خهبات: ئاشتی گەرمیانی- هۆڵەندا
وەرزێكی جوان و ئاوی، سروشتێكی دڵڕفێن لە چاوو دیدەی هونەرمەندێكی خاوەن ئەزموونەوە هونەرمەندی شێوەكاری كورد فەیسەڵ عوسمان كە لە شاری هەولێر لەدایكبووە ، لەساڵی 1986 پەیمانگای هونەرە جوانەكانی شاری بەغدای تەواو كردووە ، بێگومان قۆناغی ڕیالیستی وە سروشتی ڕۆمانتیكی سەرەنجی هونەرمەندی راكیشاوە بە تایبەتی سروشتی جوانی كوردستان و ئاو هەواكەی، جوانییەكانی سروشت زۆرن وكەلتووری كوردیش دەوڵەمەندە، كە هەر ئەو جوانیی و كەلتوور و ژیانی رۆژانەیەیە كە هێڵكاری و كاری ئاوی خامەی هونەرمەند بووە. ئەگەر بە قۆناغ و بە جیاوازی توانیویەتی سەركەوتن بەدەست بهێنێت ئەوا وەكو مامۆستایەكی شارەزاو لێهاتوو توانی لەلایەك قوتابیانی پێ بگەیەنێت و لەلایەك هونەر ڕەنگینی بەكەرەستەی ئاوی بخاتە پێش بینەرەكانی، ئەزموونی مامۆستا فەیسەڵ زۆر گۆڕان كاری بەسەرداهاتووە چ لە ساڵانی هەشتاكان وە چ لە نەوەتەكان دواتر ئەم سەدەیەی كە ئێستا ڕووبەری كارەكانی بەتەواوەتی گرتۆتەوە و هەستەكانی بەرەو ئەو جوانیانە دەڕۆن كە لە چاویدا بەدەر دەكەوێت، كارەكتەری مامەڵە كردن لەگەڵ سروشتی جوانی كوردستان هەموو ئەو ئاسمانەیە كە جارێك پاسكیل و جارێك باران و چەتر و ڕێگاو ماڵان و گوڵ.
لەم وەرزەیدا پەی بۆ كۆمەڵە كارێكی هونەری بردووە كە بۆ چاوی بینەر فێنك كەرەوەی مێشكە ، بەواتای ئەوەی هونەرمەند فەیسەڵ عوسمان لە ماوەی ڕابردوودا كاری لەسەر ئەوە كردووە كە چۆن دیواری جەنجاڵی و هەورە ڕەشەكان سپی بكاتەوە و سروشتێكی فێنك وئارام بۆ بینەرەكانی دروست بكات ، ئەویش بە كاری هونەری ڕەنگی ئاوی كە كارێكی ئەوەندە ئاسان نییە، چونكەئێستاش لە ئەوروپا و جیهاندا كەم كەس لە هونەرمەندان لە تابڵۆكانیاندا كاری ئاوی بەكاردەهێنن، كەم لەپێشانگاكان كاری زۆرینەی هونەری ئاوی لە خۆ بگرێت. بۆیە لە كارە هونەریەكانی هونەرمەندا چەند ڕوانگەیەكی هەیە وەكو هاتنەوەی هونەری ئاوی وڕەنگ وە ڕیبازی ڕیالیستی وەكو قوتابخانەیەكی زیندوو لە قوتابخانە هونەریەكانی جیهاندا ، بێجگە لەوەی كە كاریگەری باری دەروونی ڕەنگە فێنكەكان لە سەر هونەرمەندان و بینەران كە ئەمە خاڵێكی گرنگە لە نێو كۆمەڵگاكادا نەك پەنا بۆ كاری ڕەش و مردوو كە رەنگ دانەوەی جەنجاڵی ژیانێكی تاڵەكە. تاقیكردنەوەكانی هونەرمەند لە سەدەی ڕابردوودا و لەئەزموونی هونەرمەندی شێوەكار فەیسەڵ عوسماندا ئەوە دەخاتەڕوو كە هەردەم ڕیالیستی و سروشت و زستان و فێنكی پۆرترێت ببێتە هەوێنی كارەكانی ، لەگەڵ ئەوەی هەڵگری مۆركی كوردەواری كە بابەتەكان هەڵقووڵاوی ناو گوند و سروشتی كوردستانن ، لەگەل ژیانی ڕۆژانەی خەڵك كە چۆن دەژیت وە چی لەبەر دەكەن ! ئەوەی لە جیهانی دەرەوەی كوردستانیش كە دەگوزەرێت هەر ئەو سروشتەیە وە هەر ئەو ماتریاڵەیە كە هونەرمەندانی تر بەكاری دەهێنن بەڵام ئەزموون گرنگی تایبەتی خۆی هەیە بۆ هونەرمەندو ناسنامەی كەسایەتی یە ، ئەوەش وای كردوە فۆرم بۆنی وون بوون لە خۆ بگرێت لە وولاتانی جیهاندا ، ئەوەی جێگای سەرەنج دەبێت تەنها جوانی رەنگ وە ئاوی روون و دیسانەوە هەر ڕەنگ.
لە ئێستای هونەری شێوەكاری كوردیدا ئەوەندەی فۆرم و قوتابخانە جیاوازەكان زاڵن كەمتر ڕیالیستی و كەمتر سروشت دەبینرێت لە نێو پێشانگاكاندا ئەوەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە باروو ژیانی كۆمەڵان ئەوەندە نی یە كە مرۆڤ دوای سەرئێشە گوێ لە سەر ئێشە بگرێت ، لە پیشانگایەكی هونەرمەندانی هۆڵەندی وبەلجیكیدا كە پتر لە 200 هونەرمەندی شێوەكار بەشدار بوون لەكۆی پتر لە 500 كاری هونەری جیاجیا تەنها دوو یان سێ هونەرمەنم بینی كە كاری هونەری ئاوی دروست بكەن و نمایشی بكەن ، ئەوەش ئەوە دەر دەخات كارێكی ئاوها هەوڵ و كۆششی زۆری دەوێت.
هونەرمەند فەیسەڵ عوسمان ئەندامی كۆمەڵەی شێوەكارانی عێراقە و ئەندامی سەندیكای هونەرمەندانی كوردستان و عێراقە و ئەندامی كۆمەڵی ڕەنگی ئاوی جیهانییە، لە زۆربەی چالاكییە هونەرییەكانی هونەرمەندانی كوردستان ئەندامە لە زۆربەی سەندیكاو ڕێكخراوە هونەریەكانی كوردستان و دەرەوەی كوردستان وە هونەرمەندێكی چالاكە لەو بوارەدا بۆ بەشداری كردن و چوونە دەرەوەی ووڵات بۆ ناساندنی هونەری وە كەلتووری كوردی بە جیهان و ووڵاتانی خۆرئاوای ئاسیا و بێگومان لەكوردستانیش مامۆستا فەیسەڵ كەسایەتیەكی ناسراوی نێو هونەری شیوەكاری یە وە شارەزایە لە بواری پەردوەردەیی دا.










