فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا*

ئەم ناونیشانەی سەرەوە پەندێكی كوردەوارییە، دەگێڕنەوەو دەڵێن چەند كەسێك رێكدەكەون بە یەكەوە گاجووتێك دەدزن و پاش ئەوەی دەكەونە رێگا و بەرەو شوێنی مەبەست دەیبەن لە رێگە یەكێك لە دزەكان دەڵێت كە سەرمان بڕی رانی لای راستی بۆ منە و یەكێكی دیكەش دەڵێ رانی لای چەپی بۆ منە، سەبر سەبر لە دزی باڵادەست و گەورە بۆ دزە بچووك و ساواكان هەریەكە و شوێنێك دەستنیشان دەكەن، ئەو دەڵێ ئەو دەستە و ئەو دەڵێ ئەو پیلە و تا دەگاتە جەرگ و هەناو و هەمووی بەش دەكەن و پێستیشی نامێنێ، دیارە یەكێك لە دزە بچووك و بێ دەسەڵاتەكان بێ دەنگ دەبێ تا كۆتایی دێت و بەهیچ شێوەیەك باسی ئەو ناكەن و بەشی نادەن. لە دڵی خۆی دەڵێ با منیش قسەیەك بكەم و پیشانیان بدەم كە منیش بەشی خۆم دەوێت، دیارە ئەویش كلكی گاجووتەكە دەگرێ و دەڵێت “باژۆ گای هەموومان” مانای ئەوەیە منیش لە گەڵتانم و بەشی خۆم دەوێت. كەواتە بە پێی دەسەڵات و باڵادەستی دزەكان بەر لە سەر بڕینی گاكە نەخشەی دابەشكردنی دانرا، هەروەك گوتەنی “دزی پیاوكوژ و دزی ترسنۆك و گەندەخۆر هەریەك بە پێی ئیمكانیەتی خۆی بەشی خۆی برد”. ئەمە ئەوانەن كە دیارن لە دەوراو پشتی گاجووتەكە بوون، رەنگە دزی تریش هەبن وەك دزی دەستكێش یەعنی ئەوەی شوێنی گایەكەی دیاری كردووە یان دزی زێرەڤان ئەوەی چاودێری رێگای كردووە و دزی خاوەن بیرۆكە واتە ئەوەی پلان و كات و ساتەكەی دیاریكردووە، كەواتە ژمارەكە لە پەنجەی دەست دەردەچێ و دەكرێ بگوترێ دەبن بە گروپ و یان وەك كۆمپانیایێكی كار خۆیان دەنوێنن و شێوازێك پیشان دەدەن كە وەك دەستەیەكی رێكخراوەیین و تەواوكەری یەكترن. ئەمە لە لایەك و لە لایەكی تر شێوازێكی سەیرتر لە لێزانی و زۆرزانی و رێكخراوەیی ئەم كۆمپانیایە كە ئەویش كارایی دزان و زیرەكی و تاكتیكی هونەرییە لە شێوازی ئەنجامدانی دزیەكانیان و پێچ و پەنا دروستكردن و قەناعەت و شەرعیەتدانە بە ناشەرعی كارەكانیان و دزیەكانیان وەك لەو نموونەماندا دەیبینین.

دەگێڕنەوە دەڵێن كاتی خۆی دزێكی زیرەك و چاوقایم و فێلباز هەبووە لە سنووری گوندەكانی دەوراوپشتی هەولێر، دیارە ئەو دزە كەسی نەپاراستووە تا ئەو رادەیەی دزی لە ئامۆزایەكی خۆشی كردووە، جا ئەو ئامۆزایە شكایەتی لێ كردووە و بە گرتنی داوە، دیارە شەوێك لە شەوەكان كاكی دز لە زیندان بانگی پاسەوانی بەردەرگا دەكات و دەڵێت بۆ نایەیت من و تۆ مامەڵەیێك بكەین، پۆلیسە پاسەوانەكەش دەڵێت فەرموو چی بكەین؟ دزە بەندكراوەكە دەڵێت شەوێك ئازادم بكە تا بەیانیەكەی لە تاریك و روونی من دەگەڕێمەوە و دێمەوە زیندان، تەنها شەو مەجالم بدە دەڕۆم و دەگەڕێمەوە و كەلام شەرەف خاوەن وەعدی خۆم دەبم و موقابلی ئەو هاوكاریەشت 100 دینارت پێدەدەم، 100 دیناری ئەو سەردەمی پێدابوو و گوتبووی ئەگەر نەشتوانم بگەڕێمەوە یان بڕوات بە من نییە و گەر تۆ لە سەر من دەركرای تۆ ئێستا مووچەت مانگانە 2 دینارە ئەو پارەیەی پێت دەدەم بۆ تۆ مووچەی زیاتر لە 4 ساڵە و زەرەر ناكەی، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا من دڵنیات دەكەمەوە تا بتوانم دەگەڕێمەوە سجن من راناكەم تەنها ئەو شەو دەمەوێت تا بەیانی ئازادم بكەی و بەس چیترم ناوێت.

