێناوەدا كردە قوربانی، چونكە لە تێروانینی بارزانیی نەمر چۆن مرۆڤ ناتوانێت بەبێ دڵ بژیت ئاواش گەلی كورد ناتوانن بەبێ كەركووك بژین كە تا بەئەمرۆش دەگات ئەم كاریگەرییە لەسەرهەستی تاكی كورد هەر ماوە هەرچەندە بۆماوەی زیاترلە 17مانگە دەچێت بەهۆی خیانەتی 16ی ئۆكتۆبەر كەركووك داگیركراوە، بەڵام بۆ هەتاهەتایە گەر یەك كوردیشی تێدا بمێنێت كەركووك هەر بە كوردستان دەمێنێتەوە و هیچ هێز و لایەنێك ناتوانێ بەزەبری چەك وتەعریب كردن كەركووك بكات بەهی خۆی و سازشی لەسەر ناكرێت. ماوەتەوە بڵێین هەموو ئەوانەش كە دەستیان لە خیانەتە رەشەكەی 16ی ئۆكتۆبەر هەبوو، مێژوویەكی ڕەشیان بۆ خۆیان تۆمار كرد و دەبێ باجی خیانەتەكەیان بدەن، چونكە هیچ كات مێژوو رەحمی بە هیچ كەس و لایەنێك نەكردووە كە خیانەتیان لەگەڵ خاكەكەی كردووە، ئۆباڵی هەموو نەهامەتییەكانیش كە بەسەر كەركووكدا هاتووە لە ئەستۆی ئەوان دایە.
سڵاو و دروود لە گیانی پاكی بارزانیی نەمر كە ناسنامەی گەلی كوردستانە
سڵاو لە كەركووكی دڵی كوردستان









