ئاری رەمەزان
ساڵانە لە وڵاتی ئەڵمانیا و لە میونشنی پایتەختی هەرێمی باڤاریای ئەو وڵاتە کۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتی لەو وڵاتە بەبەشداربوونی سەرۆک و سەرۆک وەزیرانی وڵاتانی جیهانی و کەسایەتییە کاریگەرەکان دەبەسترێت. مێژووی دامەزراندنی ئەم کۆنگرەیە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1963، بیرۆکەی ئەم کۆنگرەیەش بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی وڵاتانی جیهان بۆ رێگەگرتن لە هەڵگیرسانی جەنگی جیهانی لەو کاتەدا، بەڵام بەدرێژایی ئەم ساڵانەی دوایی ناوی کۆنگرەکە بۆ کۆنگرەی ئاسایشی نێودەوڵەتی گۆڕدرا و هۆکاری بەردەوامی ئەو کۆنگرەیەش سەرکەوتنی کۆنگرەکە بوو بەسەر ئەو کێشانەی رووبەڕووی وڵاتان دەبنەوە و دەبنە هۆکاری کێشەی گەورە لەنێوان وڵاتان بۆ ئاگاداربوون و چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان بەردەوامیان پێدا تا ئەمڕۆ.
بەخۆشحاڵییەوە کوردیش وەک ژمارەیەکی بەرچاو جێگە و پێگەی تایبەتی لەو کۆنگرە ساڵانەیەدا هەیە و بەگرنگییەوە و بەبانگهێشت نامەی فەرمی بەشدار دەبێت لەو کۆنگرەکە ئەویش بەهۆی بەهێزی پەیوەندییەکانی سەرکردایەتی کورد بە سەرۆکایەتی سەرۆک بارزانی کە لەم چەند ساڵەی حوکمڕانی کوردستاندا توانی کورد بکاتە ژمارەیەکی بەرچاو بەهۆی پتەوی پەیوەندییەکانی و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و هاوسەنگ راگرتنی هێز لەناوچەکە بوونە هۆکارێک بۆ بەشداری پێکردنی کورد و مامەڵەکردن لەگەڵی وەک وڵاتێک. جێگای سەرنجیشە کە تاکو ئێستا کورد هەر وەک وڵاتێکی سەربەخۆ بانگهێشت دەکرێت، چونکە بەڕای بەشێک لە بەناو سیاسییە کوردەکان وا بیردەکەنەوە دوای رێفراندۆم پێگەیەک نەماوە بۆ کورد لەسەر ئاستی جیهانی بەشداربوونی کوردیش لە ئێستادا خۆی لە خۆی وەڵامێکە بۆ ئەو کۆلکە سیاسییانە. ساڵێک لەمەوبەریش سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق هەڕەشەی لە کورد دەکرد خۆی بە پاڵەوان دەزانی لە بەرەنگاربوونەوەیان لەگەڵ تیرۆر کەچی ئێستا کەس نازانی لەچ کوچە و کۆڵانێکدا کەوتووە و ئێمەی کوردیش بە سەرۆکایەتی بەڕێز مەسرور بارزانی هەر لە جێگە و پێگەکەی خۆمانین و بگرە زیاتریش بەچاوێکی کاریگەرتر سەیر دەکرێین. بۆ ئەمساڵیش بەڕێز مەسرور بارزانی بە شانازییەوە بانگهێشتی ئەم کۆنگرە جیهانییە کرا و لە میانەی کۆنگرەکەدا توانیویەتی بەشدارییەکی بێ وێنە بکات و لەماوەیەکی کورتدا دیدار و کۆبوونەوەی زۆر و گرنگ و کاریگەری لەگەڵ سەرۆک وەزیران و کەسایەتییە جیهانییە گرنگەکان ئەنجامدا بۆ زیاتر پتەوکردنی پێگەی کورد و ناساندنی کێشەکان و هێز و تواناکانی کە ئەمەش لە ئەرزی واقیع شتێکی وا ئاسان نییە بتواندرێت ئەم دیدار و کۆبوونەوانە بەشێوەیەکی سەرکەوتووانە ئەنجام بدرێت، بەڵام مایەی خۆشحاڵییە تا ئێستا بە پلان و بەرنامە ڕەگ داکوتراوەکانی سەرۆک بارزانی ئەم متمانەیە لەسەر ئاستی جیهانی هەر لە پێشوەچووندایە و بۆ تەواوکردنی بەرنامەکەش لە ئێستادا بەرێز مەسرور بارزانی شانی بەرپرسیارییەتی داوەتە بەر.