دیارە پۆلیسەكە رازی دەبێ و ئازادی دەكات و بۆ خۆی 100 دینار وەردەگرێ سەر لە ئێوارەیەكی تاریك و روون دز دەگاتەوە گوندەكەی خۆیان و تا درەنگانی شەو خۆی دەشارێتەوە، شەو كە ناو گوند ئارام دەبێت و خەڵك دەخەوێ گوایە دز گیراوە و كەس دزی ناكات لەو گوندەو وڵات ئارامە! كەچی خەڵك بێ خەبەرە كە دز بەڕەلا كرایە!! ئەم دزە جارێكی تر دەچێتەوە سەر ماڵی كوڕە مامی و ئەو جارە هەرچی مەڕ و ماڵاتی كوڕە مامی خۆی هەیە هەمووی دەدزێ و هەر بەو شەوە دەیانباتە گوندەكانی دەوراوپشتی مەخمور و تەسلیم بە خەڵكێكی عەرەبی دەكات و دەڵێت ئەم مەڕ و ماڵاتەم بۆ بفرۆشن بە نیوەیی و شەراكەت و نیوەی پارەكەم پێ بدەن نیوەكەی تر بۆ خۆتان بێت، جا خۆشی دەگەڕێتەوە بنكەی پۆلیس و دەچێتەوە لای پۆلیسە حەرەسەكە و دەڵێت ئەوە هاتمەوە و ساحێب وەعدی خۆم بووم و گەڕامەوە هەر وەك ئەوەی هیچ نەبووبێ هەر سجن بووبێ و ئاگای لە هیچ نەبووە بۆی دادەپۆشرێ و تاوانەكەی بزر دەبێ، چونكە ئەم جارە دزێكی نە نەناسراوەو بەبێ ئاگایی، بەڵام قانون حیمایەی دەكات و قانون دەڵێ دزنیە بەڵكو لە لای قانون لە نێوان چوار دیواری سنوردار پارێزراوە و كەسیش ناتوانی پەنجەی ئیتهامی بۆ درێژ بكات، چونكە هەر قانون دەیپارێزێ و پێویستی بە دیفاع نیە چونكە لە ناو دەزگای قانوون بێقانونی كراو حەقیقەت شێوێندرا و نەبیندرا.

جا دیارە بەیانیەكەی كە خاوەن مەڕ و ماڵات ئامۆزای دزەكە لە خەو هەڵدەستێ و دەبینێ ئەوجارە بە یەك جاری ماڵی وێران بووەو هەمووی دزراوە! گوایە چرپە چرپێكی گوێ لێ دەبێ كە ئاموزاكەی شەو لە گوند بینراوە و ئەو دزیەكەی كردووە دیارە دەچێتە بەردەمی دادوەر و شكایەت دەكات و دادوەر دەڵێت شتی وا كوو دەبێ؟! ئەم پیاوە لە سجنە و دزی بكات و دەعوای نوێی لە سەر هەبێت و لە كاتێكدا كە خۆی سجن بێت! چۆن دزی كردووە؟ دیارە دادوەر دەعواكە قبول ناكات و دەڵێت ئەمە غەدرە لەم داماوەی دەكەی كە خۆی سجن بێت و لای قانوون بێت چۆن بێ قانوونی پێ دەكرێت، بۆیە حاكم دەعواكە رەفز دەكات و لە سەرتاوانی پێشووتریش دزەكە عەفوو دەكات و دەڵێت كە ئەمەی ئێستا راست نەبێ ئەوەی پێشووش راست نییە و هەمووی درۆیە و ئەم پیاوە بێ تاوانە بۆیە ئازادی دەكات و لە تاوانی یەكەم و دووەم بەرائەتی پێدەدا و دزەكەش پاش ئەوەی بە سەری بەرز و زمانی درێژ دەگەڕێتەوە ماڵی خۆی، ئامۆزا داماوە ماڵ دزراوەكە دەڵێت من ماڵم چوو تازە چوو با تووشی دوژمنداری نەبم لەگەڵ ئامۆزای خۆم و دەچێتە لای ردێن سپییەك و دەڵێت بەڵكو هەوڵ بدەی لەگەڵ ئامۆزاكەم ئاشتمان بكەیەوە و دەڵێت ئامۆزام لە سەر من بەندكراوەو ئێستا عادزە، بەڵكو عەفووم بكات، كەواتە ساحێب حەق بە دز دەڵێت بمبوورە و من هەڵەبووم!

