نووری حەمەعەلی، فەرماندەی ھێزی پێشمەرگە، زانیاری لەبارەی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك ئاشكرا كرد و دەڵێت، دانوستان دەستی پێكردووە بۆ گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە و “داوامان كردووە پێشمەرگە بۆ سنوورەكانی پێشووی بگەڕێتەوە”.

نووری حەمەعەلی، بەرپرسی میحوەری باشووری كەركووكی ھێزی پێشمەرگەی كوردستان، ئاماژەی بۆ ئەوە كرد: “دانوستان لە نێوان ھەرێمی كوردستان و بەغدا دەستی پێكردووە بە مەبەستی گەڕانەوەی ھێزی پێشمەرگە بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی حكوومەتی ھەرێم، دانوستانەكان بە ئاڕاستەی ئەوە بەڕێوە دەچن بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنەكانی پێشووی نێوان ھەردوولا و پێشمەرگە بگەڕێتەوە ئەو سنوورانەی بەر لە ھاتنی شەڕی داعش تێدا جێگیر ببوو”.

بەرپرسی میحوەری باشوور و رۆژئاوای كەركووك، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستان، دەڵێت: “كاتی خۆی پێشمەرگە بۆ پاراستنی سنوورەكە چووبووە ئەو ناوچانە، بە تایبەتی لە كاتی ھێرشەكانی گرووپی تیرۆریستیی داعش، ھێزی پێشمەرگە رۆڵی بەرچاوی لە شكاندنی تیرۆریستاندا ھەبوو”.

حەمەعەلی هەروەها روونی كردەوە: “ئەگەر مەترسی لەسەر كەركووك ھەبێت، ھەموو كات پێشمەرگە ئامادەی گەڕانەوەیە بۆ ناوچەكە، لە رابردوویشدا بینیمان مەترسی بۆ سەر ھەر ناوچەیەك ھەبووبێت، عێراق خۆی داوای ھێزی پێشمەرگەی كردووە، ھەموو لایەك دەبینین لە رووی ئەمنییەوە كەركووك و كەركووكییەكان لە چ رەوشێكدان، لەبەر ئەوەش بۆ پاراستنی خاك و خەڵكەكەی، پێویستی بە ھێزی پێشمەرگە ھەیە”.

قائید میرۆ