سەرۆك مەسعوود بارزانی و نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا
دووپاتیان لە كاركردن بۆ نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا و كاری پێكەوەیی و
بەرەوپێشبردنی پرۆسەی سیاسی لە عێراق كردەوە.
سەرۆك بارزانی لە بەغدا زنجیرەیەك دیدار و كۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی
باڵا و سەرانی هێزە سیاسییەكانی عێراق ساز كرد و لە دوایین وێستگەی رۆژی
یەكەمی سەردانەكەی ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەم لەگەڵ نووری مالیكی سەرۆكی
هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا و ژمارەیەك لە سەرانی هاوپەیمانیەتییەكە و حزبی
دەعوەی عێراقی كۆ بووەوە.
لەو كۆبوونەوەیەدا سەردانەكەی سەرۆك بارزانی بۆ شاری بەغدا و
كۆبوونەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان بە گرنگ و بایەخدار وەسف كرا. دووپاتیش
لە كاركردن بۆ نزیكبوونەوەی هەولێر و بەغدا و كاری پێكەوەیی و سوودوەرگرتن
لە فرەلایەنیی سیاسی و بنەماكانی دیموكراسی كرایەوە بۆ بەرەوپێشبردنی
پرۆسەی سیاسی لە عێراق.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا هەردوولا دووپاتیان لە هاوئاهەنگی و پێوەندیی
بەردەوام بە مەبەستی پێشخستنی پرۆسەی سیاسی و چارەسەركردنی كێشەكان و
پاڵپشتیكردنی حكوومەتی تازەی عێراق كردەوە.
شایەنی باسە لەو سەردانەدا مەسروور بارزانی راوێژكاری ئەنجوومەنی
ئاسایشی هەرێمی كوردستان و ئازاد بەرواری ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی
دیموكراتی كوردستان و سەرۆكی فڕاكسیۆنی پارتی لە بەغدا و ژمارەیەك وەزیر و
بەرپرس و راوێژكارانی پارتی هاوەڵی سەرۆك بارزانی بوون.