هەر سەبارەت بەو کۆنگرەیە مەسرور بارزانی لەگەڵ سێرگی لاڤرۆف سەرۆک وەزیرانی روسیای زلهێز و جەیمس جێفری نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنگی دژ بە تیرۆرستانی داعش و گێڤن ولیەمسن وەزیری بەرگری بەریتانیا و ئۆرسالا ڤۆندەرلاین وەزیری بەرگری ئەڵمانیا و خلوسی ئەکار وەزیری بەرگری تورکیا و زۆرێکی دیکە لە بەرپرسان ئەنجامداوە دڵنیام دەستی خستۆتە سەر زۆرێک لە خاڵە گرنگەکان بەئامانجی بەرەو پێشوەچوونی پێگەی کورد لە ناوچەکەدا بۆ قۆناغێکی تازە و هەروەها لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا لەگەڵ ئانیگیرێت کرامپی سەرۆکی پارتی CDUی دەسەڵاتداری کاریگەر لەسەر بڕیارەکانی وڵاتی ئەڵمانی و بەشێکی بەرچاو لە ئەندام پەرلەمانەکانی ئەو وڵاتە کۆبووەوە و جەختی لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییەکان و مەشق پێکردنی هێزەکانی پێشمەرگە بە شێوازی مۆدێرن کردەوە و زۆرێک لەتەوەرە گرنگەکانیش لایەنی دیکەی گفتۆگۆکەی بوون. و تایبەت بە پرسەکانی ناوخۆیی عێراقیش لەگەڵ فالح فەیازی راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی عێراق کۆبووەوە و لەم چوارچێوەیە گرنگییەکی زۆری بە گەڕانەوە و کارکردنی هاوبەشدا لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزە عێراقییەکان لەناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان و تایبەت بە رێگەگرتن لە سەرهەڵدانەوە و جموجۆڵەکانی گرووپی تیرۆرستی داعش و ئاسایی کردنەوەی دۆخی ئەمنی شاری کەرکووک بەتایبەت و گەڕانەوەی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو ناوچەیە و دیدارەکانیشی لەگەڵ گەورە بەرپرسان بەردەوامی دەبێت تا کۆتایی کۆنگرەکە. ئەوەی تێبینی دەکرێت لەو کۆنگرەیەدا ئەوەیە کە مەسرور بارزانی بۆ قۆناغی تازەی حکوومڕانی کوردستان بە پلان و بەرنامەیەکی بەرنامە داڕێژراو و پتەوتر هەنگاوەکانی چڕ کردۆتەوە و دەیەوێت پێگەی کورد لەسەر ئاستی ناوچەکە بەرەو بەهێزبوونی زیاتر ببات و بەهەناسەیەکی قوڵتر کوردستان بەرەو کەناری ئارام ببات و وەک ژمارەیەکی گرنگ لەداهاتوودا بتواندرێت رۆڵی کورد زیاتر بەگرنگییەوە سەیر بکرێت و پاڵپشتی تەواو لە ماف و داخوازییەکانی بکرێت کە ئەمەش وا دەکات لە ئاییندەدا کوردستان ببێتە شوێنێکی پارێزراوتر و بایەخ پێدراو لەسەر ئاستی جیهان بەدڵنیاییەوە زۆر شتی تازە بۆ گەلی کورد بەدەست دەهێندرێت.









