فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا*

بەر لە 40 ساڵ كۆچی رێبەر و پێشەوای كورد مستەفا بارزانی ناخی هەژاندین و كارەساتێك بوو لە كات و ساتێكی پڕ لە نائومێدی و بێ هیوای كردین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا فەرمانێكی ئیلاهی بوو و دەبا ببووایە و كات و ساتەكەشی هەر لە لای یەزدانی مەزنەو خۆی خاوەنی بڕیارە. بارزانیی نەمر بە جەستە جیمانیهێشێت، بەڵام لە واقیعدا لەگەڵمانە و ماوە، بەڵێ لەم رۆژە تاساین و هەژاین، هەر مرۆڤە و خوێندنەوەیەكی هزر و بۆچوون و سۆز و دەروونی خۆی هەبوو، ئەوەی دركاندی و ئەوەی نەیدركاند، بەڵام بە دڵنیاییەوە ئەم كۆستە ناخی هەموو تاكێكی بە شەرەفی گەلی كوردی هەژاند، ئەوەی دواو هاتە ئاخاوتن و ئەوەی نەشدوا، بەڵام لە ناخەوە هەژا.
منێكی هەرزەكار و بێ تەجروبە لە ژیان و لە كوردایەتی، بەڵام لە خانەوادەیەكی كورد و خاوەن بیروباوەڕ بە رێبازی بارزانی وەك كەڕولالێك كەچی هاتمە ئاخاوتن و وەك بوركانێك تەقیمەوە كە فرمێسكم لە چاوانی باوك و مام و كەسوكارەكەم بینی، ئەوكات لەتەمەنی 14 ساڵیدا بووم و ئەوەی ناو دڵم خستە سەر لاپەڕەیەك و وەك هۆنراوە لە مانگی 3ی 1979 بەم شێوازە نووسیم، ئەمەی گوتوومە وەك هەرزەكارێكی عاشق بە كورد و بارزانی هی ئەو سەردەمەیەو دەڵێم:
سەركەوتمە سەر سەربان سەرم هەڵبڕی
بولبول غەمگینە زاری نابزوێ
هاتمە خوارەوە سەر جادەو شەقام
هەرچی دەیبینم هەر كزەو سەرسام
پرسیم ئەی برایان چی بووە، چی روویداوە
چی بووە پێم بڵێن هێزم لێبڕاوە
بۆ وا رەش پۆشن بۆ وا بێ هۆشن
بۆ وا غەمبارن وا فەرامۆشن
گوتیان ئیمڕۆ رۆژێكی رەش بوو
باوكمان مرد و كوردستان بەش بوو
دەفتەری ژینی سەرۆكمان درا
دوژمنانی كورد ئاڵایان هەڵدا
كە ئەمەم زانی هێزم لێبڕا
فرمێسك لە چاوم وەك باران رژا
فكرم هێناو برد هیچم پێ نەكرا
دەستم دا پێنووس شیعرێكم دانا
گەر سەرۆك بمرێ میللەت دەمێنێ
لە پێناو خاكی خوێنی دەڕژێنێ
گەر باوك بمرێ رۆڵەی دەمێنێ
كوردستان لە دەست دوژمن دەستێنێ
