فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا

كەركووك لەناوهێنانی وەك زاراوەیەك مەبەست شوێنێكی جوگرافیایە لە جەستەی نێوماڵی كورد و نیشاندانی پارچەیەكە لەو جەستەیە، بەڵام بۆ كورد پێناسەیەكی تری هەیە و هەم شوێنە جوگرافیەكەیە و هەم قیبلەی كوردایەتییە و هەم مانای مان و نەمانی كوردە بۆ هەر تاكێكی بە شەرەف (كەركووك كەواتە كورد) و كوردیش بەبێ كەركووك یەعنی هیچ، كەواتە هەر مساوەمەیەك لە سەر كەركووك مساوەمەیە لەسەر قیەم و ئەخلاق! كە ئەمەش لە ئەخلاقی تاكی بە شەرەفی كورد نییە و نەبووە و گەر رووشی دابێت بێشك دەبێ گومان لە ئەخلاقی ئەم كەسە بكرێت! ئەگینا هیچ پێناسە و مانایەكی تر هەڵناگرێت، هەر بۆیە باوكی رۆحی كوردیش بارزانیی نەمر، فەرموویەتی: (كەركووك دڵی كوردستانە) و هەر كاتێك مرۆڤ بتوانێ بەبێ دڵ بژیێت ئەوكاتەش كورد دەتوانێت بەبێ كەركووك بژی).

 بەڵێ لە ئەرشیف و قامووسی رێبازی بارزانی پێناسەی كراوە و وەك دەستوورە و هیچ پێناسەیەكی تر هەڵناگرێت، كەواتە كەركووك دڵی كوردستانە دڵی مرۆڤەكانە، دڵی كوردە گەر مرۆڤ بیری كردەوە مساوەمەی لەسەر بكات، دەبێ ئەو مرۆڤە دان بنێت وەك كوردێك مرد و پێناسەی كوردایەتی دۆڕاند كە ئەو پێناسەشی دۆڕاند، كەواتە خۆی دۆڕاند، قیەم و ئەخلاقی لە دەستدا، جا ئەو كەسەی بەم پێناسەیە رازی بوو ژینی ژێردەستی و رەزالەت و ئەسیری هەڵبژارد، ئەوە پیرۆزی خۆی بێت، خۆی چارەنووسی خۆی هەڵبژارد. كەواتە پێناسەی دروست و حەقیقەت، یەك پێناسەیە و هیچ شرۆڤە و باس و خواستێكی تر هەڵناگرێ و قبووڵ ناكات و كەركووك دڵ بوو دڵە و بە دڵیش دەمێنێت.

ئەوەی تەنها ساتێكیش لێی دووركەوێتەوە چ بە عەقڵ یان بە بیر و هۆش، بە بیر و بڕوا، كەواتە وەك ئەوەیە دڵی لە جەستە نەمابێت كە دڵێكیش مرد ناچێتەوە ناو جەستە، دووبارە و سێبارە، چونكە دڵا قاسەی نییە تا تێدا بپارێزرێ، قاسەی كەركووكی دڵ، تەنها جەستەی خاوێن و جەستەی كوردە، لە جەستەی غیرە كورد، ئەو دڵە دەمرێت و لە لێدان دەكەوێت، كەواتە كەركووك تەنها لە دڵی كورددا دەژێت و جەستەی كوردیش تەنها بە كەركووك دەژیێت و پێناسەی دووەمی غیرە كورد و دوژمنان بۆ كەركووك لە مێژووەوە تا ئەمڕۆ یەك پێناسەیە، كەركووك بووكێكی جوانە، حەزیان لە ژوانە لەگەڵی، دارێكە بە بەرە رۆژێك بەری دەخۆن و رۆژێك لەبن سێبەرەكەی دادەنیشن و رۆژی دوایی دارەكەی دەبڕن و دەسووتێنن و پێناسەی سێیەم لای زۆڵە بە ناو كوردەكان ماڵی باوانە، تەنها بۆ ژووانە لە كاتی ناخۆشی بۆ دوژمن و پیرۆزی دوژمنانە و لەكاتی خۆشی دیوەخانی خۆیانە، دەبێ خۆیان حاكمبن بۆ سەری میللەتەكەیان، بەڵام ئەسیر و بەندەی دوژمنان و چاوساغی بێگانان و رۆژێك پیاوی بەعس و رۆژێك دارودەستی شیعە و حەشدەكان بۆ گیرفانی ناشەریفیان و ئێران و حەشد و حزبوڵای لوبنانی و هێنانیان بۆ ناوماڵی باوكیان و سەرجێ دایكیان و ژووری خوشكە بچووكەكەیان تا بیانكەن بە شەریك لەگەڵ بۆڕی نەوت و تانكەرە دزراوەكانیان، بەڵێ ئەم سێ پێناسە دەكرێ بۆ كەركووك و پێناسەی كوردی شەریف لەگەڵ پێناسەی دوژمنان لەگەڵ پێناسەی زۆڵە بەناو كوردەكان.

