سەرۆك بارزانی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبۆوە و هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە لە عێراقدا دەرفەتێكی تازە لە ئارادایە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا و، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لەوە كردەوە كە وڵاتەكەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە.
ڕۆژی چوارشەممە 9ـی 1ـی 2019 لە شاری هەولێر سەرۆك مەسعوود بارزانی لەگەڵ مایك پۆمپیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا كۆبۆوە.
لە كۆبوونەوەكەدا كە دۆگڵاس سلێمان باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و ستیڤ
ڤاگین كونسووڵی ئەمەریكا لە شاری هەولێریش ئامادەی بوون، گفتوگۆ لەبارەی
بارودۆخی سیاسیی عێراق و ناوچەكە و هەروەها پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و
بەغدا و شەڕی دژی تیرۆر كرا و، هەردوولا لەسەر ئەوە هاوڕابوون كە لە
عێراقدا دەرفەتێكی تازە لە ئارادایە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی
نێوان هەرێم و بەغدا و، وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا جەختی لەوە كردەوە كە
وڵاتەكەی هاوبەشی هەرێم و بەغدا دەمێنێتەوە.
وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا پێزانینی هەبوو بۆ كاری هاوبەشی ئەمەریكا و هێزی
پێشمەرگەی كوردستان كە بووە هۆی بەدەستهاتنی سەركەوتن و جەختیشی لە بایەخ و
پێگەی هەرێمی كوردستان بۆ وڵاتەكەی كردەوە.

لای خۆیەوە سەرۆك بارزانی سوپاسی ئەمەریكای كرد كە لەشەڕی دژی تیرۆریستان
پشتیوانی هێزی پێشمەرگە بووە و ئاماژەیشی بەوەدا كە بەهۆی هەماهەنگیی نێوان
سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگە سەركەوتنی زۆر گەورە لە شەڕی دژی تیرۆر
بەدەست هاتووە. هەروەها هاتنی وەزیری دەرەوەی ئەمەریكای بۆ كوردستان بە
سەردانێكی گرنگ و جێگەی تەقدیر وەسف كرد. سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوان
هەرێم و بەغدا سەرۆك بارزانی وێڕای ئاماژەدان بە كەشوهەوای سیاسیی تازە لە
عێراق ئەوەی دووپاتكردەوە كە هەرێمی كوردستان هەمیشە بڕوای وا بووە كە
گرفتەكانی لەگەڵ بەغدا لەڕێگەی دیالۆگ و بە شێوازی ئاشتیانە چارەسەر بكات.
هیوای ئەوەیشی خواست كە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چیتر بە هەڵواسراوی
نەمێننەوە.
بارودۆخی سووریا تەوەرێكی دیكەی ئەو دیدارە بوو و وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا
ستراتیژیی وڵاتەكەی لە سووریا و بڕیاری كشانەوە و كەمكردنەوەی هێزەكانی
ئەمەریكای لە سووریا بۆ سەرۆك بارزانی شی كردەوە. پەیوەست بە بارودۆخی
سووریا سەرۆك بارزانی نیگەرانیی خۆی لەبارەی چارەنووسی گەلی كورد لە سووریا
ڕاگەیاند و داوای كرد كە گۆڕانكاری و پێشهاتە تازەكان نەبنە هۆی ئەوەی
گەلی كورد لە سووریا چیتر تووشی ئازار و زیان ببێت.








