خهبات: سەردار حوسێن
زاراوەی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان Crisis Management لە چوارچێوەی ئەو زاراوە نوێیانەدێت، كە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتیدا بەكاردێت و كاری پێدەكرێت، ئەو زاراوەیە بە پابەندبوون بەو تێگەیشتنە لاساییكراوانە دێت، كە پەیوەندییەكان حوكمی بەسەردا دەدەن، بە جیاوازی دەركەوتن و ئاستەكانیشەوە، تا كۆتاییەكانی جەنگی جیهانیی دووەم. دواتر بەهۆی ئەو پەیوەندییە توندوتۆڵەی لەگەڵ كاروبارەكانی دیكە هەیەتی، بەشێوەیەكی تێبینیكراو پەرەی پێدرا.
پاشان لەلایەن كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا بووە جێگەی گرنگی پێدان و كارپێكردنی لەسەر ئاستێكی زۆر بەرز، وەك پرۆسەی بڕیاری سیاسی و وتووێژی دیبلۆماسی، بۆیە رەگەزەكانی وتووێژكردن هاوڕێك لەگەڵ سیفەتەكانی لەیەكترگەیشتن، بوونە بڕبڕەی پشتی بەڕێوەبردنی قەیرانەكان، ئەوەیش بە سرووشتی خۆی پەلدەكێشێ بۆ پرسێكی زۆر گرنگتر، كە تایبەتە بە قەیرانەكان و بەڕێوەبردنیان، كە بریتییە لە دروستكردنی بڕیار و ئەوەی كە پێویستە بگیرێتەبەر بۆ ئاستی كاركردنی كارگێڕی و سیاسی، كە دەگاتە قۆناغی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان، ئەوەیش سەردەكێشێ بۆ پەیوەندی كارگێڕی بە كاری سیاسی، نەك بە مانا سادەو بەرتەسكەكەی، بەڵكو بە واتا گشتییەكەی، بەو پێیەی بڕیارەكان هەرچەندە لە ناوەرۆكیشدا جیاوازبن و لە مەبەستدا نزیكبن لەیەكتریش، دواجارو لە كۆتاییدا سیفەتی بڕیاری سیاسی وەردەگرن.
لێرەوە پرۆسەی لەیەكتر نزیكبوونەوە لەنێوان بەڕێوەردن و سیاسەت دەست پێدەكات و پەیوەندییەكانیان دەردەكەوێت، لەنێوان دامەزراوە كارگێڕییەكان و سیستەمی سیاسیدا، كە دەكرێ وەك كلیل و قفڵ سەیر بكرێت، كە هەر یەكەیان بە شێوەی تاك و جیاواز دەردەكەون، بەم هیچیان ناتوانن بە تەنها و بەشێوەیەكی كارا كار بكەن، بەڵكو دەبێ وەك هاوسەرگیری بەیەكەوەبن و كاربكەن، هەر ئەوەیش وایكرد كە گەڕان بەدوای چارەسەری گرفتەكانی پرۆسەی بڕیاردان رەنگدانەوەی هەبێت، ئینجا ئەو گەڕانە لە گۆشەنیگای پەیوەندی كارگێڕی بە بڕیاری سیاسی بێت یاخود لە گۆشەنیگای توێژینەوە لە پرۆسەی بڕیار و جێبەجێكردنی بێت، هەروەهاش قەیرانەكان ناتوانن لەو چوارچێوە ستراتیژییە دەربچن، كە لە بیرو هزرە یۆنانییەكانەوە پەرەی پێدراوە، تەنانەت خودی وشەكەیش Strategus بە واتای رۆڵی سەركردایەتی گشتی سووپا دێت، ئینجا هونەری بەڕێوەبردنی سووپا، كە دواتر پەرەیسەند بۆ هونەری سەركردایەتیكردن، كە تایبەتمەندە بە لێهاتوویی جەستەیی و رەوشت بۆ داگیركردنی ئەو رۆڵە پێویستەی رووبەڕووبوونەوە و بەڕێوەبردن ی قەیرانەكان، كە لە ناكاو دێنە پێشەوەو خاوەن بڕیارەكان دەبێ بەرپرسیارێتییەكەی بگرنە ئەستۆ.
