خهبات: هاوار مورتكەیی
رۆلا محەمەد مەحمود كچە شەترەنجزانی سوریا و راهێنەری یانەی نەسڕی سوری لە دیمانەیەكی تایبەت بە لاپەڕەی وەرزشی رۆژنامەی خەبات ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئاگاداری چالاكییەكانی یانەی شەترەنجی خانزادە لە هەولێر، ئەو كچە شەترەنجزانە ساڵی رابردوو توانی نازناوی پاڵەوانی سوریا بەدەست بهێنێت، لەپاڵ ئەمەش ژمارەیەك یاریزان لەژێر سەرپەرشتی ئەودان و ئەنجامیان لەسەر ئاستی وڵاتەكەیان بەدەستهێناوە.
رۆلا محەمەد لە ساڵی 1992 لە شاری حمس لە سوریا لەدایك بووە و مامۆستایە لە كۆلیژی پەروەردەی وەرزشی و لە دەستپیكدا ئاماژە بە سەرەتای ئاشنابوونی بەشەترەنج گوتی: دوای ئەوەی دركم بەوەكرد كە شەترەنج زۆر سوودی هەیە، خۆم فێركرد و دەستم بەو یارییە كرد، بۆیەكەمین جار لە سەر ئاستی دەرەوە بەشداریم لە پاڵەوانێتی عەرەبی كرد لە ساڵی 2005 كە لە ئوردن بەڕێوەچوو و توانیم لەخوار 16 ساڵیدا پلەی سێیەم بەدەست بهێنم، كە ئەوكات تەمەنم تەنها 13 ساڵان بوو، باشترین ئەنجامیشمان وەكو هەڵبژاردەی سوریا لە ئۆلۆمپیادی باكۆ بوو كە توانیمان میدالیای زێڕی گروپی D بەدەست بێنین، هەر ئەوكاتیش توانیم بڕوانامەی WFM بەدەست بهێنم هەروەها لە ساڵی 2018 توانیم نازناوی پاڵەوانی سوریا بەدەست بهێنم، دەتوانم ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە سەرباری ئەو یارودۆخەی بەسەر سوریادا هاتووە لە شەڕ و گەماڕۆ و قەیران، كەچی ئەنجامەكانی زۆر دلخۆشن.
دواتر راهێنەری یانەی نەسڕی سوری لەوەڵامی تا چەند ئاگاداری شەترەنجی كوردستانە گوتی: چالاكییە بەردەوامەكانی یانەی شەترەنجی خانزاد لە هەولێر دەبیستم، كە بایەخیكی گەورە بەشەترەنج دەدەن، بەتایبەتیش لە كردنەوەی خولی فێربوون و هەروەها بایەخ بە شەترەنجی رەگەزی ئافرەت دەدەن، سەبارەت بەخەونی خۆیشی گوتی: هێشتا خەونەكەم لە یاری شەترەنج نەهاتۆتەدی، هەروەها شەترەنج هێشتا نەبۆتە سەرچاوی لوقمەی ژیان، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لە پلەی یەكەمی ژیانم دێت، چەند ئەو یارییەم خۆش دەوێ، هێندەی تر حەز بە كاری راهێنەرایەتیش دەكەم، بەتایبەتیش راهێنەرایەتی كردنی منداڵان، بۆیە بەلای منەوە شەترەنج هونەرە، وەرزشە، زانستە، ئەو زانستە پیویستی بەبەدواداچوونە، تێگەیشتن و خۆ رۆشنبیركردنه، هونەرە لەبەر ئەوەی پشت بە داهێنانی خودی یاریزانەكەوە دەبەستێت، وەرزشیشە لەبەر ئەوەی بەردەوام پێویستی بە راهێنان و توانای بەرگەگرتنە، لێرەوە بەپێویستی دەزانم سوپاسی هەموو ئەوانە بكەم كە بەهەر شێوەیەك بووبیت پشتگیریان كردووم، بەتایبەتیش دایك و باوكم، هەروەها سوپاسی یەكێتی شەترەنجی سوریا و تەواوی دۆستانم دەكەم، بەتایبەتیش سوپاسی زۆری یانەی نەسڕ دەكەم كە متمانەیان پێ بەخشیم.









