دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی رابردوودا چەند کوردێک هەڵیانکوتایە سەر بارەگای نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەورووپا لە وڵاتی بەلجیکا و بێڕێزییان بەرامبەر بە ئاڵاکەیان کرد، ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکدا ئاڵای کوردستان لەبەردەمی بارەگاکە بەرزکرایەوە.

ئەو چەند کەسە کوردە لە کاتی هەڵکوتانە سەر باڵەخانەکە و هێنانە خوارەوەی ئاڵای کوردستان لەبەردەمی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە یەکێتی ئەرووپا کە دەکەوێتە شاری برۆکسلی پایتەختی بەلجیکا ڤیدیۆیان تۆمار کرد و بڵاویان کردەوە ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری کوردانی نێوخۆ و دەرەوەی کوردستانی لێکەوتەوە و داوای بە سزاگەیاندنی ئەو کەسانە دەکەن.

ئەمڕۆ شەممە(٢-٢-٢٠١٩) نوێنەرایەتییەکە ڕێوڕەسمێکی فراوانی بۆ جارێکی تر بەرزکردنەوە و ڕێزگرتن لە ئاڵای کوردستان لەبەردەم باڵەخانەکە ڕێکخست کە تیایدا ژمارەیەک زۆر لە کوردانی تەراوگە بە ئاڵای کوردستان و بە گوتنەوەی دروشمی” یان کوردستان یان نەمان” ئامادەی بوون.