فارس قادر فەقێ عەبدوڵڵا* 

پاش سەدەیەك لە جەنگی جیهانی یەكەم كۆمەڵێك گۆڕانكاری لە نەخشەی جیهان و بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دابەشبوونی كوردستان بۆ چوار پارچەی نەخوازراو هەروەك دەزانین كوردیش بەشێكی گرنگی كێشە و گرفتەكان بووە، چ وەك شوێنی جوگرافیای و چ وەك هێزێكی كاریگەر لەسەر زەوی، بەڵام ئەوەی جێگای داخ و نیگەرانییە لە مێژووی كوردی هەردەم كورد رووبەڕووی دوو گرفت و هۆكاری سەرەكی بووە، بە هۆی لاوازی و لەناوچوون و سنوورداركردنی مافە رەواكانی، ئەویشیان هۆكاری دەرەكی و هۆكاری ناوخۆیی بوونە، هۆكارە دەرەكییەكان زۆرن، ئەوەی زۆر بە زەقی دیارن، دابەشبوونی كوردستانە لە نێوان چوار وڵاتی دیكتاتۆری ئاژاوەگێڕ، دوور لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و هەموو بنەماكانی تری مرۆڤایەتی، بەبیانووی یەكپارچەیی و هاووڵاتیبوون لە سنوورێكی زۆرەملێی نەخێشندراوی سیاسی دوور لە ویستی گەلی كوردستان، بڕیاری چارەنووسی دراوە و خاڵێكی تری زەق و بەرچاو بەرژەوەندی وڵاتە زلهێزەكان و دابەشكردنی كوردستانە لە نێوان خۆیاندا لەسەر بنەمای ئابووری و بەرژەوەندی بازرگانی وەك بازاڕ و شوێنكار و دابینكردنی كاڵاكان. بە هەرحاڵ ئەوەی كاریگەرتر لەم خاڵەی هۆكارە دەرەكییەكان خاڵی ناوخۆییەكانە گەر دراسەیەكی ئەكادیمی ورد بكەین، رەنگە هۆكاری گرفتە ناوخۆییەكان رێژەیەكی زیاتری بەربكەوێت، بە رای خۆم گرفتە ناوخۆییەكانی بەردەم بزاڤی رزگاریخوازیی كوردستان زۆر زیاترن لە دەرەكییەكان، زۆر بەداخەوە لە هەموو شۆڕش و راپەڕین و بەرخودانەكانی كوردی، بەشێكی گرنگی هۆكارەكانی لەناوچوون و لاوازبوونیان، نێوماڵی كوردی بووە و خیانەت و خۆفرۆشیش بەشێكی گەورەی گرفتەكان بوون، هەر بۆ بیرهێنانەوە لە رووخانی قەڵای دمدم بۆ لە سێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی و تەسلیمكردنی لە لایەنی خۆفرۆشێك، خیانەتكردن لەگەڵ سمكۆی شكاك و شێخ مەحموودی حەفید و دەیان نموونەی تریش تا دەگاتە جاشایەتی سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول خیانەتی 1963 بۆ 1966 بەرانبەر بە شۆڕشی ئەیلوول و بارزانیی نەمر، دووبارەكردنەوەی لە 1983 بەردەوامبوونی تا ساڵی 1987 سەرهەڵدانەوەی خیانەت لە 1994 جارێكیتر لە 16/10/2017 ئەوانە هەمووی گەر بەرێژەیی تەماشای بكەین، دەتوانین بڵێین 70% شۆڕشەكانی كوردی بە هۆی خیانەتی ناوخۆیی لەباربراون، لەناوچوون یان بەربەست دروستكراوە لە رێڕەویان و زۆربەی زۆری كاتەكان ئەم خیانەتانە خەڵاتێكی بێ بەها و بێ نرخی لە بەرانبەر وەرگیراوە، جا هەر كاتێك و لەگەڵ هەر لایەنێك خۆفرۆشان بەشێوازێك لە شێوازەكان بە نرخێكی هەرزان، شۆڕشەكانیان كپكردووە، یان ئەزیەتداوە و نموونە زۆرن و بۆ ئەوەی زۆر نەگەرێینەوە دواوە، نموونەی زیندو و نزیك تەماشا بكەین لە 1963 تا 1994 ئێران بە دەیان شێواز دەستی خستووەتە ناو ماڵی كوردستانەوە، هەندێجار بە هاوكاری عێراق و هەندێجار بەبێ عێراق دەستی خستووەتە ناو بزاڤی رزگاریخوازیی كوردی لە باشوور و جۆرەها شێوازی بەكارهێنا و لە رێگای ئەم تاخمە بێ بڕوا و شەڕەنگێزە توانیویەتی هەم لە باشوور هەم لە رۆژهەڵاتی كوردستان زۆر بە ئاسانی یارییە گڵاوەكانیان بكەن، جارێك بە لێدانی ئازادیخوازانی باشووری كوردستان و جارێكیش تەسفیەكردن و لەناوبردنی پەنابەران و شۆڕشگێڕی رۆژهەڵاتی كوردستان، نموونەش زۆرن، هەر بۆ بە بیرهێناوە تیرۆركردنی كۆمەڵێك كادیری سەركردایەتیی لیژنەی مەركەزی حزبی دیموكرات لە سنووری كۆیە، بەر لە چەندین ساڵ و لێدانی بارەگاكەیان جارێكیتر بەر لە ماوەیەك پێش ئێستا شەهیدكردنی كۆمەڵێك كادیری تر و دەیان تەقینەوە و تاوانی تریش، لەم چەند ساڵەی رابردوو و بەرانبەر