راستییەكی روون و ئاشكرا هەیە ئەویش ئەوەیە، كە قەیرانەكان دەكرێ لە هەر كات و شوێنێك و لە هەر لایەنێك لە لایەنەكان سەرهەڵبدەن، ژمارەیەك قەیران هەن كە دەكرێ بە جۆرێك لە جۆرەكان رێگری لە سەرهەڵدانیان بگیرێت، لە كاتێكدا ژمارەیەكی دیكەیان هەیە كە ناتوانرێ رووبەڕوویان ببینەوەو بە رەهایی كۆنترۆڵ بكرێت، چونكە ناتوانرێ گامارۆ بدرێن و ەربەست لەبەردەم سەهەڵدانیان دروست بكرێت. كەواتە دەتوانین بڵێین هیچ قەیرانێك نییە كە نەتوانرێ پلانی بۆ دابڕێژرێت و لە ئازارەكانی كەمبكرێتەوە، هەروەك چۆن دەشێ رووداوێكی چاوەڕوان نەكراو ببێتە هۆی وێرانكردنێكی سەختی ناوبانگ كە چاككردنەوەی چەندین ساڵی پێویست بێت، لە میانەی ئەو ئەزموونانەش ئەو كەسانەی پێشبینی رووبەڕووبوونەوەی خراپتر دەكەن، بەزۆری دەرفەتی زیاتریان هەیە بۆ پێویست نەبوونی مامەڵەكردن لەگەڵیدا، ئەوەیش دەكەوێـە سەر ئەو هێز و توانا رەخساوەی لە پلان و ئامرازە ستراتیژییەكان بەردەست دەبن بۆ بەڕێ،ەبردنی قەیرانەكان و رووبەڕووبوونەوەی ئەو پێشهاتانەی لە ناكاو روودەدەن و چاوەڕوان نەكراون.
شرۆڤەو شیكردنەوەی ورد یەكێكە لەو فاكتەرانەی هاوكار دەبن بۆ رێگریكردن لە كێشەو قەیرانەكان، لێرەدا دەتوانین باسەكە بەوە كورتبكەینەوە، كە قەیران بەگشتی واتا كاتێكی ناسەقامگیر یاخود مەترسیدار، كە پەیوەستە بە كاروباری تاك یان كۆمەڵێك یاخود چەند كۆمەڵگایەك، كە دەرەنجام و دەرهاویشتەكانی كاریگەرییەكی توندیان لەسەر ئەو لایەنانە دەبێت، ئینجا بە ئاراستەی خراپتر یاخود باشتر، تەنهاش ژمارەیەكی كەمی قەیرانەكان لەناكاو روودەدەن، زۆرینەیان كلیلێكیان هەیە بۆ دروستبوون و زانیاری و دەرهاویشتەی پێشوەختەیان لەسەر هەیە دەبنە هۆی سەرهەڵدانی ئاڵۆزییەكان، كە دواجار هەر ئەوانیش هەنگاوی رەها و كۆتایین بۆ دروستبوونی قەیرانەكان، كە دەكرا پێشتر پلان بۆ ئەگەری رووبەرووبونەوەی ئەو قەیرانانە دابڕێژرایە.
ئەگەر سەیری مێژووی مرۆڤایەتی بكەین، خۆمان لەبەردەم ئەو بەدوای یەكدا هاتنە دەبینینەوە، كە بە تەواوی پەیوەستە بە بوونی خوودی مرۆڤ لەگەڵ دەسپێكی ژیانی مرۆییدا، هەر لەگەڵ بوونی هابیل و قابیل لەسەر گۆی زەوی، ململانێی بەرژەوەندییەكان سەریانهەڵداوە، هەروەهاش ئامرازەكان پێویست بوون بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەكان و مامەڵەكردن و بەڕێوەبردنیان بەو ئاراستەیەی بەرژەوەندی لایەنەكان رەچاو بكات، شێوازەكانی بەدیهێنانی ئامانج بە سەركەوتنی لایەنێك بەسەر ئەویدا دەستیپێكرد، هەروەها دەستەبەركدرنی تەواوی بەرژەوەندییەكانی لایەنێك و ونكردنی بەرژەوەندی لایەنێكەی دیكە، هابیل بە كوشتنی براكەی نەوەستاو چاوی بڕییە ژیان و تاكەخاوەندارێتی خۆی بۆ هەموو شتەكان، هاوكات فێری ئەو دەرسانەیش بوو كە چۆنیەتی كۆتایی هێنان بە هەموو رێكارەكان دەستنیشان دەكات و چارەسەری دەرهاوێشتەی ئەو قەیرانانەو كاتێكیش چاوی بە باڵندەی قەلەڕەش كەوت كە ئەو خەریكی شاردنەوەی شتەكانی بوو، ئەویش بە هەمانشێوە تەرمی براكەی شاردەوە.