بەڵێ ئەم یادە تاڵ و قورسە چەند بە ئازار بوو، هێندەش بە جۆش و خرۆش بوو بۆ گیانی بەرەنگاربوونەوە تا ئەو ئاستەی ئەوەی نە دەدواش دواندی، بارزانیی باوك لە روحێك و لە جەستەیەك بوو بە روحی دەیان ملیۆن جەستە، منیش یەكێكم لەو عاشقانەی ئەو رێبازە كە لەم رۆژە ناخۆش و نائومێدەوە وەك بوركانێك تەقیمەوە و خۆم لە ناو ئەو دەریایە دۆزیەوە. دیارە ئەمەش شعوری هەموو دڵسۆزێكە و هەربۆیە هەموو ساڵێك ئەم یادە بەرز راگیرا و رۆژی 1/3/1979 بوو بە رۆژێك ساڵانە یادی بكرێتەوە چ لە ناوچە ئازادكراوەكان چ لە ناوچە ژێردەستەكانی بندەست و زوڵم و ستەمی رژێمی بەعس چ بە نهێنی یان ئاشكرا تا دەگاتە راپەڕینە مەزنەكەی بەهاری ساڵی 1991 بەدواوە. ئەوە بوو لە ساڵی 1992 ئەو یادە لە هەولێری پایتەخت بە ئازادانە یادكرایەوە لە سەر ئاستێكی جەماوەری فرە جۆر و رەنگ بە بەشداری كردنی هەموو پارت و لایەنەكان و بە نیشاندانی تەبایی و ئاشتی و برایەتی كوردان لە ژێر چەتری باوكی گەورە و رۆحیمان بارزانیی نەمر هەروەك لە نامیلكەیەكی 60 لاپەڕەییدا هاتووە كە لە ساڵی 1992 چاپكراوە بە ناوی “بیرەوەری 13مین ساڵڕۆژی كۆچی دوایی نیشانەی خەباتی نەتەوەی كورد بارزانی و پێنجەمین ساڵڕۆژی ئیدریسی هەمیشە زیندوو” كە لە لایەن لیژنەی سەرپەرشتی كردنی بیرەوەری لە هەولێر لە 1/3/1992 چاپكراوە كە تێیدا كورتە مێژوویەكی ژیان و بەرخودانی بارزانیی نەمر و شەهید ئیدریسی جوانەمەرگ ئاماژەی پێكراوە و لە لاپەڕەكانی تری بەیاننامەی حزبەكانە كە تێیدا یەكەم بەیاننامە لە لایەن هەڤاڵ عەلی عەبدولڵا مامۆستای كوردایەتی خوای لێخۆش بێت خوێندرایەوەو لە لاپەڕە 25ی نامیلكەكەدا ئاماژەی پێكراوەو لە لاپەڕەی 31یش وتاری بەڕێز مام جەلال نووسراوە كە بەڕێزیان خۆی پێشكەشی كردووەو لە وتارەكەی دەفەرمووێ “ئەمڕۆ هەموومان پێكەوە یادی سەرداری ناوداری كوردەواری بارزانیی نەمر دەكەینەوە، یادی ئەو كەلە پیاوەی مێژووی كوردایەتی دەكەینەوە كە هەموومان بۆ دەیان ساڵ لە ژێر سەرۆكایەتی خۆیدا خەباتمان كردووە”. پەنا بە خوا ئەم وتارە دەقا و دەق وەك خۆی هەر لەو مانگە جارێكی تر بە تەواوی بڵاودەكەمەوە كە لە 5 لاپەڕەدا وتارەكە نووسراوە و لە لایەن بەڕێزیان خوێندرایتەوە و بۆ ئەمووتارەم هەر هێندەی دەكرێ ئاماژەی پێبكەم. هەروەها لە لاپەرە 37 وتارێك پێشكەش كرا وە لە لایەن بەڕێز “كەریم ئەحمەد” ئەندامی مەكتەبی سیاسی حزبی شیوعی و دەفەرمووێ “بارزانی هەموو گیانی خۆی تەرخان كرد بۆ چارەنووسی گەلی كوردمان لە پێناوی ئەو گەلە خۆی بەخت كرد، وە دەبێت ئێمە لە رێگای بارزانییەوە بڕۆین بۆ پێشەوە”.
