سەلام عەبدوڵڵا

بۆ چارەسەری كۆمەڵێ كێشەی بەردەوام و چارەسەرنەكراو لەگەڵ حكوومەتی عێراقدا جەنابی سەرۆك بارزانی لەگەڵ شاندێكی باڵادا سەردانی بەغدا و نەجەفی كرد بۆ بەدواداچوون بەشوێن ئەو كێشانەداو بۆ پیرۆزبایی و پشتگیری لە سەركوەزیرانی نوێی عێراق كە مێژوویەكی پڕ لە دۆستایەتی و پشتیوانی بۆ دۆزی كورد هەیە كە لەنزیكەوە ئاگاداری بارودۆخی گەلەكەمانە چ لەكاتی شۆڕشی چەكداریدا و چ لەكاتی حكوومەتی نوێی عێراقدا كە لەدوای ڕووخانی ڕژێمی سەركوتكەری سەدام دامەزرا.  

ئەگەرچی هەموو ئەو كێشەو گرفتانەی دەهاتنەپێش بەپێی دەستووری عێراقی چارەسەری بۆ دیاریكرابوو، بەڵام حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی بەغدا بەهەرشێوەیەك بێت لەجێبەجێكردنی دەستوور خۆیان  دەدزییەوە، هەربۆیەش بێ متمانەیی و ناكۆكی پەرەیسەند تا كار گەیشتە پێكدادانی سەربازی لەگەڵ یەكدیدا كە تاڕادەیەك جێی باوەڕ نەبوو كە كار لەنێوان هەرێم و بەغدا بەو ئاستە بگات.

دیارە ئێستا هەم سەرەكوەزیرانی نوێ و حكوومەتەكەی و هەم سیاسەتمەدارانی عێراقی لەو ڕاستییە گەیشتوون كە بەبێ چارەسەركردنی كێشە هەڵواسراوەكانی نێوان هەرێم و بەغدا سەقامگیری لە عێراقدا بەرقەرار نابێت و حكوومەتەكەشی لەجێبەجێكردنی پلانەكانیان سەركەوتوو نابێت، هەربۆیەش هەموولایەك بەبایەخەوە دەڕواننە ئەم سەردانەی سەرۆك بارزانی كە بتوانێ بەشارەزایی و ئەزموونی دوورودرێژی سیاسی خۆی و حزبەكەی چارەسەری ڕیشەیی بەهاوكاری لەگەڵ بەغدا بۆ كێشەكان بدۆزێتەوە و عێراق لەو قەیرانە سیاسیە بەردەوامەی قوتار بكات كە هەم عێراق خۆی و هەم هەرێمیش سوودمەند دەبێت لێی.

گرنگی ئەم سەردانە لەوەدایە كە هەموو لایەنە سیاسییەكان بەبێ جیاوازی بە خۆشحاڵییەوە پێشوازییان لە سەرۆك كرد كە لای هەندێك گرەویان لەسەر ئەوە دەكرد كە مەحاڵە ئەمە ڕووبداو كاریان بۆ قووڵكردنەوەی كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا دەكرد، چونكە هەموولایەك بینیمان لە چوار ساڵی پێشوودا هەندێك پەرلەمانتاری سەر بەلایەنە كوردییەكان لەبڕی ئەوەی پشتیوانی لە هەرێم و داكۆكی لە مافەكانی بكەن، پشتیوانی سیاسەتی چەوتی حكوومەت و لایەنە ڕەگەزپەرستەكانی نێو پەرلەمانیان دەكردو ڕۆژانە و بە بەرنامە كاریان دژی حكوومەتی هەرێم و سەركردایەتی هەرێم دەكرد و دنەی بەغدایان دەدات  كە هەرێم هەڵبوەشێنێتەوە و وەكو پارێزگا مامەڵە لەگەڵ هەرێمدا بكات كە خۆشبەختانە ئەو سیاسەتە چەپەڵەیان چەكەرەی نەكردو تەنیا ڕیسواییان بۆ مایەوە، چونكە هەر ئەوانە بوون داوای دادگایی نیشتمانپەروەرانی نێو هەرێمیان دەكرد و داوای سزای قورسیان بۆ دەكردن.  

بەڵام بەم پێشوازییە گەرمەو بەمشێوە فەرمییەی پێشوازی لە جەنابی سەرۆك و شاندی یاوەری كرا وەڵامێكی گورجگبڕ بوو بۆ هەموو ئەوانە و دنەدەرانیان و ئەو ڕاستیەش بۆ هەموولایەك دەركەوت كە بەبێ بەشداری كارای پارتی دیموكراتی كوردستان و سەرۆك بارزانی لە پڕۆسەی سیاسیدا لە عێراق مەحاڵە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا چارەسەربن و دۆخی عێراقیش بەرەو سەقامگیری بڕوات.