سەرۆك بارزانی پیرۆزبایی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدی لە خوشك و برا ئێزیدییەكان کرد و لە پەیامیدا رایگەیاند، شانازییە بۆ هەموومان كە كوردستان وڵاتی برایەتی و پێكەوەژیانە و، دەبێ بە هیممەتی هەموو لایەك ئەو برایەتی و پێكەوەژیانە قوڵتر و فراوانتر ببێت.
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی هاتنەوەی جەژنی ڕۆژووی ئێزیدی گەرمترین پیروزبایی خۆم ئاراستەی
خوشك و برایانی ئێزیدی لە كوردستان و سەرانسەری جیهان دەكەم و هیوادارم ئەو
جەژنە دەستپێكی شادی و ئارامی و بەختەوەریی هەموو خوشك و برا
ئێزیدیەكانمان بێت كە لە ماوەی ڕابردوو بەهۆی پەلامار و زوڵمی تیرۆریستان
تووشی كارەسات و ئاوارەیی و ئازار بوونە.
شانازییە بۆ هەموومان كە كوردستان وڵاتی برایەتی و پێكەوەژیانە و، دەبێ بە
هیممەتی هەموو لایەك ئەو برایەتی و پێكەوەژیانە قوڵتر و فراوانتر ببێت.
جەژنتان پیرۆز و، ئومێد دەكەم هەمیشە جەژنەكانتان لە خۆشی و ئاشتیدا بكەنەوە.
مەسعوود بارزانی
13ـی 12ـی 2018









