ئازاد جندیانی راوێژكاری سەرۆك مەسعود بارزانی لە گفتوگۆیەكیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریكا دەڵێت: كەس ناتوانێت لە كوردستان دوو ئیدارەیی دروستبكات، تەنیا وڵاتانی هەرێمی نەبێت، ئێران دەیەوێت حەدیقەیەكی تەواوكراوەی هەبێت لە سلێمانیدا، ئێران بە ئاگایە لە بەرزكردنەوەی داواكارییەكانی یەكێتی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكوومەت، دەشڵێت: ئەگەر تا 4/1 یەكێتی هەروا بڕوات، دڵنیام پارتی لەو مەسەلەیە دەسووڕێتەوە و یەكێتی دەخاتە دواوە، جا یان ئەو وەزارەتانەی بەر یەكێتی دەكەون، بە بەتاڵی دەهێڵرێنەوە، یان بە وەكالەت بەڕێوەدەبرێن.
لە سەرەتای گفتوگۆكەدا جندیانی گوتی: نەك هەر من هەر هاووڵاتییەكی كوردستان نیگەرانە لە درێژەكێشانی ئەم كۆبوونەوانە، بەڵام پێم وانییە درێژە بكێشێت، وای بۆ دەچم لە سەرەتای مانگی چوار واتە 1یان 2/4 كۆتایی بەم ڕێگرییانە بهێنرێت كە لەبەردەم پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتدا لە ئارادان كە حەقیش نییە ئەو رێگرییانە هەركەس هەیە بیكات ئەوەی دیارە ئێستا یەكێتییە ڕێگری دەكات لە پێكهێنانی حكوومەت، بەشێكی وەك دەڵێن پەیوەندی هەیە بە كێشە نێوخۆییەكانی یەكێتی لەسەر پۆستەكان بۆیە گرێكوێرەكان دروستدەكات.
یەكێتی تووشی غرور ببوو و پێویستە دابمركێتەوە، چونكە دەیەوێت زۆرترین نوقرچك لە پارتی بگرێت ئازاد جندیانی ئەوەشی گوت، بەڵام من تەنها ئەو لایەنەی نابینم بەڵكوو یەكێتی تا حەدێك تووشی غرورێك ببوو لە ماوەی رابردوودا كە پێموایە دەبێت وردە وردە ئەو غرورە بنیشێتەوە، وەك زاراوەی رەواندوزی دەڵێن دابمركێتەوە، ئەگەرچی ئەم رێگرییانەی یەكێتی پێكهێنانی حكوومەت دوادەخات، بەڵام یەكێتی دەیەوێت زۆرترین نوقورچك لە پارتی بگرێت، بەڵام پارتی ئێستا ئازادە لە پێكهێنانی حكوومەت بەتایبەت دوای رێككەوتنی لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، چونكە بەشێك لەو پۆستانەی یەكێتی داوای دەكردن درا بە گۆڕان و لایەنەكانی تر لەگەڵ ئەوەشدا كاتێك پارتی دەستپێشخەریەكی دەكرد بۆ یەكێتی بۆ رۆژی دواتر یەكێتی گرێكوێرەیەكی تری دروست دەكرد.
ڕاوێژكاری رووناكبیری و سیاسی، سەرۆك مەسعود بارزانی، ئەوەشی گوت: یەكێتی تا ئێستا تاكە هۆكاری پێكنەهێنانی حكوومەتە، بەڵام هەموو كات ئەم داخرانە مەرج نییە سوودی هەبێت، بەڵكوو هەندێجار ئەنجامی پێچەوانەی دەبێت سوڕان و دواكەوتنی بەدوادادێت، بۆیە من پێم وایە ئەگەر تا 4/1 یەكێتی هەروا بڕوات دڵنیام پارتی لەو مەسەلەیە دەسووڕێتەوە و یەكێتی دەخاتە دواوە پڕۆسەكە دەڕوات، ئەوكات ئەو وەزارەتانەی بۆ یەكێتی داندراوە یا بە بەتاڵی دەهێڵرێتەوە یا بەوەكالەت بەڕێوەدەبرێن كە ئەمە بۆ یەكێتی زۆر ترسناك دەبێت و بۆ پڕۆسەی سیاسیی هەرێمی كوردستانیش من ناڵێم مەترسیدار دەبێت، بەڵام حاڵەتێكی خۆش نابێت، بۆیە یەكێتی لەم 10 ڕۆژەی ماوە ئەو گرێ و كێشانەی ناوخۆی خۆی یان ئەو گڕێكوێرانەی بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ دروستی كردووە دەكاتەوە، چونكە دواجار ئەوەی زیان دەكات یەكێتییە، نەك پارتی و گۆڕان و ئەو لایەنانەی تر كە بەشداری راستەقینەیان دەبێت لە پێكهێنانی حكوومەتدا.
