سەرۆک بارزانی رایدەگەیەنێت، کە هەرگیز مساوەمە لەسەر کوردستانیبوونی کەرکووک ناکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 28/11/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانی ئەنجام دا و تێیدا باسی وردەکاریی سەردانەکەی بۆ عێراق، کوێت و ئیماراتی عەرەبیی یەکگرتوو کرد.
سەرۆک بارزانی گەشبینیی خۆی بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و عێراق نیشان دا و رایگەیاند، لە هەمان کاتدا، نایەوێ ئاستی چاوەڕیی خەڵکی کوردستان بەرز بکاتەوە چونکە هەموو کەسێک چاوەڕێیە.
رۆژی پێنجشەممە 22/11/2018، سەرۆک مەسعود بارزانی سەردانی بەغدای پایتەختی عێراق کرد و لە رێوڕەسمێکی شایستەدا، بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە لە فڕۆکەخانەی بەغدا پێشوازییان لێ کرد.
دوای عێراق، سەرۆک بارزانی بە فەرمی سەردانی ئیماراتی کرد و لەگەڵ محەمەد بن زاید، شازادەی جێنشینی ئەبوزەبی و جێگری فەرماندەی هێزە چەکدارەکانی ئیمارات کۆ بووە و دوای ئەو وڵاتە، سەردانی کوێتی کرد و لەگەڵ شێخ سەباح ئەحمەد جابر ئەلسوباح، ئەمیری کوێت کۆ بووەوە.
دەقی وتەکانی سەرۆک بارزانی:
سەرۆک بارزانی
لەبارەی سەردانەکەمان بۆ بەغدا، ئێمە هەمیشە داوامانکردووە کێشەکان لەگەڵ بەغدا بە گفتوگۆ چارەسەر بکرێت، پێشتریش بەغدا بوو کە لە قۆناغەکانی ڕابردوو هەموو دەرگاکانیان داخستبوو و بژاردەی دیکەیان هەڵبژارد.
پێمانوایە دەرفەتێکی تازە هاتووەتە پێش بۆ هەموو عێراق و کوردستان. بەڕێز عادل عەبدولمەهدی دۆستی دێرینی ئێمەیە و لە کێشەی کورد و کوردستان تێدەگات، لە کوردستان ژیاوە. بۆیە ئومێدمان زۆرە لەگەڵ ئەودا بگەینە چارەسەری زۆر باش بۆ هەموو کێشەکان. پێم گوت بە هەموو توانایەکەوە پشتیوانیت لێ دەکەین. ئومێدمان وایە لەگەڵ ئەو بگەینە لێکتێگەیشتنێکی باش.
چووم بۆ بەغدا تا نیەتباشی و هەڵوێستی باشی خۆمان نیشان بدەین. لەگەڵ هەموو لایەنەک کۆبووینەوە ئەوانەی کە دۆستمان بوون و ئەوانەی لە خراپترین خاڵیشدا لەگەڵماندا مانەوە، ئەوانەشی کە هەرچی پێیان کرا لەگەڵماندا کردیان. بۆیە من لێرە دەمەوێ داکۆکی لە خاڵێک بکەم، هیچ هەنگاو و هەڵوێستێکی ئێمە، لەسەر حیسابی مەبادئ و ئامانجە ستراتیژییەکانی گەلی کوردستان نابێت. باسی هەموو گرفتەکانمان کرد، بەتایبەتی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان. گەیشتووینەتە لێکتێگەیشتنێکی باش کە بە دیالۆگ و دەستوور و ماددەی ١٤٠ ئەو کێشانە چارەسەر بکەین، بەڵام هێشتا حکوومەت بە تەواوی دانەمەزراوە. من نامەوێ پێشبینیی خەڵکی کوردستان زۆر بەرز بکەوە و بڵێم هەموو شتێک چارەسەر دەبێت، ڕەنگە کاتی بوێت، منیش لەگەڵ هەموو ئەو خەڵکە چاوەڕوانی ئەوەین و پێویستە بە کردار ئەوە ببینین، ئێمە لەلای خۆمانەوە بە هەموو شێوەیەک هاوکار دەبین بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان.