لێرەوە قەیران دەستیپێكرد و پێویست بوو بەڕێوەش ببرێت، لە سەردەمی بیرسیل 450 ساڵ پێش زایین، شارەزایی بەڕیوەبردن دەستیپێكرد، كە بریتی بوو لە هونەری كارگێڕی ز وتاردان و هێز، ئەوانەیش رەگەزی سەرەكین بۆ بەڕیوەبردنی قەیرانەكان لە ئێستایشدا، بەڵام بەڕیوەبردن لەسەردەمی ئەسكەندەر 330ساڵ پێش زایین، بریتی بوو لە دامەزراندن و بەڕیوەبردنی هێزەكان بۆ سەركەوتن بەسەر ركابەرداـ هاوكات بۆ دروستكردنی سیستەمێكی یەكگرتوو بۆ حوكمڕانی جیهان، كە بە قۆناغی ئاڵوگۆڕ و بەڕێوەبردنی قەیرانە نێو دەوڵەتیەكان دەستی پێكرد و ئەو رەهەندە مێژووییەش درێژەی كێشا و دەبینین دوای چەند ساڵێكی كەم لە سەركەوتنی شۆڕشی فەرەنسیدا چەندین بنەمای فەلسەفی و دەستووری بەدوای خۆیدا هێنا و سەرهەڵدانی حوكمڕانی ناپلیۆن ـیش بەوە دەستی پێكرد كە چەندین دامەزراوەی كارگێڕی نوێی هێنایە كایەوە، كە هاوكارێكی باش بوون بۆ گەشەپێدانی ژێرخانی پیشەسازی و سەربازی و سیاسی فەرەنسی لە دەرەوەی سنوورەكانی خۆیشیدا، لەنێو ئەوانەیشدا.
- داڕشتنی یاسای مەدەنی بۆ بەرزەفتكردنی پەیوەندییەكان و مامەڵەكردن لەنێوان تاكەكاندا.
- دامەزراندنی زانكۆی نوێی فەرەنسی و دروستكردنی ئەنجوومەنی دەوڵەت كە رۆڵی دادوەری و دەستووریی گرنگی لە دەوڵەت دەبینی.
- درەوشانەوەی دەستكەوتە كارگێڕییەكان لە رێكخستنی قوتابخانەو فێركردن و كلێسادا.
- دوای داڕشتنی یاسای مەدەنی لە ساڵی 1804دا كۆمەڵێك رێكار و بنەما و یاسای تایبەت و گشتی لە چەندین بواردا بۆ چالاكییە كارگێڕییەكان داڕێژران، كە رۆڵێكی كاریگەریان لە پێكهاتەی چوارچێوە یاساییە كارگێڕییەكاندا و دادەوەری لە فەرەنسا هەبوو.
- بنكەیەكی فراوان دروستكرا، كە پشتی بە تیمێكی مرۆیی گەورە لە فەرمانبەرانی كارگێڕی دەبەست.
لەلایەكی دیكەوە بیرۆكەی دەستووری و سیاسی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا، كۆمێنتێكی بەهێزی لەسەر بیرۆكەی جیاكردنەوەی دەسەڵاتەكان هەبوو، بەڵام هەر لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری لە ساڵی 1929دا، ئاماژەكانی بیردۆزێكی نوێ بۆ فەرمانبەرانی دەوڵەت دەركەوت، كە لە قۆناغی بێلایەنییەوە بۆ قۆناغی تێكەڵبوونەوە تێپەڕی، هەروەهاش بیركردنەوە لە بەڕێوەبردن لە گۆشەنیگایەكی دیكەوە سەیری دەكرا، هاوكات بەرنامەی چاكسازی ئابووری كە سەرۆك فرانكلین دی رۆزفلێد دایهێناو بە سەردەمی تازە New Deal ناسراوە، دەستی پێكرد، كە بۆ رزگاركردنی ئابوورییە شڵەژاوەكی ئەمەریكا لە ساڵانی سییەكانی سەدەی رابردوو هاتە ئارا، كە ناتوانرێ لە گرنگیی ئەو بیرۆكەیە كەمبكرێتەوە وەك سەرچاوەیەك بۆ بیركردنەوەیەكی نوێ لە سیستەمی كارگێڕیدا.









