بەرپرسێكی شاری هەولێر لەسەر سووتاندنی عارەبانەكانی شەوی ڕابردووی بازاڕی ئیسكان، ڕوونكردنەوە دەدات و ئاشكرای دەكات، هۆكاری ڕووداوەكە بەهۆی كێشەی نێوان عارەبانچییەك و خاوەن چێشتخانەیەك بووە.
ئەمڕۆ چوارشەم دووی كانوونی دووەم، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر  ڕایگەیاند، سووتانی عارەبانەكانی بازاڕی ئیسكان لە شەوی ڕابردوو پێوەندی بە ناڕەزایەتی دەربڕین نییە، بەڵكو لێك تێنەگەیشتنێك هەبوو لە شوێنەكە.
قایمقامی هەولێر گوتی، بەهۆی ڕاگرتنی عارەبانەیەك لە بەردەم چێشتخانەیەك، خاوەن چێشتخانە و خاوەنی عارەبانەكە بووەتە دەمەقاڵەیان و بەو هۆیەوە ڕووداوەكە فراوان بووە، دوای چوونی ئێَمەیش هیچ كێشەیەك نەمابوو و كۆتایی پێ هاتبوو.
ئاشكرای كرد، ڕێكخستنەوەی بازاڕەكە پێوەندی بە شارەوانیی هەولێر هەیە كە چۆن ڕێ دەدرێت بەكاركردنی ئەو خاوەن عارەبانانە.