جا دیارە كە قاسیدە ریش سپییەكەش دەچێتە لای ئامۆزاكەی و دەڵێت بۆ ئەم مەبەستە هاتووم، ئەویش دەڵێت باشە بەیانی بیهێنن لە ماڵی من نان دەخۆین و دەعوەتی دەكەم و لە گەڵی ئاشت دەبمەوە، دیارە بۆ بەیانی دزەكە (بەرانێك) سەردەبڕێ لەو مەڕ و ماڵاتەی كە لە ئامۆزاكەی خۆی دزی بووی، كەواتە گۆشتی بەرانی خۆی پێ دەدا و دیارە لە كاتی نان خواردن و دەست شوشتن پیاوە ماڵ دزراوەكە لە ماڵی ئامۆزا دزەكەی داوا دەكات دەستی بشوات لە كاتی دەست شوشتن بە ناوی رێزلێنان و مەسینە و ئاو بە دەستدا كردن و خاولی هێنان ئەو جارە سەعاتەكەی دەستی دەدزن، دیارە لە كاتی دەست شۆرین سەعاتەكەی لە تەنیشت خۆی داناوە، كاتێ سەیر دەكات سەعاتی نەماوە، دیارە یەكسەر لەو پیاو ماقوڵە داوا دەكات و دەڵێت بیكە بۆ راهی خوا من هیچم ناوێت بەڵكو بە سەلامەتی بمگەڕێنیەوە ناو ماڵی خۆم و نەجاتم بدەی لێرە، مەمنونت دەبم! كەواتە پیاوەكە لە كۆتایی ماڵی چوو، مەمنوون بوو سەری نەچێ، ئەمەش شیوازێك بوو لە شێوازی بەهرەمەندی و زیرەكی دزانی سەردەم.

بە حەقیقەت كاركردن لەگەڵ ئەم (دونیا سەیر و سەمەرەی دزان) زۆر زەحمەت و ئەستەمە، جا مرۆڤ گەر گەیشت بەو قەناعەتەی حیمایەی سەعاتی دەستی خۆی پێ نەكرێ، ئەمەش ماڵوێرانیە و بڵێت تەنهابمگەینەوە ناو ماڵی خۆم من مەمنوونم و هیچم ناوێت و لەوەش دڵگرانتر بۆ مرۆڤ كاتێك تۆ بەرپرسی كارێك بیت بە پێوانەی خەڵك بڕیاردەربی، بەڵام لەو شوێنەی كارت و بەرپرسیارەتیت لە سەعاتی دەستی خۆت بترسیت بدزرێ بە راستی ئەوپەڕی نائومێدیە كە دەبێتە بەربەستێكی دەروونی بۆ مرۆڤ، جا بۆیە كاتێك باسی گەندەڵی دەكرێ بە گوتەی سەردەم دزیش بە گوتەی كۆن، دەبێ لە نزیكەوە كاری بۆ بكرێ، چونكە كەمجار هەیە بتوانرێ دزی بكرێ گەر دەستێك لە نێوماڵ نەبێ و كوردیش ناحەق نییە كە گوتوویەتی “گەر دز و خاوەن ماڵ یەكبن گای بە كونە دەرزی دەبەنە دەرێ)”. هەروەها لە پەندێكی تر دەڵێ “ئاگر لە دامێنەوە داتدەگرێ” بەڵێ وایە گەر لە رەگەوە عیلاج بكرێ گەڵا و قەد و باڵای گەندەڵی و دزی زوو وشك دەبێ، بۆیە دەبێ عیلاج لە رەگەوە بكرێ وەك سەرچاوەی ئاوی بۆگەن تەنها كار لە جۆگەلە نەكرێ، چونكە بەم جۆرە هەرگیز گەندەڵی بنبڕ ناكرێ تا لە سەرچاوەوە وشك نەكرێ، كە كراش ئەو كاتەش نە گا دەدزرێ و نە دزیش باوی دەمێنێ. هەموو چارەسەرێكیش هەروایە و هەموو برینێكیش هەروایە، تا خوێن خاوێن نەكرێتەوە برین وشك نابێ و تا ئازار و تا زیاتر ئازار نەخۆین، دەبا دەست پێبكەین هەموو جەستەمان عیلاج بكەین و تەنها جوانكاری بۆ جەستە نەكەین.

* ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارێزگای هەولێر (پ. د. ك)