جندیانی لە قسەكانیدا باسی لەوەشكرد: پارتی زۆركات و ئەمجارەش زۆر حسابی كورسی لەگەڵ یەكێتی نەكردووە، بەڵكو زۆرتر پۆستی پێداون ئەوەتا وەك باس دەكرێت لە ڕاگەیاندنەكانەوە پۆستی جێگری سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمانی داوە بە یەكێتی، بۆیە ئیتر پێویستە لەم چەند رۆژەدا روون بێتەوە كە یەكێتی مەبەستێتی حكوومەت پێكنەیەت یا چی؟ ڕاشیگەیاند: من ئەوە ناونانێم نازكێشان، چونكە ڕەنگە ئەو دەستەواژەیە لە سیاسەت بەكارنەیەت، بەڵكو زیاتر شاعیرانەیە، هەتا دەكرێت ڕاگەیاندن بەكاریبهێنێت، بەڵام پارتی مەبەستیەتی كابینەیەكی هەمەلایەن پێكبهێنێت تا هەمووان پێكەوە رووبەڕووی دۆخەكان لە كوردستان و بەغدا ببنەوە تا سبەی بیانوویەك بۆ یەكێتی نەهێڵنەوە بڵێ پارتی نەیهێشت من بەشداربم، واتە ئەوە پیشاندانی نییەتپاكی پارتییە بەوەی كە هەموو لایەنەكان بەشدار بن، بۆیە ئەم چەند مانگە پارتی زۆر بە تەحەمول و ئیجابیانە مامەڵەی لەگەڵ یەكێتی كردووە.
لەبارەی داواكاری یەكێتی بۆ بەشداریكردنی كارای لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ئازاد جندیانی گوتی: یەكێتی تا ئێستا بەشداری كارای هەبووە لە حكوومەت هەر بۆ نموونە باسكردن لە بابەتی نەوت كاتی خۆی یەكەم سوكانی بۆڕییە نەوتی كوردستان بەدەستی خودا لێخۆشبێت بەڕێز مام جەلال و هەروەها بەڕێز كاك مەسعود بوو لەبەرچاوی نوێنەرانی وڵاتان و ملیۆنان خەڵك یان نمونەیەكی تر ئەوكاتەی لەناو یەكێتی بووم، كاتێك لە كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی بە توندی ڕەخنەمان لە وەزیرێكی یەكێتی دەگرت، بەڵام رەخنەكان لەسەر ئەوە نەبوو كە بەرنامەی یەكێتی جێبەجێنەكردووە، بەڵكو لەسەر ئەوەبوو كە لە وەزارەتەكەیدا 10 فەرمانبەری پارتی زیاترە لە فەرمانبەری یەكێتی واتە بەداخەوە تێگەیشتن لە بەشداری كارا بەمجۆرە بووە كە ژمارەی فەرمانبەری لایەنێك زیاتر بووە لەوی تر.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی كێ بوون ئەوانەی لەناو یەكێتی بەشدار بوون لە دۆسیەی نەوت؟ ئازاد جندیانی گوتی: ڕۆژێك دێت ئەوانەی پشتپەردە ئاشكرا دەبن، ئەوانەی وەك من وازیان هێناوە یا تا ئێستا لە ناو یەكێتیدا ماون و وەك ئێمە بێ ئاگابوون لە دۆسیەی شەریكایەتی دۆسیەی نەوت لە ناو یەكێتی ئەگەر لیژنەیەك پێكهات بۆ لێكۆڵینەوە وە جدی بوون لە لێكۆڵینەوە بانگم بكەن دەچم زانیارییەكانیان پێدەدەم.
