سەلام عەبدوڵڵا
یەكێك لەو هۆكارانەی كە پارتە كوردییەكانی باكوور نەیاندەتوانی سوود لەو مۆڵەتە دیموكراتیەی نێو توركیا وەربگرن، مەسەلەی پەرتەوازەییان بوو كە هەر حزبەو بەجیا بەشداری پڕۆسەی هەڵبژاردنی دەكردو بەوپێیەش دەنگی پێویستی نەدەهێنا كە بچێتە نێو پەرلەمان و بەشداری لە پڕۆسەی سیاسیدا بكات و داخوازییەكانی گەلی كورد لە رێگەی مۆڵەتی دیموكراتییەوە دەستەبەر بكات. بەوپێیە بەربەستی چوونە نێو پەرلەمانی توركیا تا رادەیەك سەخت بوو، چونكە دەبوو ئەو پارتانەی كەمتر %10ی دەنگ دەهێنن نەتوانن ئەو بەربەستە ببڕن و بچنە نێو پەرلەمانەوەو تا بۆ یەكەمین جار پارتی دیموكراتی گەلان توانی ئەو بەربەستە ببەزێنێ و بە سەنگێكی باشەوە بچێتە نێو پەرلەمان، ئەگەرچی هەدەپە وەك پارتێكی كوردی خۆی رانەگەیاند، چونكە لە راستیدا تەنیا كورد دەنگی بەو پارتە نەدا، بەڵكو جگە لە كورد، تورك و لەناو پێكهاتەكانی تری توركیاشدا دەنگی پەیدا كردو بەوپێیەش توانی بچێتە نێو پەرلەمانەوە. ئێستا كە پارتە كوردییەكان و هەدەپەش لەو ڕاستیە گەیشتن كە هۆكاری لاوازبوون و بێهێزیان لە پەرتەوازەیی خۆیاندا بووە، بۆیە ئەم رێكەوتنەی ئێستا كە پارتە كوردییەكان پێكەوە واژۆیان لەسەر كردووە بۆ بەشداربوونی لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكاندا بە هەدەپەشەوە بە هەنگاوێكی زۆر بەجێ و پێویست دەزانرێ كە دەتوانرێ گەرەنتی سەركەوتنی لە هەڵبژاردنەكاندا بە گەلی باكوور بدات و ئەمجارە وەك كورد بەشداری هەڵبژاردن بكات نەك وەك حزب، بۆیە چاوەڕوانی ئەوە دەكرێت كە دەنگێكی باش مسۆگەر بكات بەتایبەتی كە خەڵكانێكی زۆر هەن بێ لایەنن و سەر بەهیچ پارتەك نین، بەڵام دەنگ بەو بەرەیە دەدەن، چونكە دەتوانێ پێكەوە داكۆكیكارێكی بەرچاو و بەسەنگ بن لە داخوازییەكانی گەلەكەیان و بەوپێیەش ئەو بەرەیە دەتوانێ هەموو ئەو شارەوانیانەی لە دەستیان داوەو دراوە بە (قەیوم) جارێكی تر بگەڕێنەوە بۆ كورد و نوێنەری راستەقینەو هەڵبژێراوی خۆیان. گرنگ ئەوەیە ئەم بەرەیە یان ئەم هاوپەیمانیەتە بەردەوام بێت و ئەمجارە ئەو هێزە یەكگرتووە بخرێتە خزمەت هەڵبژاردنەكانی داهاتووەوەو بەوپێیەش ژمارەیەك كورسی بەرچاو بۆ گەلی كورد لە پەرلەمانی توركیا دەستەبەر بكات. كورد دەمێكە دەڵێ هێز لە یەكگرتندایەو پەرتەوازەیی لاوازیی دەخوڵقێنێت، پیرۆزبایی لەم یەكگرتنە دەكەین و هیوادارین سوود لەو مۆڵەتە دیموكراتیە ببینرێ و داخوازییەكانی گەلی كورد لە باكوور لە رێگەی دیموكراتییەوە دەستەبەر بكرێت.









