ڕزگار نوری شاوەیس
لەم دنیایەدا هەموو كۆمەڵگەیەك لە كۆمەڵگەكانی مرۆڤ بە گوێرەی مێژووجیوگرافیا و جۆرەها فاكتەری دەرەكی و ناخۆی تایبەت بەخۆیەوە هەر لە ئابوورییەوە هەتا باری ڕۆشنبیری و باوەڕ و ئیمان بە كەشوهەواوە، لە رووی پەیڕەوكردنی بەها مرۆییەكانەوە هەنگاوی بەرەو پێشكەوتن ناوە ، هەندێك گورج بوون ، هەندیك سست و تەمبەڵ ، هەندێكیش ئەگەر وەكو (میزی حوشتر) بۆ دواوە نەگەڕابنەوە، زمان بەستە و دەسەپاچە سڕ بوون و لە جێی خۆیاندا چەقیوون.
جا با بێینە سەر ئەوەی گەرەكمە بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ژنان كە ڕۆژی 8ی مارت - ئازاری بۆ تەرخان كراوە لە سەرانسەری جیهاندا..
سەبارەت بە (توخمی ئەفرۆدێت) ئافرەتان – ژنان- خانمان، دەڵێم:
شاراوە نییە كە وەك نەریت و (ڕۆتینێك) لە پاش ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلەكەمان ژ بەهاری ساڵی 1991 ژ كە كچان و ژنانی كۆمەڵگەی ئەم هەرێمەی كوردستان ڕۆڵێكی بە هێز و قارەمانانەیان لە سەرخستنی هەبوو، گەلێك بۆنە وچالاكی شارستانیانەی جیهانی لە نێو كۆمەڵگەكەماندا بوونە نەریت و بایەخیان پێدرا . جا بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنانەوە ، بەندە پیرۆزبایی لە بانووان و خانمانی كوردستانە شیرینەكەمان دەكەم، ئەگەر چیش نازانم ئەم پیرۆز باییە كە منیش وەكو عالەمەكە كردم ، دەرهەق بە كام دەسكەوت و سەركەوتنی گەورەی ئافرەتانی وڵاتەكەمە كە حسابی وەرچەرخاندنێكی مەزن و ئاكتیڤی و پۆزەتیڤی بۆ كرابیت لە ڕەوتی تێكۆشانی خانمانی كوردستاندا كە بەشێكی هەرە گرینگی خەباتی نەتەوەكەمانە..
بەڵام بێشك تەمەننای گوزەرانێكی باشتر و ئازادتریان بۆ دەكەم لەهەمان كاتیشدا ئەچپێنم بە گوێیاندا و دەڵێم (مرۆڤ بە خۆی ماف و ئازادییەكانی نەسێنێت ، كەس پێی نابەخشێت)..
ئەوەیش كە ئەمساڵ لەم ڕۆژەدا بە بیرمدا هات گلەییەكی گچكۆكەیە لە سەرجەم خانمانی كوردستان، بە تایبەتی دایكان و خوشكان و هاوژینانی شەهیدانی خەباتی سەختی نەتەوەمان كە ژیان و تەمەنی گەشیان كردە قوربانیی لە پێناوی ئازادییەكانی مرۆڤی كورد (بەنێر و مێو).
بە خانمانی سەر بڵندی وڵاتەكەم دەڵێم :
زۆر خۆشحاڵ دەبووین كە بەچاوی خۆمان بماندیبایە و بەگوێمان بمانبیستایە كە ئێوەی ژنانی كوردستان كە تیاتاندا نییە لە دوور یان نزیك ئازیزێكی شەهید نەبووبێت، لە م بۆنەیەدا بەناوی دایكان و خوشكان و هاوژینانی شەهیدانەوە لەدەوری دروشمێك گردبوونەتەوە، بە یەك دەنگ داوای یەك ڕیزیی توانا و هەڵوێست، گوتارو ئامانجی هێزە كوردستانییەكان بكەن، چونكە بێ یەك ڕیزیی كۆمەڵگە هەموو ماف و هەقێك قاییلی پێشێلكردن و بزركردنە ، بە بێ یەك ڕیزی دادپەروەری و یەكسانی مەحاڵە، مافە سرووشتییە مرۆییەكانی (نێر و مێ) لە تەم و نژێكی خەستدایە و پەیڕەوكردنیان لێڵ و وێڵە.