لە وەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا پێتان وایە هەرێمی كوردستان لەبەردەم دروستبوونی دوو ئیدارەدا بێت بە فەرمی؟ ئازاد جندیانی گوتی: ئەوكاتەی ئێمە لەناو یەكێتی بووین لە 1996 تا دوای 2000 ئێمە لەناو یەكێتی لە هەموو كەس زیاتر جەختمان لەسەر یەكگرتنەوەی ئیدارە دەكردەوە، بۆیە پێم وانییە لەناو سەركردایەتیی یەكێتی دوو ئیدارەیی هەواداری زۆری هەبێت، بەڵام خۆ ئێستاش دوو ئیدارەییە بە جۆرێكی تر هەر بۆ نموونە پارتی موراعاتی یەكێتی زۆر كردووە بۆ نموونە لەو پڕۆژانەی لە سلێمانی دەكرێتەوە كاك قوباد دەچێت دەیانكاتەوە ڕاستە لەپەراوێزدا ئاماژە بە حكومەت دەكات بەڵام وەك دەسكەوتی یەكێتی پیشان دەدرێت ئەم دەرفەتەش پارتی بە تایبەت سەرۆكی حكوومەت كاك نێچیرڤان بارزانی دا بە یەكێتی تا لەو ناوچەیەی یەكێتی تووشی قەیرانی متمانەبوو ئەو حزبە لەناو بنكەی جەماوەریدا جارێكی تر یەكێتی هەستێتەوە و وزە بەخۆی بداتەوە.
ئێران دەیەوێت حەدیقەیەكی تەواو كراوەی هەبێت لە سلێمانیدا، ئێران بە ئاگایە لە بەرزكردنەوەی داواكارییەكانی یەكێتی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكوومەت. ئازاد جندیانی جەختی كردەوەش كەس ناتوانێت دوو ئیدارەیی لە كوردستاندا بچەسپێنێت، گوتی: ئەوەی بە تەنها دەتوانێت دوو ئیدارەیی بچەسپێنێت وڵاتانی هەرێمیین ئیتر توركیایە یا ئێران بەتایبەت ئێران، چونكە ئێران دەیەوێت حەدیقەیەكی تەواوكراوەی هەبێت لە ناوچەی پشتی خۆی لە زۆنی سلێمانیدا. هەروەها گوتیشی: من پێم وایە ئەگەر ئەمە ببێتە ستراتیژی ئێران بەتایبەت بیەوێت لە ناوچەیەكی سنووری گرنگ بۆ دژایەتی ئەمەریكا دروستبكات لە زۆنی سلێمانیدا دەتوانێت ئەم حاڵەتە دوو ئیدارەیی فەرز بكات، ئێران دەسەڵاتی هەیە هەندێك شت فەرز بكات، من پێم وانییە ئێران بێ ئاگا بێت لە سیاسەتكردنی سلێمانی هەتا لەبەرزكردنەوەی ئاستی داواكارییەكانی یەكێتی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێ، من پێم وانیە ئێران بێ ئاگا بێت.
ئازاد جندیانی بەمجۆرە وەڵامی دایەوە و گوتی: من دەڵێم ئێران بە ئاگایە لە بەرزكردنەوەی داواكارییەكانی یەكێتی بۆ بەشداریكردن لە كابینەی نوێی حكوومەت، ئیتر دوای شیكەرەوەیەكی تر بهێنن بۆتان شی بكاتەوە ئەو قسەیە واتای چی؟
ئازاد جندیانی وەڵامی ئەو پرسیارەشی دایەوە ئایا گۆڕان دەتوانێت ببێتە جێگرەوەی یەكێتی بۆ پارتی؟ لەو ڕوەوە گوتی: وەك سەرەتا وتم من لەگەڵ دەستەواژەی نازكێشان نیم، چونكە ئەوە زیاتر شاعیرانەیە نەك سیاسییانە، بەڵام گۆڕان قەبارەی خۆی هەیە لەگەڵ ئەوەشدا پارتی نازی ئەویشی كێشاوە، هەرخۆی پارتی لە رووی ژمارەی كورسی و ژمارەی دەنگ و هەبوونی سەركردەیەكی كاریزمای وەك كاك مەسعود بارزانی حساب بكەیت حزبی برا گەورەیە، ئێ برا گەورەش دەبێت كەمێ بەسۆز بێت لەگەڵ برا بچوكەكانی تر. گوتیشی: حزبی الف یا با دانی پێدا دەنێت یا نا ئەوە جیایە، بەڵام هەموو دنیا دان دەنێت بەوەی كە كاك مەسعود تاكە سەركردەی بێ ڕكابەر و كاریزمایە لە كوردستان كە ئێستا مابێتەوە، ئیتر نازانم دوای 10 ساڵ یا 15 ساڵی تر كێ دێت و دەڕوات، ئەوە جیایە، بەڵام بەڵێ پارتی برا گەورەیە و كاك مەسعودیش تاكە سەركردەی یەكەمی كاریزما و بێ ڕكابەرە ئێستا لە كوردستان.









