ساسان دەروێش/ هۆڵەندا
لە ڕۆژژمێری ڕاپەڕینی بەهاری ساڵی 1991 ی سەرتاسەری ڕاپەڕیوی خەڵكی كوردستاندا ، 7 ی ئادار ڕۆژێكی مێژووی پڕشكۆی خەڵكی مقاوەمەتی شاری سلێمانیە بەڕووی دڕندەترین ڕژێمی دیكتاتۆری بەعس و دامودەزگا داپلۆسێنەر و تۆقێنەرەكانی، كە لەو ڕۆژەدا كوڕ و كچانی داربەدەست و تفەنگ لە شان بێ هیچ سڵمینەوە لە هێزی لەرزۆكی ڕژێمی بەعس هێرشیان كردە سەریان و كۆشكی زۆرداری و ستەملێكراویان لەو شارە داڕمان بەسەر جەلادەكان و پیاوكوژانی كوردو هیچ دەرفەتێكیان نەدان بۆ دەربازبوون لە تۆڵەی چەندین ساڵەی خۆیان و كەسوكاری شەهیدانیان ، كە لەم شارەدا دەگوزەرا بەدەست ئەم پیاوكوژانەوە و ڕقی تۆڵە و هێرشی ڕاپەڕیوی خەڵك گەیشتە ناوچەكانی دەوروبەری سلێمانی و بەتەواوی سیمای ناشرینی پیاوكوژانیان سڕیەوە لەسەر خاكی پیرۆزیان بۆ هەتا هەتایە و شار و شارۆچكەكان بەتەواوی كۆنتڕۆڵ كران و سەربازە دیلەكانیش بەدەست بەجەماوەری ڕاپەڕیوەوە ڕێزیان لێگیراو لە مزگەوتەكان كۆكرانەوە و دواتر ڕەوانەی شارەكانی خۆیانیان كردنەوە. تەنها مۆڵگەیەك لەو ڕۆژەدا مایەوە كە هەموو ترسنۆكەكانی جەلادەكانی كوردی لە خۆكۆكردبۆوە ، هەرچەندە هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی درا لەلایەن جەماوەری ڕاپەڕیو و هێرشیان كردە سەر بینای ئەمنە سوورەكەو لە دوای 2 رۆژ لە گەمارۆدانی، رۆژی 8 ی ئاداری 1991 ئەمنە سوورەكە لەلایەن هاووڵاتییانی ڕاپەڕیوەوە رزگاركرا و سەدان كەسی تیادا رزگاركرا.
بەم شێوەیە ڕۆژی 8 ی ئازدار ئەمنە سوورەكە وەكو مۆڵگەكانی دیكەی بەعسییەكان كە دەكەوێتە بەر هێرشی توڕەیی خەڵك و لە ئێوارەی هەمان ڕۆژیش دەخرێتە ژێر كۆنترۆڵی خەڵكی ڕاپەڕیو و بە تەواوی شاری سلێمانی ئازاد دەكرێ. شەڕی ئەمنە سوورەكە سیمبولی ڕاپەڕینی شارەكەیە و جێگەی ئەشكەنجەدان و شەهیدكردنی هەزاران خەڵكی ئەو شارەبوون بە هەموو چین و توێژەكانیەوە. ئەمنە سوورەكە بینایەكی چەند نهۆمی گەورەیە لە گەڕەكی عەقاری لە شاری سلێمانی و لە دوای دەربازنەبوونی جەلادەكان و سزادانیان لە لایەن خەڵكی ڕاپەڕیو و مانەوەی پاشماوەی بیناكە بەو هەموو تاوانەی ناوەوەی ژوورەكانی كە هەموویان چیڕۆكێكی درێژی مێژووی ئەم شارە دەگێڕنەوە و بووە نموونەیەكی زیندووی تاوانەكانی بەعس كە ئێستا بۆتە مۆزەخانە و ڕۆژانە خەڵكی ئەم شارە و كوردستانیان و بیانییەكان سەردانی دەكەن.
مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنە سوورەكە، دەكەوێتە گەڕەكی عەقاری لە ناوەندی شاری سلێمانی، بینای ئەمنە سوورەكە لە ساڵی 1979 لەسەر داوای حكوومەتی ئەوسای عێراق بۆ كۆلێژی كشتوكاڵ لەسەر ڕووبەری 16880 مەتر دووجا دروستكراوە، دواتر لە ساڵی 1980 لە لایەن ئیدارەی ئەمنی سلێمانی دەستی بەسەردا گیراوە و كراوە بە ناوەندی ئیدارەی ئەمنیی سلێمانی، تا ڕاپەڕینی بەهاری 1991، وەكو ناوەندی گرتن و كوشتن و گولـلەبارانكردن و زیندانیكردنی لاوانی كورد بەكارهێنراوە، هەزاران كوردی تیادا ئەشكەنجەكراوە و شەهید كراون. بە هەزاران كەسیش تیادا بێسەروشوێنكرا و تا ئێستاش چارەنووسیان بە نادیاری ماوەتەوە. هەروەها بەهۆی ئەوەی كە ڕووكەشی دیوارەكانی باڵەخانەكە ڕەنگێكی سوورباوە، لەلایەن خەڵكەوە بە ئەمنە سوورەكە ناسراوە و لە دوای راپەڕین لە ساڵی 1993 ژمارەیەك خێزانی ئاوارەی تێدا نیشتەجێ دەبن و دوای ئەوەی شوێنی دیكە بۆ ئاوارەكان دابین دەكرێت باڵەخانەكە دەكرێت بە مۆزەخانەی نیشتیمانیی ئەمنە سوورەكە.
ئێستاكە چەندین بەشی جۆراوجۆر و جیاوازی لەخۆگرتووە، كە هەر یەكەیان بە جۆرێك گوزارشت لە دەرد و چەرمەسەرییەكانی گەلی كورد دەكەن، كاتێك لە تاراوگە گەڕامەوە سەردانی ئەمنە سوورەكەم كرد كە هێشتا بەتەواوی نۆژەن نەكرابووە و ئەو دڕندەییەی لەوێ ئەنجامدرابوو و شوێنەوارەكانی هێشتا بەسەر دیوارەكانەوە دەبینران، زۆر گەڕام بەدیواری ژوورەكاندا بۆ بینینی چیرۆكی زیندانی كردنی شەهید نزار نوری ئەحمەدی پورزام كە خۆی و هەڤاڵە سەرچنارییەكانی ماوەیەكی زۆر لێرەبوون و دواتر گەیەنرانە زیندانی فەزیلەی بەغدا و لەوێ لەسەر كوردایەتی و ڕێبازیی پارتی و بارزانی لەسێدارەداران، بۆیە لەم یادەداكە 28 ساڵ تێدەپەڕیت بەسەر ڕاپەڕینی خەڵكی كوردستان، سڵاو دەنێرم بۆ شكۆی بەرزی هەموو شەهیدانی كورد و كوردستان كە هەمیشە ئەم مۆڵگەیە ببینن و یەكێتی نەتەوەیی كوردی پێ بپارێزن تا گەیشتن بەئامانجە پیرۆزەكەمان كە سەربەخۆیی كوردستانە.










