وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت هەموو هەوڵێک دەدەن پێش نەورۆز و بەبێ پاشەکەوت مووچەی سەرجەم فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دابەشبکەن. لە رۆژی یەکشەممەشەوە دابەشکردنی مووچە بەبێ پاشەکەوت دەستپێدەکات.

وەزارەتی دارایی ئەمڕۆ شەممە کە پشووە، لە دەوام بوون بۆ ئەوەی لیستی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان بەبێ پاشەکەوت ئامادەبکەن تاوەکو لەم هەفتەیە دەست بە دابەشکردنی مووچە بکرێت.

رێباز حەملان، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند: “لەدوای ئەو بڕیارەی رۆژی رابردوو کە لە ئەنجوومەنی وەزیران دەرکرا لەسەر لادانی پاشەکەوتی مووچە، ئەمڕۆ هاتووین کە پێداچوونەوە لیستەکەمان بکەین چونکە ئەوەی پێشتر ئامادەمان کردووە بە پاشەکەوتەوە و ئێستا خەریکین هەمان لیست بەبێ پاشەکەوت ئامادە بکەین”.

رێباز حەملان گوتی: “لە سبەینێوە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 12 بەبێ پاشەکەوت دەکرێت. دابەشکردنەکەش لە وەزارەتی پێشمەرگەوە دەستپێدەکات بەبێ پاشەکەوت”.