بەپێی زانیارییەکان بە بڕیاری ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک داوا لە سەرۆک خێزانەکانی دەیان ماڵی کورد كراوە لە سنووری موسەیەجەی گەڕەکی عەرەفەی شاری کەرکووک، خانووەكانیان چۆڵ بکەن، ئەوەش دوای ئەوەی ١٥ ساڵ پێش ئێستە خانووەكانیان لە حکوومەت کڕیوەتەوە.
ھەر بەپێی زانیارییەکان، ئێستە سەرۆک خێزانەکان ناونووس کراون بۆ
ئەوەی لە نزیکترین کاتدا خانووەکان چۆڵ بکەن، بە پێچەوانەوە دەردەکرێن.
لەمبارەیەوە کامل ساڵەیی قایمقامی ناوەندیی کەرکووک بە (باسنیوز)ی
ڕاگەیاند “لە دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧وە لەلایەن دەسەڵاتدارانی
ئێستەی کەرکووکەوە بەردەوام کار کراوە بۆ ئەوەی کورد لە ماڵەکانی خۆیان لە
کەرکووک دەربکەن و دەسەڵات لە کەلێنێک یاخود دەرفەتێک دەگەڕێن بۆ ئەوەی
فشار بخرێتە سەر کوردەکان تاوەکو کەرکووک بەجێ بھێڵن و چۆڵ بکەن”.
گوتیشی “لە گەڕەکەکانی دیکەی کەرکووکیش کار کراوە بۆ ئەوەی کورد
دەربکرێ و ھەروەھا لە گوندەکانیش، ئەوەش یەکێک لەو کردەوانەیە کە دەخرێتە
پاڵ ئەو کردەوانەی دیکەی دوای رووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ ڕووی داوە و
نازانم لەسەر چ بنامەیەک و یاسایەک ئێستە فشار خراوەتە سەر دانیشتوانی
کوردی موسەیەجەی گەڕەکی عەرەفەی کەرکووک”.