وە بەڕێز شەهید سامی عبدالرحمان كە ئەوكات ئەمینداری گشتی پارتی گەلی دیموكراتی كوردستان بوو لە لاپەرە 39 لە وتارەكەیدا دەڵێت “بارزانی رێبەری من بوو، موعەلیمی من بوو، رەفیقی رێگای خەباتی ئەو بووم بۆ چەندان ساڵ. هەروەها دەڵێت: ئەو ئیدارە و نیزامەی بارزانی بۆ ئێمە و میللەتی كوردی دانابوو زۆر لە وەزعی كە ئێمە ئێستا تێیداین باشتربوو و تەمەنای ئەو ئیدارەیە دەكەم كە ئیستفادە لەو دەرس و عیبرەتە وەرگرن وە دڵنیام ئەگەر بارزانی ئێستا بمابا كەیفی بەو ئازادیە دەهات، بەڵام رەخنەیەكی زۆر توندیشی لێ دەگرتین لە بێ ئیدارەیی و بێ نیزامی”. وە زۆر بابەتی تری باس كردووە. وە لە لاپەرە 43 خوای لێخۆش بێت “رەسول مامەند” سكرتێری حزبی سۆسیالست فەرموویەتی “خەباتی نیو سەدەی بارزانی بریتیە لە داستانێكی كەم وێنە لە فیدایی و قارەمانیەتی و گیانبازی لە پێناوی ژیانی ئازادی و بە دیهاتنی مافە رەواكانی گەلی كورد. وە لە لاپەڕە 45 لە وتاری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان “هاوڕێ بەڵێن” دەڵێت: بارزانی زۆر لەوە گەورەتر بوو زۆر لەوە ناسراوترە كە لێرە و لەو كۆڕە ماتەمینیەدا تاریفی بكەین و دەڵێت مێژووی نیو سەدە لە رابەرایەتی گەلی كوردستان و جولانەوەی حەقخوازەكەی بارزانیی نەمر شایەنی ئەو گەورەیەی و سەروەریەی بارزانین. وە لە لاپەڕە 49 بەڕێز عبدالله ئاگرین ئەوكات بە ناوی پارتی دیموكراتی سەربەخۆیی كوردستان (پاسۆك) دەفەرمووێ “بارزانی سنوری كوردستانی دیاریكردووە و كەركووكی بە دڵی كوردسان زانیوە و بارزانی بە جۆرێكی ئەوتۆ پارێزگاری كەسیەتی سیاسی خۆی ئەكرد كە هەمیشە سەركردە و لێپسراوەكانی بەغدای ناچار ئەكرد ئەوان لە دەرگای ئەم بدەن لە بەغداوە بەرەو گەلالە برۆن”. وە لە لاپەڕە 53 وتارێك لەلایەن رێزدار هەڤاڵ نێچیرڤان بارزانی پێشكەشكرا و “كە سوپاسی گشت میوانەكانی كردووە بە خێرهاتنی هەموو میوانەكان و بەڕێز مام جەلالی كردووە و سوپاسی میللەتی كوردی كرد و كە لە یەكەم یادەوەری لە سەر خاك و وڵاتی ئازاد لە هەولێر یادی بارزانیی نەمر كرا و دەفەرمووێ سوپاسی خوای گەورەو میللەتی كوردی قارەمان دەكەم كە دوای ساڵەهای ساڵ ئەمڕۆ بە سەربەرزی لە وڵاتی ئازادكراوی كوردستان دەتوانین بیرەوەری ئەم سەركردە گەورەیە بكەینەوە.
ئەمە لە لایەنی بەرەیی بە گشتی و ئەوەی ماوە كە ئاماژەی پێبكرێت ئەم یادە لە لایەن قوتابیان و خوێندكاران لەسەر ئاستی زانكۆی سەلاحەدین و پەیمانگاكان بە هەمان شێوە بە بەرز و شكۆداری راگیرا و ئەوكات ئێمە وەك (ی.ق.ل.د.ك) رۆڵێكی بەرچاومان هەبوو لە رێكخستنی ئەم یادە لە هەموو كۆلیجەكان بە گشتی بەشداری كراو یادی سومبولی نەتەوەیی كورد بارزانیی نەمر بەرز راگیراوە و كۆمەڵەی خوێندكارانیش لەگەڵمان بەشداریان كردووە و هەروەها قوتابیانی حزبی شیوعی و سۆسیالست وەك هەر ئەندامێكی قوتابیان بەڵكو زیاتریش بە حەماس بوون كە لە وێنەكاندا دەردەكەوێ ئەم یادەوەریە كە لە 1/3/1992 لە هەولێر ئەنجام درا 13 هەم بیرەوەری بوو، بەڵام لە سەر ئاستی هەولێر و كوردستانی ئازاد یەكەم یادەوەری بوو تا وایلێهات ئەم وێنەیەی كە بۆ یادی 13هەمی بارزانی لە لایەن چەند هونەرمەندێك نەخشێنرابوون لە یادەكانی تریش لە دوای ئەم یادە لە “راپەرین،11ی ئازار، نەوروز، یادی هەڵەبجە” هەرهەمووی هەمان وێنە بەرزكرایەوە كە لەم وێنەیەی لەگەڵ ئەم وتارەمدا هاتووە لە ساڵی 1992 دروستكراوە و بەر لەو یادە ئامادەكرابوو، بۆیە دەڵێین بارزانی بۆ قوتابیان و دەروێشانی رێبازەكەی نەمردووە و هەر زیندووە تا دڵسۆزانیش مابن رێبازەكەی هەر زیندووە.

  • ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ.د.ك)