ئەمڕۆ یەكشەممە 16/12/2018 هەڤاڵ و هاوكارمان رۆژنامەنووس سەید محەمەد سەروچاوەیی پەیامنێری دێرینی رۆژنامەی خەبات لە دەڤەری راپەڕین كۆچی دوایی كرد، هەر ئەمڕۆش لە نەخۆشخانەی ڕزگاری لە شاری هەولێر، لەلایەن هەڤاڵ و هاوكارانی ڕۆژنامەی خەبات تەرمەكەی هاوكارمان بۆ سەروچاوە بەڕێ كرا و لە گۆڕستانی سەروچاوە بەخاك سپێردرا. سەید محەمەد سەروچاوەیی یەكێك بوو لەو پەیامنێرە ماندوونەناسانەی رۆژنامەی خەبات، كە ساڵانێكە بە هەواڵ و راپۆرت و بەدواداچوونەكانی لەو دەڤەرە رۆژنامەكەمانی دەوڵەمەندتر كردبوو، دوایین بەدواداچوونی رۆژنامەنووس سەید محەمەد سەروچاوەیی لە رۆژنامەی خەبات بە مانشێتی (مەترسی وشكەساڵی لەسەر كشتوكاڵ نەماوە) چەند رۆژێك بەر لە ئێستا لە رۆژنامەی خەبات بڵاوبۆتەوە و ئەمڕۆ خوالێخۆشبوو لەنێو ئۆفیسی سەرەكی رۆژنامەكەمان باری تەندرووستی تێكچوو و بەپەلە لەلایەن هاوكارانمان گەیەندرایە نەخۆشخانە و بەداخەوە لەوێ گیانی سپارد، شیاوی باسە بەپێی راپۆرتی پزیشكی هاوكارمان سەید محەمەد سەروچاوەیی بە جەڵتەی دڵ كۆچی دوایی كردووە.
لێرەشەوە بە ناوی سەرنووسەر و گشت ستافی رۆژنامەی خەبات پرسەو سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو دەكەین و لەخودای گەورە داواكارین خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبووریش بە كەسوكار و خانەوادەو هاوڕێیانی ببەخشێت.
انا لله وانا الیە الراجعون
تێبینی: سبەی دووشەممە یەكەم ڕۆژی پرسەكەیە لە سەروچاوە.
خەبات