دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لەبارەی خانەنشینکردنی پەرلەمانتارانەوە ڕاگەیاندراوێکی بڵاو کردەوە.

ئیاس ساموك، گوتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق لە راگەیه‌ندراوێکدا ئاشکرای کرد، دادگای فیدراڵی لە کۆبوونەوەکەیدا کە بە ئامادەبوونی مه‌دحەت مەحمود، سەرۆك و ئەندامانی دادگای فیدراڵی، بەڕێوەچوو تێیدا بڕیاردرا کە خانەنشینکردنی پەرلەمانتاران نادەستوورییە.

گوتەبێژی دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕاگەیاندراوەکەیدا ئەوەشی خستووەتە ڕوو، ماددەی 6، 11 و 13 کە مووچەی خانەنشینی و ژمارەیەك ئیمتیاز بە پەرلەمانتاران دەدات نادەستوورییە.

بەپێی ئەو ڕاگەیاندراوە، لەمەودوا خانەنشینی پەرلەمانتارانی عێراق هەڵدەوشێتەوە و پەرلەمانتاران بەپێى یاساى یەکگرتووى خانەنشینى مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت وەک هەر فەرمانبەرێکی ئاسایی حکوومەت مەرجەکانیان بەسەردا جێبەجێ دەکرێت.