سەلام عەبدوڵڵا
لەدوای راپەڕین یەكێك لەو كارە گرنگانەی حزبە سیاسییەكانی كوردستان بە تایبەتی پارتی و یەكێتی پێی هەستان، هەڵبژاردن بوو كە بۆ یەكەمین جار كورد خۆی نوێنەرانی خۆی بۆ ئەو دەستگا گرنگە دیاری بكات و نوێنەرایەتی بكات، چونكە ئەو دامودەستگا كارتۆنییانەی حكوومەتی عێراق بەناوی ئەنجوومەنی یاسادانان و بەڕێوەبردن، تەنها بۆ ئەو كەسانە بوون كە حكوومەت خۆی دەستنیشانی دەكردن و هەڵبژاردن تەنها گەمەیەكی گاڵتەجاری بوو كە دەرهەق گەلەكەمان دەكرا، بۆیە ئەمجارەیان گەلەكەمان بە ئازادی و سەربەستی چووە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگی خۆی بە حزبی دڵخوازی خۆی داو بەوپێیەش پەرلەمانی كوردستان بۆ یەكەمین جار بەدەستی كورد خۆی دامەزرا.
لەساڵی 2005 هەڵبژاردنی سەرۆك بارزانی لەلایەن پەرلەمانی كوردستانەوە وەك یەكەمین سەرۆكی هەرێم دەستنیشان كرا، ئەویش لە سۆنگەی ئەوەی هەرێمەكەمان پێویستی بە سەرۆكایەتی و پۆستی سەرۆك هەیە كە بتوانێ نوێنەرایەتی دانیشتوانی هەرێم لەناوەوەو دەرەوە بكات و كۆمەڵێك دەسەڵاتی یاسایی پێ بەخشراو لەساڵی 2009 جارێكی تر سەرۆك بارزانی وەك سەرۆكی هەرێم لەلایەن خەڵكەوە بە زۆرینەی دەنگ دەستنیشانكرا.
ئەم دامەزراوە گرنگە كە لەلایەن كەسایەتییەكی سیاسی بە ئەزموون و خاوەن مێژووییەكی دوورودرێژ هەر زوو كەوتە بەر تانەو تەشەری ناحەزانی ناوخۆو دەرەوە، بە ئاستێك كە ڕۆژانە لێرەو لەوێ شەقام دەبزوێندراو دژایەتی ئەو پۆستە دەكرا بە كۆمەڵێك پاساوی بێ جێ، گوایە دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم زۆرەو دەبێ هەموار بكرێتەوە، ئەمە لە كاتێكدا خودی پەرلەمان ئەو دەسەڵاتانەی بەسەرۆك بەخشی بوو وەك هەر دامەزراوەیەكی تری هەرێم و لەچوارچێوەی یاسادا كاری ڕۆژانەی خۆی دەكرد.
راستە ئەم پۆستە بۆ دوو خول دیاری كرابوو، بەڵام هێرشی داعش بۆ سەر هەرێم و ئەو بارە سەختەی بەرۆكی هەرێمی دەگرت مۆڵەتی هەڵبژاردنی نەدەدا، بۆیە سەرۆك وەك ئەركێكی نیشتمانی لەكارەكەی بەردەوام بوو تا ئاو كاتەی ئامادەنەبوو پۆستەكەی بۆ درێژبكرێتەوە. ئەو پۆستە تا ئەمڕۆ بە بەتاڵی ماوەتەوە كە بۆشاییەكی گەورەی لە هەرێمدا خوڵقاندووە.
ئێستا كە نزیكەی هەموو لایەك سوورن لەسەر كاراكردنەوەی ئەو پۆستە گرنگە كە ناحەزان هەوڵیان دەدا هەر نەمێنێ وا جارێكی تر پارتی دیموكراتی كوردستان نوێنەری خۆی بۆ ئەو پۆستە دیاری كردووە كە بەڕێز نێچیرڤان بارزانی یە، كە خاوەن ئەزموونێكی حوكمڕانی دوورو درێژەو دەتوانێ ئەو پۆستە بەباشی بەڕێوەبەرێت و ئەو بۆشاییە بە توانایی و شارەزایی و لێوەشاوەیی خۆی لەبواری سیاسەت و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكاندا پڕ بكاتەوە.
هەروەك دەستنیشانكردنی بەڕێز مەسرور بارزانی بۆ پۆستی سەرۆكوەزیران زۆر لەجێی خۆیدایە چونكە بەڕێزیان بە نەخشەسازیی ئارامی و هێمنی لەم دۆخە سەختەی هەرێمی پێدا تێدەپەڕی بەسەركەوتوویی خستبووە ئەستۆ كە جێی رەزامەندی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمە. بۆیە چاوەڕواندەكرێ، بە ئەزموونی دووردرێژی خۆی ئەو پۆستە زۆر بەباشی بەڕێوەببات.
كاراكردنەوەی پۆستی سەرۆكی هەرێم هەنگاوێكی گرنگی دیكەیە بۆ بنیاتنانی كوردستانێكی بەهێزو پتەوكردنی پێگەی هەرێم لە عێراق و ناوچەكەدا.









