هۆشەنگ باوانی
ڕەنگە تۆزێک بۆ ئێمەمانان قوڕس بێت بتوانین لەڕووی لۆجیکی سیاسیەوە پەیوەندیێکی ماتڕیالی لەنێوان قۆناغی دووەمی سەپاندنی سزا ئابوورییەکانی تڕامپ بۆسەرئێران و ڕاگەیاندنەکەی ٦ی ئەم مانگەی کۆنسولخانەی ئەمریکا لە ئەنقەڕە دروست بکەین کەوا گەنجینەی ئەمریکا ١٢دوانزە ملیۆن دۆلاری وەکو خەڵات وبەخشین تەرخانکردووە بەرامبەردەست نیشانی کردنی شوێنی سێ لە ناسراوترین سەرکردە لە ڕیزەکانی پەکەکەدا. بەڵام ئەگەر چاودێرانە چەند هەنگاوێک بگەڕێینەوە دواوە ولە ڕووداو و هەواڵ و گۆڕانکاری و دیدارە ئاست باڵاکانی چەند مانگێک بەرلە ئێستا ووردبینەوە بەتایبەت لووتکەی سنغافۆرە و هلسنکی ولەم دوایەش یادی سەدساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی جیهانی یەکەم لە پاریس کە خودی ئەردوگانیش بەشداربووە , دەکرێ چەند کەناڵ و کەلێنێکی پێکەوەبەستنی بەشێکی سزاکان بەو خەڵاتەی ئەمریکاوە بەدەست بهێنین.
بەڕاستی ئەمریکا تەواو بێ تاقەت بووە لەوەی کە قەناعەت بە تورکیا بکات (پەیەدە) لە سوریا و (پەکەکە) لە تورکیا دوو ڕێکخڕاوی وێکنەچوو و لەیەک جیاوازن. لەلایەکی ترەوە جۆری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لەناو خاکی سوریا بەتایبەت ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی دەستهەڵاتی کوردی زۆر جیاوازن لە جۆری بەرژەوەندییەکانی لە هەریەک لە عیڕاق و هەرێمەکەی کوردی و تورکیا و یەمەن و سعودیە وهەندێ لە ووڵاتانی کەنداو. بۆیە دەڵێن (کیسنجر) لە ختوخۆڕا نەی ووتوە کەهەرگیز لەبەرژەوەندی ئەمریکا دا نیە هیچ کێشەیەک لە دونیا چارەسەرببێت, بەڵکو پێوویستە ئەمریکا سەرەداوی هەموو کێشەکانی بەدەستەوەبێت و بەپێی بەرژەوەندییەکانی ئەو سەرەداوانە بجولێنێت. ئەردۆگان هەردوا بەدوای سیناریۆی بەناو کۆدێتا سەربازییەکەی 2016, گەورەترین شاڵاوی ڕەشبگیری لە ووڵات ئەنجامدا کە بەشێوەکی تایبەت ڕۆژنامەنووس وخاوەن ڕەگەزنامە بیانییەکانیشی گرتەوە , لەوانەش قەشە (بڕانسۆن) ی سەربە کەنیسەی ئینجیلی , ئەو کەنیسەیەی کە بە گەورەترین سپۆنسەر و پشتەوانی دیموکراتەکان دەناسرێت ولەهەمان کاتدا بە کاریگەرترین دامەزراوەی مەدەنی دەناسرێت لەڕووی داڕشتنی ئەلفوبێی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا. من لەسەرەتادا جۆرێک لە ووێکچوون و شوبهاندنێکی دووبارەبوونەوەی مێژووم لە نێوان ڕووداوی دەستگیرکردنی قەشە (بڕانسۆن) و بەسەرهاتی دەستگیرکردنی (بازۆفت) ی ڕۆژنامەنووس لە عیڕاق دەکرد. چونکە چەند هەفتەیەک دوای لەسێدارەدانی (بازۆفت) سەدام حوسێن کوێتی داگیرکرد. ئەردوگانیش هەماهەنگ لەگەڵ سەرهەڵدانی داعش وکۆدێتا و زیندانکردنی بڕانسۆن , لەشکرکێشیێکی یەکجار زەبەلاحی بۆ ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا و رووبەرێکی زۆری خاکی سوریای داگیرکردوو و تائێستاش مۆلگەکاری تێدا کردووە.
بەڵام سەرەڕای جیاوازی سەردەمەکان ودۆخ وحاڵەتی ئێستای سوریا , ئیتر بەئازادکردنی بڕانسۆن بۆچوونەکەمان بەهەڵە دەرچوو, بەرحاڵ پێموایە ئەردۆگانیش دووچاری هەمان نەخۆشییەکەی کوردان هاتوە کەئەویش (ئیستکماتیزم) ه سەبارەت بە تێکەڵکردنی ڕەنگەکانی سیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا وناڕوونی لە دەستنیشانکردنی چوارچیوەی دۆستایەتیەکەیان و تەماوی بوونی ئایندەی ئەو پەیوەندییە، بەتایبەت بۆکوردەکان دوای پڕۆسەی ریفڕاندۆم و داگیرکردنی کەرکوک لە 16ی ئۆکتۆبەر و بۆ ئەردوگانیش دوای هاتنی تڕامپ و پشتگیریکردنی کوردانی ڕۆژئاوا و پەیەدە و هەسەدە، تورکیا زۆرباش ئاگادارە کە ئەمریکا و تاڵیبان ماوەیەکە لە گفتۆگۆدان و گووشاریش هەیە حووسییەکان و یەمەنییەکان دانووستاندن بکەن دوای کوشتنی خاشقچیش ئەمریکا هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی هاوپەیمانییەکەی عەرەبی بەسەرۆکایەتی سعودیە دەدات.
