راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاساییشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان کۆبوویەوە و لە دیدارەکەدا سەرۆکوەزیرانی ڤاتیکان سوپاسگوزاری حکوومەتەکەی بە هەرێمی کوردستان راگەیاند.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٧/١٢/٢٠١٨ مەسروور بارزانی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی
هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کاردینال پیترۆ پارۆلین سەرۆک وەزیرانی
ڤاتیکان و شاندی یاوەری کرد.
لە سەرەتای دیدارەکە مەسروور بارزانی پیرۆزبایی جەژنی لە دایکبوونی
حەزرەتی مەسیح و سەری ساڵی نوێی زاینیی لە کاردینال پیترۆ پارۆلین کرد و لە
رێگەی ئەویشەوە بەو بۆنەیەوە سڵاوی تایبەتی بۆ قەداسەتی پاپا فرانسیس
نارد.
لەم دیدارەدا وێڕای گفتوگۆکردنی بارودۆخ و رۆڵ و رەوشی پێکهاتە ئایینی و
نەتەوەییەکان، داڵدەدان و حەوانەوەی ئاوارە مەسیحییەکان لە هەرێمی کوردستان
بەرزنرخێندرا، لەوبارەوە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان
جەختی لە فەرهەنگی پێکەوەژیان و لێبوردەیی گەلی کوردستان کردەوە و
رایگەیاند، وەک هەمیشە مەسیحیەکان بە بەشێکی رەسەنی ئەو کۆمەڵگەیە دەزانین و
داڵدەدان و حەوانەوەشیان بە ئەرکی مرۆڤدۆستی گەلەکەمان دادەنێین. هەروەها
راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا
هیوای خواست بەیارمەتی هەموو لایەک کەشێکی لەبار بخولقێندرێت بۆئەوەی
برایانی کریستیان وڵات بەجێ نەهێڵن و رەوتی کۆچ پێچەوانە بێتەوە و بە
ئاسوودەیی بگەڕێنەوە زێدی رەسەنی خۆیان .
لەلای خۆیەوە کاردینال پیترۆ پارۆلین، سەرۆکوەزیران سوپاسگوزاری حکوومەتی
ڤاتیکانی بە هەرێمی کوردستان راگەیاند و نزای بۆ گەڕانەوەی ئاشتی و
سەقامگیری بۆ ناوچەکە کرد. جگە لە ستایشکردنی رۆڵی هەرێمی کوردستان لە
داڵدەدان و دابینکردنی پێداویستییەکان بۆ ئاوارەکان، دووپاتی لەوەشکردەوە،
ڤاتیکان لە پێشکەشکردنی یارمەتیی و پشتیوانەکانی بۆ پێشکەوتنی زیاتری
هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت.








