سکرتێری
مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، فازڵ میرانی ڕایگەیاند،
لیژنەکانی پێکھێنانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کاری باشیان کردووە و تەنیا
یەک گرفت ھەیە، ئەگەر چارەسەر بکرێت ھیچ کێشەیەک نامینێت و دەگەنە
ڕێککەوتن، ئەویش ئەوەیە کە کێشەکانی بەغدا چارە بکرێن، ئینجا ھەرێمی
کوردستان، یان بە پێچەوانەوە، کێشەکانی ھەرێم چارەسەر بکەین و دواتر
بچینەوە بەغدا.
فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە
لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: “ئەو لیژنانەی بۆ پێکھێنانی حکوومەت
دروست کراون کاری باشیان کردووە، بەڵام لەڕووی سیاسییەوە نەگەیشتوونەتە
بڕیاری کۆتایی و یەک گرفت لە دانوستانەکاندا ھەیە، ئەویش ئەوەیە کە
کێشەکانی بەغدا چارە بکرێن، ئینجا ھەرێمی کوردستان، یان بە پێچەوانەوە،
کێشەکانی ھەرێم چارەسەر بکەین و دواتر بچینەوە بەغدا، بۆیە ئەگەر ئەمە
چارەسەر بێت، ئیدی ھیچ کێشەیەک نامینێت.”
فازڵ میرانی گوتیشی: “پێویستە سەقفێکی زەمەنی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێ
دیاری بکرێت، چونکە نابێت بە کراوەیی بەجێ بھێڵدرێت و میللەتیش ئەمە قبووڵ
ناکات، لەبەر ئەوەی ١٣٠ ڕۆژە ھەڵبژاردن کراوە.”
فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان باسی لەوەش
کرد: “ھیوادارین پێش ئەوەی بگەینە نەورۆز کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی
کوردستان پێک بێت.”
بڵند ئیبراھیم