بەڵێ، هەر ئەوەیە و زیاتر نییە، هەریەك وەك خۆی و حەزی خۆی كەركووكی دەوێت و دەناسێت، بەڵام دواڕۆژ بۆ ئەو پێناسەیەیە كە كەركووكی بە دڵ ناسیوە و بە دڵ قبووڵە و بە دڵ خەباتی بۆ دەكات، و رووڕەشی بۆ دوژمنانە و لە رۆژی لێقەومان و ترسیان داوای برایەتی لە خاوەنی كەركووك دەكەن، دوژمنانیش دەزانن بڕیار لە یەك جەستە و دڵ دەدرێت، بۆیە دەگەڕێنەوە لای جەستەی خاوەن دڵ كە كوردە رەسەنەكەیە، زۆڵە كوردەكانیش بەسەر لێشێواوی دەمێننەوە و سەرشۆڕی خۆیان بەوە دەشارنەوە، دەڵێن دەبێ هەڵەی سەرشۆڕیمان بشارنەوە، ئەگینا كوردستان تێك دەدەین و بەڵام ناڵێن ببوورن و دەڵێن با هەموو كێشەكان بە یەكەوە چارەسەر بكەین وەك دروستبوونی حكوومەتی كوردستان! دانیشتنی پەرلەمان! ئاشتبوونەوەی هەمووان، بەڵام بەرامبەر بە لە بیركردن و باسنەكردنی تاكتیكی سەرۆك كۆمارییەكەی بە روو زەردی و شەرمەزاری كردنیان و بە پاڵپشتی ئێران بۆ چەسپاندنی واقیعێك بۆ قبووڵكردنی شاردنەوەی پاداشتی خیانەتەكەی 16ی ئۆكتۆبەری خۆفرۆشان بە گۆڕینەوەی كەركووك و كورد و كیانی كوردی بە پۆستێكی شەرمەزاری و ئەنجامدانی بەربەست لەبەردەم ریفراندۆم بە چەند هەزار بەرمیل نەوت بۆ خیانەتكاران و وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركووك وەك سەردەمی ساڵانی شەستەكان مقابل بە جاشایەتی دیرۆكیان لە مێژوو.

