خەبات:
عامر فەرحان:- پاراستنی بەرهەمە ڕەسەنەکان لە هەڵەبجە، هەورامان و شارەزووردا هەمیشە جێگەی بایەخی تایبەتیی خەڵک و پسپۆڕانی ناوچەکە بووە. لە پارێزگای هەڵەبجە، نموونەی کارگە خۆماڵییەکان و خاوەنکارە دەستڕەنگینەکان هۆکاری سەرەکین بۆ بەرەوپێشچوونی ئابووری و کەرتی کشتوکاڵ. چۆمان ئەنوەر، خاوەنی کارگەی شەربەتی هەناری عەبابەیلێ، لە لێدوانێکدا تایبەت بە (خەبات)ی ڕاگەیاند: کارگەکەمان ساڵانە لە سەرەتای مانگی تشرینی یەکەم (مانگی ١٠) دەست بە وەرگرتنی هەنار دەکات، مێژووی کارکردنی ئەم کارگەیە بۆ نزیکەی ١٠ ساڵ بەرلە ئێستا دەگەڕێتەوە. چۆمان ئەنوەر سەبارەت بە توانای ڕۆژانەی کارگەکەی ئەوەی بۆ (خەبات) خستە ڕوو: لە ئێستادا توانای کارکردنمان دەگاتە نزیکەی ٣٠ تۆن لە ڕۆژێکدا، بە گشتی لە ناوچەکەدا کارگەکان توانای جیاوازیان هەیە و هەندێکیان تاوەکو ٣٥ تۆن لە ڕۆژێکدا دەکەن بە شەربەتی هەنار. گەشەپێدانی سەرچاوە ناوخۆییەکانی وەک هەنار و بەگەڕخستنی کارگەی تایبەتمەند، نەک تەنیا هەلی کاری ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ بۆ سەدان گەنجی هەڵەبجە و شارەزوور دەڕەخسێنێت، بەڵکو هەنگاوێکی کردارەکییە بەرەو خۆبژێوی و پشتبەستن بە توانای نیشتمانی لە سێکتەری خۆراکدا.