ئەمڕۆ دووشەممه چواری شوبات، كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەنێوان وەزارەتی پێشمەرگەی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و شاندێكی وەزارەتی بەرگری عێراق بەرێوەچوو.
بەپێی هەواڵێكی سەنتەری میدیای وەزارەتی پێشمەرگە، كەریم سنجاری وەزیری ناوخۆ و وەزیری پێشمەرگە بەوەكالەت، لەگەڵ شاندێكی باڵای وەزارەتی بەرگری عێراق كۆبووەوە كە پێكهاتبوو لە فەریق روكن عەبدول ئەمیر رەشید یاڕەڵڵا جێگری سەرۆك ئەركانی سوپای عێراق بۆ ئۆپەراسیۆنەكان و شاندێكی یاوەری.
وەك لە هەواڵەكەدا هاتووە، لەو كۆبونەوەیەدا جگە لە ئاسایی كردنەوەی پێوەندییەكانی نێوان هەردوولا، تیشك خرایە سەر دواین پەرەسەندنەكانی ئەم دواییەی عێراق و ناوچەكە، هاوكات بە وردی گفتوگۆ كرا لەسەر گۆڕانكارییە تەناهییەكان و بەدیاریكراویش بارودۆخی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان.
لە كۆتایی هەواڵەكەیشدا ئاماژە بەوە كراوە كە بڕیارە لە هەفتەی داهاتوو لیژنە لاوەكییەكانی هەردوولا دەست بەئەنجامدانی كار و كۆبوونەوەكانیان بكەن.









