بە تۆمەتی “هەشت دۆسیەی گەندەڵی” فەرمانی دەستگیرکردن بۆ راکان سەعید جبووری، پارێزگاری کەرکووک بەوەکالەت دەرچوو.

جوان حەسەن، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە فراکسیۆنی برایەتی (یەکگرتووی ئیسلامی) بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ی راگەیاند “دەستەی دەستپاکی عێراق فەرمانێکی دەرکردووە بۆ دەستگیرکردنی راکان جبووری لەسەر هەشت دۆسیەی گەندەڵی، کە لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر ئەنجامیداون”.

جوان حەسەن گوتیشی “فەرمانەکە تاوەکو ئێستا نەگەیشتووەتە دەستمان، بەڵام بەپێی ئەو زانیارییانەی بە تەلەفۆنی پێمانگوتراوە، لەنێو دۆسیەکانی گەندەڵیدا خەرجی بڕی 46 ملیار دیناری قەرەبووکردنەوەی ناوچە وێرانبووەکانی شەڕی داعش و بڕی 71 ملیار دیناری دیکە بۆ پڕۆژەکانی کەرکووک لەو دۆسیانەن کە پێشتر راکان سەعید جبووری رایگەیاندبوو بە ئاگاداری ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک خەرجکراون”.

جوان حەسەن راشیگەیاند “ئەنجوومەنی پارێزگا ئاگاداری خەرجکردنی هیچ بڕە پارەیەک نییە”.

بەگوتەی جوان حەسەن، راکان جبووری مۆڵەتی وەرگرتووە و چووەتە بەغدا بۆیە فەرمانی دەستگیرکردنەکەی جێبەجێنەکراوە.