خەبات: شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
بڕیارە ئەمڕۆ یەكشەممە 3/3/2019 سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان لەبارەی تاوتوێكردنی پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمانی كوردستان و پێشنیاركردنی ناوی ئەندامانی پەرلەمان لە فراكسیۆنەكان بۆ لیژنە هەمیشەییەكان، كۆببنەوە، بە گوتەی پەرلەمانتارێكی پارتی كۆی لیژنە هەمیشەییەكان 15 لیژنەن و دوای پێكهێنانی لیژنەی یاسایی لە ئێستادا 14 لیژنە ماونەتەوە پێكبهێندرێن.
سەعید هەركی، ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان تایبەت بە خەبات رایگەیاند: بڕیارە ئەمڕۆ سەرۆكی فراكسیۆنەكان لەگەڵ سەرۆكایەتیی پەرلەمان كۆببنەوە بۆ پێشنیاركردنی ناوی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنەكان بۆ پێكهێنانی لیژنە هەمیشەییەكان، كە دواتر پەرلەمان لە دەنگدانێكدا پەسەندیان دەكات.
ئەو ئەندامەی فراكسۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لەبارەی ژمارەی لیژنە هەمیشەییەكانی پەرلەمان گوتی: ژمارەی لیژنەكانی پەرلەمانی كوردستان 15 لیژنەن و دوای پێكهێنانی لیژنەی یاسایی ئێستا 14 لیژنە دیكە ماون پێكبهێندرێن.
سەعید هەركی لە فراكسیۆنی پارتی سەبارەت بە شوێنی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنەكان، لە ئەگەری بایكۆتكردنی كۆبوونەوەكان لە لایەن فراكسیۆنی یەكێتییەوە، گوتیشی: شوێنی ئەندامانی فراكسیۆنی یەكێتی لە لیژنە هەمیشەییەكان بە بەتاڵی دەمێننەوە، هەتا ئەو كاتەی رێككەوتنی سیاسی دەكرێت. رۆژی 18ی شوباتی 2019 پەرلەمانی كوردستان بەبێ فراكسیۆنی یەكێتی كۆبۆووە و دەستەی سەرۆكایەتی هەڵبژارد، هەروەها رۆژی هەینی 1/3/2019 دانیشتنی ئاسایی ساڵی یەكەم لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەچوو و بڕیارە ئەمڕۆش سەرۆكایەتیی پەرلەمانی كوردستان لەگەڵ فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان كۆبێتەوە بۆ پێشنیاركردنی ناوی ئەندامانی فراكسیۆنەكانی ناو پەرلەمان بۆ لیژنەكان و تاوتوێكردنی چۆنێتی پێكهێنانی ئەو 14 لیژنەی كە ماونەتەوە.