باشترین بەڵگەش گۆڕینی باڵیۆزی ئێستای خۆی لە عیڕاق بە کۆنە باڵوێزەکەی خۆی لەیەمەن . لەلایەکی ترەوە , تورکیا لەو ڕاستیە تاڵەش ئاگادارە کە هەم کۆشکی سپی و هەم کرێملن هاوڕا و کۆکن لەسەر ئەوەی کە دەبێت پێکهاتە کوردییەکانی ڕۆژئاوا (بەتایبەت هەسەدە) لە پڕۆسەی سیاسی سوریا بەشداریێکی کاریگەرانەیان هەبێت. بێگومان ئەمەش نیگەرانیێکە لە چوارچێوەی ئەو نیگەرانیانەی کە تورکیا لە ئەمریکا و ڕۆژئاوای هەیە. کەچی واشنتۆن بەردەوام لە هەوڵ وتەقەلادان بۆئەوەی دەستهەڵاتی خۆسەریا کوردی لە ژێر هەیمەنەت وشکۆداری ئاپۆچییەت و پەکەکەدا دەربهێنێت و لەیەکتریان داببڕێنێت. هەربۆیەش لەم مانگەدا ئەمریکا و بەریتانیا وفەڕەنسا سەردانی چڕوپڕو بەردەوام بۆ ئەو هەرێمە کوردستانیە دەکەن و جگەلەمەش بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لەڕووی هێز وڕاوێژکاری سەربازیەوە خەریکی خۆقایمکردنی زیاترن، هەربۆ هەمان مەبەستیش 12دوانزە ملیۆن دۆلارەکەی گەنجینەی ئەمریکا بۆ شوێنهەڵگرتنی سێ سەرکردەکەی پەکەکە دەکەوێتە خودی چوارگۆشەی ئەو لێکدابڕانە. هەرچەندە لەڕووی لۆجیکی سیاسی و قودرەتمەندی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی ئەم جۆرە پڕۆسە هەواڵگریانە دەکەوێتە قاڵبی گومان وگاڵتەپێکردن. بەڵام دەکرێ ئەم جۆرە بڕیارەش بخرێتە چوارچێوەی قۆناغی دووەمی سزاکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئیران , چونکە ئەمریکا پەکەکە بەسەرچاوەی دابینکردنی جۆرێک لەداهات بۆ ئێران دەزانێت و پێچەوانەکەشی ڕاستە . بۆزانین هەریەک لەم سێ سەرکردەیە خاوەنی خسلەتێکی تایبەتە و لەبوارێکدا ساحێبی تایبەتمەندیێکە , بۆنمونە قەرەیلان , ئاپۆچیێکی تاسەر ئیسقان نەتەوەیی یە.
جمیل بایک، ئاپۆچیێکی عەلەوی چەپڕەوی کۆسمۆپۆلێتی یە، دوران کالکان، مەزنترین هزری ئابووری و سەرمایەگوزاریی و وەبەرهێنەر و بانکی سامان و سەروەت و پارەی پەکەکە یە. ڕەنگە ئەم پۆڵینکردنەی نێوانیان هۆکارێک بێت بۆ جیاوازی لە نرخی خەلاتەکانیانن. پەکەکە ئەو رێکخراوە سیاسیە کوردیە سەرتاسەرییەی کە لە هەرچوارپارچەکانی کوردستان لەژێرناوی جیاجیا خەبات و هەبوونی هەیە , لەلایەن ووڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمریکا ویەکێتی ئەوروپا وئوستڕالیا و ئیران و تورکیا و هەندێ لە ووڵاتانی عەرەبی لە لیستی تیڕۆر تۆمارکراوە , بێگومان بەرژەوەندییە ئابووری وسیاسیەکانیان لەگەل تورکیا کاریگەری خۆی هەبووە لەسەر ئەم بڕیارە. ڕاستیێکی تری حاشاهەڵنەگر هەیە کە تورکیایی زیاتر سەخڵەت کردووە , ئەویش گوایە ئەمریکا سەڕەڕای ڕاگەیاندنی قۆناغی دووەمی سزاکانی ودژوارترکردنی گووشارەکانی بەسەر ئێران , کەچی هەرگیز مەرەمی سەرەکی ڕووخاندنی ڕژێمەکە نیە , بەڵکو داوادەکات ئێران ڕەفتارەکانی بگۆرێت. بۆ ئەم مەبەستە گریمانێکی یەکجارسادە لەئارادایە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە, ئەویش ئەوەیە ئەگەر ڕوسیا بە فیتی ئەمریکا بتوانێت قەناعەت بە ئێرانی ئابلوقەدراو بکات لەگۆڕەپانی ململانێی سوریا دا دووربکەوێتەوە , ئەوە دەبێتە ئەگەری کرانەوەی یەکەمین دەروازەی ئارامبوونی دۆخەکان . هەق وایە سەرکردایەتی کورد حیسابێکی ئایندەیی بۆ ئەو گریمانە بکات.









