هۆگر جەمیل
زۆرن، ئەو كەسانەی لە وێستگەی ژیاندا،رێچكەیەك دەگرنە بەر،جا ئەو رێچكەیە لە بوارەكانی (پیشەیی ،هونەری پەروەردەیی)،یاخود هەر بوارێكی تر بێت، زۆربە كارێكی دڵسۆزانە،یاخود بڵێین ،بە بەهایەكی زانستی وئەكادیمی پیشەكەی خۆیان بەرێوە دەبەن،جا هەر قەیرانێك یان هەرگرفتێكی ژیان روبەروویان بێتەوە،بە هیچ جۆرێك لە بوارەكەیاندا سڵ ناكەن،چونكە خۆیان بە سیفەتێكی ویژدان ئاسودەو ئەقلێكی ساغ ،دوور لە هەر بەرژەوەندییەكی تایبەت پەروەردە كردووە،گومانی تێدا نییە،بەچاوانی خۆم زۆر مامۆستایانم لەو شێوەدا بینیووە.
ئاشكرایە، مامۆستای سەركەوتوو چەند سیفات و مەرجێكی تایبەت بە خۆی تێدایە،بەجۆرێك نەك تەنها بەقسە یان بە شێوەی زارەكی!!بەڵكو رۆژانە لە ساتی پراكتیزەكردنی پیشە،یان بەكارهێنانی ئەوهەڵس وكەوتە پەروەردەیەی لە نێو قوتابخانە هەیەتی،تا رادەیەكی زۆرچاڵاك بە شێوەی كردار ئەو مەرجانە جێبەجێ دەكات،دیارترین ئەو مەرجانەش ،پلەی توناداری مامۆستایە لە رووی گەیاندنی زانیاری بە قوتابیەكان بە شێوەیەكی سادەو ژیر،چونكە مامۆستای بە ئەزموون،خاوەن بەهرەیەكی باشە بۆ كرداری دیالۆك وخستنەرووی وانەیەكی زانستانە تا بەهۆیەوە ئەنجامێكی پۆزەتیف بۆ خۆی مسۆگەر بكات،هەرەوەها لە پاڵیدا سیفەتە پەروەردەییەكانی وەك (گونجان وبابەتی و راستیخواز) ،پاڵنەرێكن بۆ بەدیهێنانی ژینگەیەكی دروست بۆ قوتابی كە بە هۆیەوە هێزی توانا بۆ كرداری سەركەوتن زیاتر دەكات ،چونكە قوتابی لە وەرزی خوێندن دا خۆی لەگەڵ بارودۆخی مامۆستاكە رادەهێنێت،ئەمە جگە لە پەرەپێدانی مامۆستا بە زانستی سەردەمیانە و لەگەڵ خاوەن هێزێكی پتەوی كەسایەتی و دیاریكردنی ئامانجە پەروەردەییەكان و دانانی پلانێكی تۆكمەی فێركردن ،هەروەها لەگەڵ چەندین سیفاتی دیكە كە ئێستا جێی ئاماژە پێكردن نی یە.
چەند ساڵێك بەرلە ئێستا، لە شاری هەولێر وەك ئەندامێك بۆ پسپۆرەكەم بە فەرمی بۆ كۆنفرانسێكی پەروەردە بانگهێشت كرام،بە جۆرێك كەسانێكی بەرچاوی پەروەردە لە شوێن و پارێزگاكانی (هەولێرو سلێمانی و دهۆك)، بانگهێشت كرابوون،جگە لە شارەزایانی بواری پەروەردە،هەندێك لە نوێنەروپسپۆرانی زانكۆكانی هەرێمی كوردستانیشی تێدا بانگهێشت كرابوو،كە بە پێدانی راوو بۆچوونی خۆیان و یاخوود بە شێوەی چەندین توێژینەوەی زانستی تایبەت بە پەروەردەو پرۆگرامی پەروەردە دەخستە روو.
شایەنی باسە،لە گەرماوگەرمی كارەكانی كۆنفرانسەكە بووین،لە پڕمامۆستایەك هەڵساوە سەرپێ، بە جۆرێك بە فەرمی بانگهێشتی كۆبوونەوەكەش نەكرابوو ، زۆر بە راشكاوانە پێی راگەیاندین ،گەر ماوەیەكم بۆ مەرەخەس بكەن تا وانەیەك لە مەڕ چۆنیەتی گەیاندنی (ئەلف و بێ)ی كوردی بۆ منداڵە چاوگەشەكان لە قۆناغی سەرەتاكانی بنەرەتیدا،پێشكەش بە جەنابتان بكەم، بەڵام بەداخەوە لەبەر بوونی سیستەم وخشتەی كاتی كۆنفرانسەكە ،تەنها بۆ چەند خولەكێكی كەم ماوەیان پێدا ،تا لە شوێنەكەی خۆی كارەكە ئەنجام بدات،زۆری پێنەچوو، مامۆستاكە بە شێوەی ئاوازو گۆرانی گووتن دەستی بە وانەووتنەوەكە كرد، بە جۆرێك زۆر پەرۆشی ودل سافی بۆپیشەكە پێوە دیاربوو! لەوە سەیرتر ئەوەبوو،مامۆستا شێوازێكی گەیاندنی بە توانا وهەروەها لەگەڵ خستنەرووی پیتەكانی (ئەلف و بێ)ی،كوردی زۆر بەسادە لە نێو دەمەكانییەوە دەهاتنە دەر،سەرنجی گشت ئامادەبووانی نێو هۆلەكەی بۆخۆی راكێشابوو!! بەجۆرێك كارگەیشتە واق ورمان و دواترهەموو ئەندامانی نێو هۆڵەكە بە ئاوازو گۆرانی ووتنەوە لەگەل مامۆستاكە پیتەكانیان دەهۆنییەوە،ئا لەوئان وساتە لە زەینی خۆمدا، دەمگووت،ئەو مامۆستایە بە كارە پێزوجوانەكەی ئێمەی پەرۆشی خۆی كردووە،ئاخۆ دەبێ تا چەند قوتابیەكانی پەرۆشی خۆی كردبێت!!،بۆیە دوابە دوای كۆتایی هاتنی ئاوازی وانەووتنەوەكە،گشت ئامادەبووان بۆ مامۆستاكە دەستیان بە چەپڵە لێدان كرد، ئینجا مامۆستاكە رووی لە ئێمە كرد ،پێی گووتین، رێگای وانە ووتنەوە لە قۆناغی بنەرەتیدا،بەتایبەتیش لە قۆناغی (یەك)،پێویستە بەو شێوازە بێت كە پێشكەشی جەنابتانم كرد.
جێی ئاماژە پێكردنە، هەندێ لە ئامادەبووانی كۆنفرانسەكە،هیوایان دەخواست ،مندالەكانیان بە دەستی ئەو مامۆستا لێزانە فێری پەروەردە خوێندن بوایە ،كە بە شێوەیەك ،هەڵوێستێكی جوامێرانە وكارێكی زانست پەروەردەیی لە لایەك بە كۆنفرانسەكە،لە لایەكی تریش بە منداڵانی نێو قوتابخانەی پەروەردە بەخشیووە، منیش لەو روانگەوە شتێكم هاتەوە یاد،كە زانای بەناوبانگ(ئەنیشتاین)، دەڵێت:(گرنگی مرۆڤ لەو شتانەوە دەردەكەوێت كە دەیبەخشێ،نەوەك لەوەی كە وەری دەگرێت).