بەڵێ، ئەم سێ تێگەیشتنەیە و بۆ زیاتر تێگەیشتنی خوێنەر خۆفرۆشان زۆرجار لە مێژوو لەگەڵ گورگ مەڕیان خواردووە و لەگەڵ شوانیش شینیان كردووە، وەك ئەوەی بینیمان زۆر بە داخەوە پاڤێل تاڵەبانی لە 16ی ئۆكتۆبەری 2017 لە ژورێك لەگەڵ كۆبوونەوەی نێوماڵی كوردی بوو لە سلێمانی لە هەمان شوێن لە ژوورەكەی تەنیشت لەگەڵ قاسمی سلێمانی تەوجیهاتی وەردەگرت، بە سەركردایەتیی كوردیشی دەگوت ئارام بن هیچ نییە، لەو لاوە لەگەڵ دوژمنان كەركووكی گرت و لەولا بۆ كەركووك دەگریا كەچی بە دەبابەی دوژمنان بە سەر لاشەی كورە كوردەكان كەوت و شەر گەیشتە پردێ و سحێلا لە راگەیاندەكان دەیانگوت دونیا ئارامە و شامی شەریفە و خەلك با دەرنەچێ لە كەركووك و حكوومەتی عێراقی شەرعییە و ئێمە كەركووكمان رزگار كرد لە دەست زوڵم و ستەم! كەواتە كورد زالمَە! جا گەر زولمَیش كرابێت، هەر خۆیان حاكم بوونە؟! و رۆژی دواتر دەیانگوت كاندیدمان بۆ پارێزگار كاك (فڵانە) و مەكتەبی سیاسی خۆمانە و لەو رۆژەوە تاكو ئێستا بوو بە ساڵ و نیوێك دەیان پلانیان دانا، جارێك لەگەڵ عەرەب و جارێك لەگەڵ توركمان تا لە ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك بۆ ئەوەی پارێزگار بۆ ئەوان بێت، نەك كەركووك! كەركووك با لە دەست حەشد بێت و با لە دەست پاسدار بێت گرنگ نییە، تەنها گرنگ! ئەوەیە پارێزگار بۆ ئەوان بێت ئەم شرۆڤەیە واقیعی هەر سێ بۆچوونەكەیە ئەم كارەیان سەری نەگرت لەو رۆژانە تەهدید دەكرێت لێرە و لەوێ هەر یەكێك بە شێوازێك یەك دەڵێ قبووڵی ناكەین، پارێزگار بۆ كەس بێت و بەڵام جەنابی قبووڵ دەكات حەشد حاكمی حزبەكەی بێت و بارەگای حزبێكی هاوخەباتی لەژێر حوكمڕانی داگیركاری و دوژمنان بێت لە كەركووك ئەمەش سەری نەگرت و نەچووە سەر ئێستا تەپڵی ئەوە لێ دەدەن خۆیان بە تەنیا داوای كەركووك دەكەن كەس لەگەڵیان نییە و پاڤێل تاڵەبانی دەڵێت: (كەركووك كەركووك كەركووك كەركووك) ئەم پێناسەیە میللەت وەك خۆی تێدەگات پێویست بە مشەوەشی ناكات، دیارە كێ دڵسۆزی كەركووكە! كەركووكییەكان هەمووان دەناسن و بە چاوسوركردنەوە ناچێتە سەر.

یەكێكی تر دەڵێ كەركووك هی یەكێتییە قابیلی مناقشە نییە، ئەوەی تر دەڵێ پارێزگار دەبێ یەكێتی بێت قبووڵی هیچ مناقشەیەك ناكەین بەڕاستی چاوسووركردنەوەیەكی خراپە، بەڵام پرسیار ئەوەیە بە پاڵپشتی میللەت نییە دەبێ بە پاڵپشتی كێ بێت! بە هەرحاڵ (مانگ لە 14 حەوجە بە پەنجە ناكات) دیارە ئەو چاوسووركردنەوەیە لە كێوە دەكرێت ئەمەی ئێستا دەكرێ تەواوكەری گەمەی 16ی ئۆكتۆبەری 2017یە و كۆتایی فیلمەكەیە، كورد گوتەنی (راوی ڕێوی بۆ پێستەكەیە)، لای زۆڵە كوردەكان كەركووك ماڵە باوانە و قاسە گەورەكەیە، هەر كاتێك ئیفلاس بوون، قاسە دەشكێنن سەنەد و تاپۆ دەسووتێنن دەفرۆشن دەبەن لە شەوە تاریكەكان سەرفی دەكەن، بەڵێ ئەمە بۆچوونی زۆڵە كوردەكانە كەركووك لای ئەوان سەرچاوەی بەڕێوەچوونی نیازە گلاوەكانیانە و ئەوەی لای ئەوان گرنگ نەبێت كەركووك و كەركووكییەكانە! میللەت بە ئاگایە و خەڵك كاغەزی سپی دەخوێنێتەوە، بۆیە دەڵێین گەر كەركووك قاسەی گەورەی خۆفرۆشانە دەبێ بزانین دڵە گەورەكەی كوردانە و دڵی كوردستانە قاسە نییە، دواڕۆژیش قەبرستانی دوژمن و خۆفرۆشانە.

 * ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری (پ. د. ك).