خهبات: ناسح علی خەیات
سلێمانی لە 14ی تشرینی دووەمی ساڵی 1784 لەسەر دەستی ئیبراهیم پاشای بابان دامەزراوە و میرنشینی بابانی لە قەڵاچوالانەوە بۆ سلێمانی گواستووەتەوە. ئیبراهیم پاشای بابان شارەكەی بە ناوی باوكییەوە، سلێمان پاشا، ناوناوە. سلێمانی جگەلەوەی دەبێتە پایتەختی میرنشینی بابان، لەهەمان كاتدا دەبێتە شارێكی بازرگانی و ڕۆشنبیری ناوچەكە. زاراوەی سۆرانی لە ناوچەكەدا پەرە دەستێنێ و دەبێتە زمانی خوێندن و نووسین. پاش ڕووخانی میرنشینی بابان لەساڵی 1851 و لەناوچوونی دەوڵەتی عوسمانی لە جەنگی جیهانی یەكەم، شاری سلێمانی دەخرێتە سەر كۆماری عێراقی ئەمڕۆ. لە ساڵی 1922-1924 شاری سلێمانی پایتەختی دەوڵەتەكەی مەلیك مەحموود بووە.
شاری سلێمانی جگە لەوەی لانكەی ڕۆشنبیر و تێكۆشەران بووە، مەڵبەندی هەڵگیرسانی چەندان شۆڕش و ڕاپەڕینیش بووە لە مێژووی كوردستاندا. ئەوكات سلێمانی لە شەش گەڕەكی سەرەكی پێكهاتووە ئەوانیش كانی ئاسكان، گۆیژە، مەڵكەندی، سەرشەقام، چوارباخ، دەرگەزێن گەڕەكی جوولەكانی جارانیش كە ئێستا خراوەتە سەر گەڕەكی سەرشەقام. بەر لەوەی بنەماڵەی بابانییەكان بیر لە دروستكردنی شاری سلێمانی بكەنەوە، ئیمارەتەكەیان لە ناوچەی قەڵاچوالان بوو، لەگەڵ بەرفراوان بوونی ئیمارەتەكە، جموجۆڵی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنانی شارستانی لە ناوچەكەدا دەستی پێكرد، لە سەردەمی فەرمانڕەوایی باباندا ململانێ و توندوتیژیی لە نێوان فارسەكان و عوسمانییەكاندا هەبوو، شوێنی جوگرافیای قەڵاچوالانیش لەبەر نزیكی لە سنووری ئێرانەوە، شوێنێك بوو ببووە مەترسی شەڕ و پێكدادانی نێوان لەشكری فارس و عوسمانییەكان، بۆیە هەریەكە لە نادر شا و سوڵتان مەحمودی یەكەم لە هەوڵی ئەوەدا بوون ئیمارەتی بابان بە لای خۆیاندا رابكێشن، كێشمەكێشی ناوخۆییش لە نێو بنەماڵەی بابانییەكان و ئیمارەتە كوردییەكاندا بۆ كورسی و دەسەڵات ئەوەندەی دیكە مەترسی لەسەر ناوچەكە دروست كردبوو، ئەمەش وایكرد مەحمود پاشای بابان ساڵی 1781ی زاینی بیری لەوەكردەوە ناوەندی بەڕێوەبردنی سیاسی لە قەڵاچوالانەوە بگوێزێتەوە بۆ شوێنێكی تر، بۆیە سەرای حكومەتی لە نزیك گوندی مەڵكەندی دروستكرد، دواتر ئیبراهیم پاشای بابان لە ساڵی 1783دا فەرمانڕەوایی ئیمارەتەكەی گرتە ئەستۆ و دەستیكرد بە دروستكردنی شاری سلێمانی تا لە ساڵی 1784دا دروستكردنی شاری سلێمانی كۆتایی هات، لە هەمان ساڵدا بابانییەكان پایتەختی ئیمارەتەكەیان گواستەوە سلێمانی.