بەو بەشەش كە ئێستا تێیدا دەژین كە باشوورە، كارەساتی 16ی ئۆكتۆبەر یەكێكە لە رۆژە رەشەكانی مێژووی كوردی، رووڕەشی سەرانی خیانەتكار بۆ ئەجێندا دەرەكییەكان بەتایبەتی ئێران و ئەوەی دەرنجامی ئەم خیانەتكارییە بەرچاومان دەكەوێ، چەند خاڵێكی گرنگە و جێگای ئاماژەپێكردنە، خیانەتكاران بەرانبەر بە لەباربردن و بەحساب لەناوبردنی داواكارییەكانی میللەت كە سەربەخۆییە، چەند دەستكەوتێكیان هەبووە، یەكەم كەركووك بدرێت بە وان، دووەم چەند مەبلەغێك لە پارە مانگانە بدرێت بە حزبەكەیان، پۆستی پارێزگاری كەركووك بدرێت بە وان و كۆمەڵێك بۆندی ژێربەژێریش رەنگە جارێ نەزاندرابن، كەچی پاش ئەوەی وەك ئەوان ویسیان بۆیان نەچووەسەر و خەڵاتەكەیان وەك خۆیان دەیانویست بە ملیان وەنەكرا، جارێكیتر لە هەڵبژاردنەكانی ئەیلوولی ئەمساڵ لە كوردستان كەتنەوە سەرپێ و هەنگاویان نا بۆ هەڵسانەوە، كەچی سوودی نەبوو، بەڵام ئەمجارەش ئاغاكانیان لە ئێران هاتنە هانایان بۆ ئەوەی شانسێكی تر بدەن بە جاشەكانیان و د.بەرهەم ساڵحیان هێنایەوە ناو بازنەكە و هاتنەوە ناو یارییەكە كە جەنابیان بۆ ئەم پۆستە پڕ لە شەرمەزارییە ئامادەبوو هەموو شتێك بكات و پێ لەسەر سەری هەڤاڵانی خۆشی دابنێت و لە بیریان بكات و لە هەموو بەڵێن و قسە بریقەدار و گەورەكانی پەشیمان ببێتەوە، ئەوەی پەیوەندی بە شۆڕشگێڕیش بێت بە لایدا نەچێت بەرانبەر بە پۆستێكی كارتۆنی بێبەها، بۆ سەلماندنی ئەم قسەیەشمان گەر سەیر بكەین لەم كات و ساتە هەستیارەدا كە نوێنەرانی كورد لە بەغدا خەریكن و كاری بۆ دەكەن و باسی دەكەن لە كێشەی كەركووك و لە تەعریب و داگیركاری زەویوزاری كورد و لە دەركردنی كورد لە پۆستە ئیدارییەكان و ئاوارەبوونی خەڵك لە كەمپەكان و لە نەبوونی مووچە و كەمبوونەوەی رێژەی كورد و كۆمەڵێك گرفتی تر لە بازگەكان لە باج و زەریبەكان، كەچی لە لای دكتۆر نە بای دێت نە باران (دەبێ بڵێین كاكی دكتۆر كورد ناحەق نییە كە دەڵێت كەر لە كێ كەوتووە كوندە لە كێ دڕایە)!قوربان ئێمە لە چین و تۆ لە چی؟ ئێمە شەڕی ماددەی140 دەكەین! ئێمە باسی گەڕانەوەی كەركووك دەكەین بۆ باوەشی كوردستان، ئێمە باسی بوژانەوە دەكەین، ئێمە باسی رێژەی 17% بەشی كوردستان دەكەین، كۆمەڵێك كێشەی ترمان هەیە، خێرە جەنابت لە دەرەوەی، رۆژێك لە كەنداو و پەیوەندییەكانی عێراق تاوتوێدەكەیت، رۆژێك دەچییە ئێران لە راگەیاندنەكان باسی پەیوەندی عێراق و ئێران دەكەیت و لە ژێرەوەش هەرخوا عالمە و پێزانە چی دەكەیت و خوا سەهلی بكات، رۆژێك لەگەڵ پاپای ڤاتیكان عێراقچێتی دەكەیت، زەحمەت نەبێ دەكرێ بپرسین كەی كار بۆ كورد دەكەیت؟ یان تا كابینەی وەزارەت تەواو دەبێ پێیانگوتی دەرچە لە عێراق، تەداخولی كاریان مەكە، رەنگە وابێ ساڵی پاریش هەرواتان كرد، لە پاش 16/10/2017 كەركووك گیرا، لە لای ئێوە دونیا شامی شەریف بوو، باسی دانانی پارێزگارتان دەكرد لە كاتێكدا پارێزگار هەر هی خۆتان بوو، لادرا، زۆر بەداخەوە لەسەر تەلەفزیۆنیش فێستیڤاڵی هونەری دەكرا و لە سلێمانیش جەژنی (هەلەوین) دەكرا، كاتێك هەتكی نامووسی شارە بەناو قودسەكەی مامە دەكرا، نامووسی كورد ئیهانە دەكرا، رۆڵەی كوردیش خوێنی لە ژێر تایەی زنجیری دەبابەی دوژمنان دەڕژا، كەچی هەموو شتێك باس دەكرا بەس باسی كورد نەدەكرا، خوا هەڵناگرێت سەرۆككۆماری ئەوكاتیش وەك بەڕێزت وایكرد! لە ژوورەكەی خۆی دەرنەچوو و هیچی نەكرد، بەس ئەوە ماوە بڵێین قوربان دەزانین و ئاگادارین خەڵاتی خەباتتان وەرگرت، كەواتە هیچتان نەكرد، لاپەڕەی مێژووتان لە رەشەوە رەشتر كرد و لە یادتان نەچێت، خەباتی دڵسۆزانتان زەحمەت تر كرد، كەواتە كوردتان ماندووتر كرد.

*ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارێزگای هەولێری (پ.د.ك)