شاخەوان برایم عەبدوڵڵا
ئەنجامی هەڵبژاردنی 30ی ئەیلوولی 2018ی پەرلەمانی كوردستان قۆناغێكی نوێی سیاسی لە هەرێمی كوردستان هێنایە كایەوە، بە تایبەتی بەهۆی زیادبوونی رێژەی كورسییەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان واقیعێكی نوێی دروستكرد و هەموو هێزەكانیش لەوە تێگەیشتن ئەگەر بیەوێت یان ناچار بكرێت، ئەوكات پارتی بە ئاسانی دەتوانێ كابینەی نۆیەم بە سەرۆكایەتیی مەسرور بارزانی رابگەیەنێت، لەبەر ئەوەی واقیعی ناو پەرلەمان بۆ پارتی گۆڕانكاری ئەرێنی بەسەردا هاتووە، ئەگەر جاران پارتی بەهۆی چەند كورسیێكەوە كێشەی هەبوو، ئێستا ئەو كێشەیەی نییە و دەتوانێت بە ئارەزووی خۆی ئەوەی بیەوێت بیكات و ئەم واقیعەش شۆڕبووەتەوە بۆ ناو پرۆسەی سیاسیی كوردستان بە شێوە گشتییەكەی، سەرباری ئەوە، بەڵام پارتی لایەنی گفتوگۆی هەڵبژاردووە بۆ پێكهێنانی حكوومەتێك تا هەموو لایەك بە هی خۆی بزانن.
لە پرسی پێكهێنانی حكوومەتدا راستییەكی تاڵ هەیە، ئەویش شەڕی حزبەكانە لەسەر پێگەیان لە حكوومەتدا، ئەگەرچی ئەمە مافی هەر هێزێكی سیاسییە كە بەشداری هەڵبژاردن دەكات، بەڵام ئەوەی خەڵكی بێتاقەت دەكات، گەورەكردنی داخوازیی حزبییە لەو قەبارەیەی كە هەندێ حزب هەیانە، ئاخر حزب هەیە، ژمارەی كورسییەكانی لە پەنجەكانی دەست تێپەڕ ناكەن، كەچی دەیەوێ بە تەنیا حوكمڕانێتی كوردستان بكات!
هەمیشە داخوازیی هاووڵاتییان لەگەڵ داخوازیی حزبی سیاسی جیاوازە، هاووڵاتییان دەیانەوێت حكوومەت خزمەتیان بكات و بژێوی خەڵك بە گشتی باشتر بكرێت و كار بۆ تاكەكان دەستەبەر بكات و پرۆسەی خوێندن و كەرتی تەندروستی و كارەبا و ئاو و دەیان شتی دیكەش بەرەو پێش بچێت، بەڵام حزبی سیاسی، بە تایبەتی ئەوانەی ئەزموونی حكومڕانییان تاقی نەكردووەتەوە، یان ئەوانەی هەست بە بەرپرسیارێتی ناكەن، كارەكتەرەكانیان چاویان لە پۆست و ئیمتیازاتە، ئەمەش كاریگەری لەسەر ئەدای حكوومەت دەبێت، ئینجا ئەو حكوومەتە لە هەر دەوڵەتێكدا بێت، بە تایبەتی دەوڵەتانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە حزبەكان زیاتر شەڕی پۆستەكانی ناو حكوومەت دەكەن، تا ئاگایان لە خەڵك بێت.
بۆیە پێویستە كابینەی داهاتووی حكوومەتی هەرێمی كوردستان پێش هەر شتێك دۆخی ژیان و باشكردنی ئاستی خزمەتگوزارییەكان بۆ هاووڵاتییان رەچاو بكات، حكوومەت ئەوكاتە سەقامگیر و پێشدەكەوێت كە متمانەی خەڵك بەدەست دەهێنێت و هەموویان بە هی خۆی دەزانن، بەو پێیەی حكوومەت بۆ خەڵك دروست دەكرێت.
رۆژنامەی خەبات/ ژمارەی (5658) پێنجشەممە 20/12/2018