بەش بە حاڵی خۆم دڵنیام لەوەی كە كەسوكار و خانووادەی شەهیدانی سەربڵندی نەتەوەمان لە پەیام و خواست و داوای یەك ڕیزی لە هەموو كەسێكی دیكە نزیكترن، لە گرنگیی ئەو پەیامە نەتەوەییە پیرۆزە ، هۆشمەند تر و خەمخۆرترن، یەكڕیزیی درووست و ڕاستەقینە لەوانەوە دەست پێدەكات و بنیات دەنرێت، چونكە خاوەنی یەك موعاناتن ، یەك زام و ئێش و ئازارن و خاوەنی ئەو قوربانییە گەورانەن كە بۆ هەموو ئازادییەكانی كورد و كوردستان دراوە نە تەنها بۆ حزبێك .
ئەوە قسەم بوو بۆ خانمانی ئازیز و بە ڕێزی ئەم كوردستانەمان، ئەما سەبارت بە توخمی (نیرینەمان). دەڵێم:
- بەڕێزان، هیچ قسووری تیدا نییە گەر بڵێم كە زۆرینەمان لەم ڕۆژەدا (جەنتڵین) ، جەنتڵیش نەبین دەچینە كەوڵی جەنتڵەوە و (دەجەنتڵێنین ..!) بە تایبەتی هەندێكمان لەوانەی كە نازناوی (سیاسەتمەدار) و ڕۆشنبیر و ئەو تەرحە شتانەیان بو خۆیاندا دادوریوە، كەچی هەتا ئێستا ، بگرە هەتا ڕۆژی حەشر لەو (مەدارەی) تیادا دەخولێەوە و فڕكەیان دێت ، قەتیسن توانای پەڕینەوەیان نییە بۆ مەدارێك خۆشیان و میللەتیش لە بازنەی تەبایی و یەك ڕیزی و پاراستنی بەرژەوەندییەكانی گەل و وڵات بحەسێنەوە و لە خزمەت هەمووكورد و كوردستان بن بە نێر و مێوە..
خۆ هەندێك نێرینەی دیكە لە كۆمەڵگەماندا هەن ئەگەر بهاتبایە و خوانەخواستە پێغەمبەری ئیسلام محمد دروودی خودای لەسەر بێت خاتم الانبیاء) نەبووایە، هەرگیز بە ناز ناوی (ئەمیر) یان (مرشد) قاییل نەدەبوون ، بوونی مرۆیی (مێ) و مافەكانی بە مافی ژیانەوە یەكێكە لە كێشە زەبەلاحەكانیان لەم دنیایە وەك مافێكی پیاوانە هەقی چواریان هەیە زائیدەن (ما ملكت ایمانهم) لەو دنیاش زۆر لەوە زیاتر..!
دەی با لێی گەرێین ، كاتی ئەم توانج و خوتە خوت و بۆڵە بۆڵە نییە ، لەسەری نەڕۆین چاترە، و بێینەوە سەر گلەییەكەم لە توخمی (نێر) لە كۆمەڵگەكەماندا، گلەییەكەم پرسیارێكە لە هەموو ئەوانەی لە 8ی مارتدا بە ڕێكەوت مەسەلەی هەرە دیرینی مافی ژنانیان دێتەوە یاد و لە (9)ی ماردا لە یادیان دەچێت ، ئەوانەی كە لە 8ی مارتدا – كەڵەشێرانە - سینگی بەرگریكردن لە مافی مێ دەردەپەڕێنن و بە جۆش و خرۆشی جوامێرێكی تەزویرەوە ، بە فرمێسكی تیمساحانە و ئاخوئۆفی حەفتا و حەفت ڕەنگەوە خۆیان دەهاوێژنە گۆمی مەنگی ماف و كێشەكانی ئافرەتی كوردەوە و بۆقە مەلەی تیدا دەكەن ..! پرسیاریان لێدەكەم:
بەڕێزان. قەت ئامادەی ئەوە بوون، بە قیچێك لەم هەموو حەماس و هەست و نەستەی لە هەندێك 8ی مارتدا دریدەبڕن، ئامادەن ڕۆژێك لە ڕۆژان (مەرج نییە 8ی مارت بێت ) بچنە (تەنها نێرینەكان) ئەگەر دە بیست نەفرێكیش بن، زەق و ڕەق، بە قسەی هەق بەرگری لە ئافرەتان و مافەكانیان بكەن و پێداگری لەسەر دابین كردنیان و چەسپاندنیان بە یاسا بكەن..؟