دوای ئەو ئەزموونە گەورەی بەسەر هەموو لایەکدا هات، لە بەغداش تێگەیشتن کە دەبێ بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێت. بۆیە تاڕادەیەک من گەیشبینم، مرۆڤ بەردەوام گەشبین بێت باشترە لەوەی ڕەشبین بێت، بەڵام نامەوێ هیچ بەڵێنێک بدەم، بەڵام هەوڵی جددی دەدەین بۆ ئەوەی گرفتەکان لە ڕووی ئابووری و سیاسی و سەربازی و ئەمنییەوە چارەسەر بکرێن.
لە دوای بەغدا، چوومە نەجەف و سەید موقتەدام بینی، ئەویش زۆر کراوە و ئیجابی بوو، پاشان چووین بۆ ئیمارات و کوێت، لەوێ زۆر پێیان خۆش بوو ئەو سەفەرەی ئێمە بۆ بەغدا، ئامادەیی خۆیان پیشان دا کە دەورێکی ئەرێنییان دەبێ بۆ هاوکاریی هەموو عێراق و کوردستان، بۆ ئاوەدانکردنەوە و چارەسەری کێشەکان. پەیوەندییەکی دێرینمان هەیە لەگەڵ کوێت و ئیمارات و وڵاتانی دیکە، بەڵام ئەمجارە هەر ئەوەندە دەرفەت هەبوو کە سەردانی ئەم وڵاتانە بکەین.
وەڵامی سەرۆک بارزانی بۆ پرسیاری ڕۆژنامەنووسان:
لەبارەی دەستوور راستە ئەمە نەقسێکی گەورەیە و نەقسێکی گەورە بوو کە کاتی خۆی نەخرایە بەردەم دەنگدان، هەڵەیەکی گەورە کرا. بە دڵنیاییەوە لەم چوار ساڵەی داهاتوو دەبێت دەستوور تەواو ببێت و ببین بە خاوەنی دەستوورێکی ڕێک
دەبێ کەرکووک ببێتە نموونەی پێکەوەژیان، بەڵام لەسەر ناسنامەی کوردستانیەتی کەرکووک موساوەمە ناکەین.
ناوچەکانی دیکەش بەپێی ماددەی ١٤٠ قۆناغەکانی ئاساییکردنەوە و سەرژمێری و ڕاپرسییە، هەر ئالیەتێک بدۆزرێتەوە کە حەقیقەتی دۆخەکە بپارێزرێت و مافی خەڵکەکە پارێزراو بێت، ئێمە دژی نابین.
لەگەڵ سەرۆک وەزیران و بەرپرسانی دیکە و نوێنەرانی ناوچە ئازادکراوەکان لە ژێر دەستی داعش لە پەرلەمان گفتوگۆیەکی درێژ کرا. چەندین هۆکار هەبوون، نەبوونی خزمەتگوزاری، رەوشی ئەمنی هێشتا سەقامگیر نییە. کوردستان کراوەیە، بەڵام چارەسەر ئەوەیە کە دەبێ بگەڕێنەوە ناوچەکانیان. ئێمە هاوکار دەبین لەگەڵ حکوومەتی فیدرالی تاوەکوو بە زووترین کات بگەڕێنەوە.
چوونی من بۆ بەغدا بۆ ئەوە بوو کە ئەو دیوارە دەروونییەی درووست ببوو، بشکێنین. دۆخێکی ناخۆش لە نێوان هەولێر و بەغدا هەبوو، ئێمە دەمانەویست جەخت بکەینەوە کە ئاشتیخوازین و بە نیازێکی پاک هاتووین و بابەتی دیالۆگ چارەسەر بکەین. ئێمە توندوتیژیمان هەڵنەبژارد، بەڵکوو بەرگریمان لە خۆمان کردبوو.
بە سوپاسەوە پێشوازییەکی گەرمیان لێمان کرد و ئیستجابەیەکی زۆر هەبوو، کاتێک نیەتی جددی هەبێت، هیچ کێشەیەک نییە چارەسەر نەبێت.
ئێمە ئەزموونێکی زۆر دەوڵەمەندمان لە دوای ٢٠٠٣وە هەیە و چارەسەر هەر ئەوەیە کە بە لێکتێگەیشتن کێشەکان چارەسەر بکەین.
کێشەکان زۆرن و من نامەوێ پێشبینیی خەڵکی خۆمان بڵند بکەم، بەڵام دەبێ تەماشا بکەین و من ئەو نیەتەم بینی کە دەکرێ کێشەکان زۆر چارەسەر بکەین.
پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم گفتوگۆ بەردەوامن و کەی کەسێک ڕاسپێردرا، ئەوکاتە دەزانن.
ئەو باسە کراوە کە دەستپێشخەرییەک بکەین، دیراسەی دەکەین و ئەگەر بزانم سەرکەوتوو دەبێ و ئەنجامی دەبێ، لاریم لێی نییە و تا دڵنیا نەبم کە سەردەکەوێت، لە ڕووی کردارییەوە هیچ هەنگاوێک نانێم.
قەت پێشبینی ناکەم کە عەبدولمەهدی بڕیارێکی هاوشێوەی ئەوانەی پێش خۆی بدات، وەک بودجە بڕین و داخستنی فڕۆکەخانەکان، ئەگەر شتێکی وا ڕووی دا، مانای وایە کە کۆتایی بە هەموو شتێک دێت، هیوادارم دووبارە نەبێتەوە چونکە ئەویش سەری نەگرت، بۆیە ئەمجارە هەتا ڕادەیەک دڵنیام ناڵێم ١٠٠٪ چونکە ئەوانیش بە ئەزموونێکی دەوڵەمەند تێپەڕین.
باوەڕ ناکەم شەخسی عەبدولمەهدی بیەوێ خەڵکی کوردستان لە ژیانێکی زەحمەتدا بن، لەوانەیە بیەوێت بەختەوەر بن.
من ئەگەر نەمزانیبا کەسێکی وا لە بەغدایە، لەوانەیە نەچوومایە بۆ بەغدا. رەنگە خۆی حەز بکات زۆر شتیش بکات، بەڵام رەنگە ئێستا بواری ئەوە نەبێت.
بەداخەوە داعش تەواو نەبووە و بە ئاسانیش تەواو نابێت، داعش بۆ زۆر لەناوچەکان لە جاران خراپتر گەڕاوەتەوە. شەڕی داعش جاران ئاسانتر بوو کە دەزانرێ لە کوێیە، بەڵام ئیستا داعش هەیە و ناشیبینی. جاران لەسەر زەوی بوون، ئێستا لەژێر زەوین. لە زۆر شوێنیش بە ئاشکرا گەڕاونەتەوە لە پارێزگای نەینەوا و سەڵاحەدین و دیالە، لە زۆرێک لەو شوێنانە بەهێزەوە گەڕاونەتەوە، چونکە ئەو هۆکارانەی بوون بە هۆکاری درووستبوونی داعش و پێشتریش قاعیدە، هۆکارەکان چارەسەر نەکراون و تا ئەو هۆکارانە چارەسەر نەکرێن، داعش یان لە داعش خراپتر سەرهەڵدەداتەوە. ئێستا مەترسیی داعش هەیە، بەڵام ئەوە نییە وەکوو جاران شوێنێک داگیر بکات و تەحەدا بکات، بەڵام زیانی خۆی دەگەیەنێت و نایەڵێت ئەو سەقامگیرییە درووست ببێ کە خەڵک بگەڕێنەوە شوێنی خۆیان.
لەبارەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دونیای دەرەوە، پەیوەندییەکان باشن، لەگەڵ تورکیا و ئێران ڕۆژ بە ڕۆژ بەرەو باشتر دەچن.










